راپەری بەریتانی (میا) تی شێرتێکی دەستکاریکراوی (پاریس سان جێرمان) لە ڤیدیۆیەکی رێکلامی بەناوی (سنوور Borders) لەبەر دەکات.

ئەو راپەرە، کە هەمیشە بە هەڵسوکەوتە وروژێنەرەکانی ناسراوە، لایەنگرانی پاریس سان جێرمانی بەو کلیپە توڕەکرد کە تی شێرتێکی دەستکاریکراوی یانەکەی لەبەر کردبوو.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

کلیپی ئەو راپەرە بەریتانییە بە ڕەچەڵەک سریلانکییە تەرکیز دەکاتە سەر قەیرانی پەنابەرانی جیهان و بە هاوکاری خەڵکێکی زۆر ئەو کلیپە وێنەگیراوە کە هەوڵەکانی پەنابەران نیشان دەدات بۆ پەڕینەوە لە دەریا و بە زەویدا بە مەبەستی دۆزینەوەی سەلامەتی.

لە بەشی کۆتایی ڤیدیۆکەدا، میا دەردەکەوێت بە تی شێرتێکی پاریس سان جێرمانەوە کە پیتی (EM)ـی وشەی (Emirates)ـی سپۆنسەری یانەکە گۆڕیوە بۆ (P) کە وشەکە دەگۆڕێت بۆ (Pirates)، ئەوەش بە مانای چەتەی دەریا دێت.

جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری یانەکە ئەم کارەی بە سنگفراوانییەوە وەر نەگرت و هەڕەشەیەکی یاسایی نارد بۆ کۆمپانیای (یونیڤێرسال میوزیک دیستریبیشن) و داوای کشانەوەی ڤیدیۆکە و قەرەبووکردنەوەی کرد. لای خۆیەوە، میا پێناچێت گوێ بدات بەو قسانە و لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر پۆستێکی بڵاوکردەوە کەوا نووسیویەتی: “من و وەرزش، پەیوەندی خۆشەویستی و دوژمنایەتییە”.

ناوی راستەقینەی میا بریتییە لە (ماتانگی ئارولبراگاسام) و راهاتووە بە ئاوارەیی. پاش لەدایکبوونی ئەو لە لەندەن بە خێزانەوە روویان کردە شاری (جافنا) لە سریلانکا و تا تەمەنی ١٠ ساڵان لەوێ ژیاوە،. لەوێش زۆربەی کاتەکانیان بە خۆشاردنەوە لە سوپای سریلانکا لە کاتی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا بەسەربردووە لەبەر ئەوەی باوکی ئەندامی گروپی چەکداری گەریلایی (تامیل) بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٨٦ گەڕایەوە لەندەن و خێزانەکەیان وەکو پەنابەر قبوڵکران.