محمد رەحیم – یەڵلا / بەغدا

هێنانەوەی پارەی دزراو دۆسییەیەکی گرنگە کە جارێکی دیکە دەگەڕیتەوە بۆ رووداوە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق، بەڵام سەرباری پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لە لایەن حکومەتەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا،بە پێی زانیارییەکان هیچ بڕێک نەگەڕێندراوەتەوە.

پارەی دزراو دەکرێت بە دوو بەشەوە: یەکەمیان قۆناغی پێش ٢٠٠٣ کە پەیوەستە بە فەرمانگەی هاوپێچی دارایی و ئابووری لە دەستەی دادپەروەری و لێپرسراوەتی و بە ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەشی دووەمیش ئەو پارانە دەگرێتەوە کە لە رێی گەندەڵی و کاری نایاساییەوە لە دوای ٢٠٠٣ بەدەست هێندراوە، کە بۆ گەڕاندنەوەی پێویستی بە بڕیاری دادگا هەیە لەگەڵ رێککەوتنی نێودەوڵەتی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دیکە، بڕی ئەم بەشەش بە ٢٠٠ ملیار دۆلار دادەنرێت.

نورا البجاری، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمان، ئاشکرای کرد کە ئەنجوومەنی وەزیران پتر لە لیژنەیەکی دروست کردووە بۆ بەدواداچوونی بردنە دەرەوەی پارە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و وتیشی: “بانکی ناوەندی بەر لە ماوەیەک رایگەیاند کە لە بانکەکانی دەرەوە پارەی رژێمی پێشوو هەیە کە بڕەکەی ٨ ملیار دۆلارە، بەڵام گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارانە تا ئێستا بە نەزاندراوی ماونەتەوە.”

ئەو بە یەڵڵای وت: “ئەوانەی ئەم پارەنەیان بردووە خاوەنی رەگەزنامەی دیکەن و یاسای عێراقی ناتوانێت ئەم پارانە بگەڕێنێتەوە لەبەر ئەوەی وڵاتەکانیان بەرگرییان لێ دەکەن.”

عێراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە، هەربۆیە ئەم دادگایە هیچ بڕیارێک لەبارەی گەڕاندەوەی ئەم پارانەوە نادات.

 تەلال زوبەیعی، سەرۆکی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق، بە یەڵڵای وت: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات لە گەیشتن بە گەندەڵە گەورەکان و لێپرسینەوە لەگەڵیان.” روونیشی کردەوە کە “لیژنەکەمان سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی پارە براوەکان بۆ عێراق و پلانێکی تۆکمە و فراوانی هەیە.”

بە گوێرەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، ئەو پارەیەی براوەتە دەرەوە، زۆربەیان لە رێی گرێبەستی چەک، ئاشکراکردنی دراو و سپیکردنەوەی پارە، براون. مەسعود رۆستەم بە یەڵڵای وت: “قەبارەی ئەو پارەیەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا براوەتە دەرەوەی وڵات بە گوێرەی لێکدانەوەکانی لیژنەکەمان خۆی دەدات لە ٢٠٠ ملیار دۆلار.”

هەروەها عزەت تۆفیق، جێگری سەرۆکی دەستەی نەزاهە، بە یەڵڵای وت: “کێشەی گەورە نەبوونی زانیاری و هەماهەنگی لاوازە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئێستا ٣٧ دۆسییە لە لای دەستەی نەزاهەیە لەسەر بوونی پارەی دزراو لە هەندێک وڵات کەوا هاوکاری عێراق ناکەن لە گەڕاندنەوەی پارەکەیدا.”

لە لای خۆیەوە، دادوەر هەنا عەلی فەیاد ئەندامی داواکاری گشتی رایگەیاند کە “داواکاری گشتی بەدواداچوون دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پارە براوەکە.”

هەروەها عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی وتی: “لە چەند ساڵی رابردوو بانکی ناوەندی بایەخی زۆری بەم مەسەلەیە نەداوە لەبەر ئەوەی هیچ بەربەستێک نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی پارە لە دوای ناردنە دەرەوەی لە عێراق.”

هەنا عەلی فایز باسی لەوەکرد کە دەبێت کار بکرێت بۆ دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارەکان و ئەو کەسانەی بە گەندەڵییەوە تێوەگڵاون و ناردنی ئەو بڕیارانەی دادگا بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدان.”