ئایا پاسەوانى نیشتمانى عێراق لە دابەشبوون دەپارێزێت؟

0

سەلام زێدان – یەڵلا / بەغدا

 پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتیمانی (گاردی نیشتیمانی) پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە لە لەلان کوتلە سیاسییەکانەوە بەهۆی ئەو ناکۆکییە گەورەیەی کەوتووەتە نێوان کوتلەی (هاوپەیمانی نیشتیمانی) و کوتلەی (یەکێتی هێزەکان(.

 شێخ هومام حەمودی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا جەختی لەوەکردەوە کەوا پرۆژە یاسای (گاردی نیشتیمانیی) کە لە پێشەکی کارەکانی پەرلەمانی عێراقدایە، بە هاوکاری لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی دەزگای یاسادانان دەنگی لەسەر نادرێت هەتا لەگەڵ قەبارەی سەرکەوتنەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی مافەکانیان یەک نەگرێتەوە.

 پرۆژە یاسای (گاردی نیشتیمانی) بە بناغەیەکی گرنگی پەیماننامەی رێککەوتنی سیاسی دادەنرێت کە یەکێتی هێزەکان پێشکەشی کرد بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی کە ئەویش یاسای لێبووردنی گشتی و بەدەستهێنانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و هاوسەنگی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی لەخۆگرتووە.

 ماجد غەراوی، ئەندامی لێژەی ئاسایش و بەرگری لە هاوپەیمانی نیشتیمانی، بە ێەڵلا-ی راگەیاند: “پرۆژە یاسای (گاردی نیشتیمانی) پشتگوێ خراوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی دەووروپشتی لەبەر ئەوەی رێگادەدات بە دروستکردنی سوپای بچووک کە ئەویش مەسەلەی مەزهەبی قوڵدەکاتەوە و ئەو یەکێتییە نیشتیمانییە هەڵدەوەشنێتەوە کە لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین و ئەنبار لە جەنگی دژ بە داعش بەدەستهاتووە. گوتیشی ” لە ئێستادا پەرلەمان ناتوانێت دەنگ لەسەر ئەم یاسایە بدات بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابوورییەوە کە رێگرە لەبەردەمی چونکە ئەم پرۆژەیە پێویستی بە دامەزراندنی خەڵک و سەربازگا و راهێنان و پڕچەککردن هەیە کە ئەوانەش زۆر لەسەر دەوڵەت دەوەستێت.”

 لای خۆیەوە، مەتشەر سامەرائی، ئەندامی یەکێتی هێزەکانی عێراق، بە یەڵلا-ی گوت: “پرۆژە یاسای (گاردی نیشتیمانیی) یەکێکە لە بڕگەکانی پەیماننامەی رێککەوتنی سیاسی کەوا یەکێتی هێزەکان پێشکەشی کردووە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتەکەی ئێستا و لەگەڵ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی لەسەری رێککەوتووین. ئەو رێککەتنەی کەلەسەر پرۆژە یاساکە هەبوو ئەوەیە کە لە هەر هەزار کەسێکی پارێزگایەک پێنج کەسیان دەبێت بەشداربن لە سوپای نیشتیمانی و دواتر ناوچە سوننییەکان لە دەستی داعش رزگار بکەن.”

 ماددەی دووەمی پرۆژە یاساکە دەڵێت: “دامەزراندنی گاردی نیشتیمانیی  بەشێک دەبێت لە هێزە چەکدارەکانی پارێزگایەک و لە رۆڵەکان و راهێنان و رێکخستیان، تاوەکو بە توانا بن لە پاراستنی ئاسایش و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی تیرۆر، هەروەها لەیەکدانی هەموو ئەو چەکدار و گروپە چەکدارانەی کە بە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست نین و کەوا شەڕی تیرۆر دەکەن، لە ژێر یەک چوارچێوەی یاسایی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆبکرێنەوە. هەروەها بابەتی خزمەتکردن لە سوپای نیشتیمانی دەکرێتە هەمیشەیی و یەدەگ و رێکخستنی هێزی پاسەوانی نیشتیمانی لەسەر ئاستی لیوای پیادەی سووک دادەمەزرێت بە هەمان رێکخستن و چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، و بە شێوەیەکی گشتی چەکیان لە هی پۆلیس قورستر دەبێت و سوکتر دەبێت لە چەکی سوپا ئەوەش بە گوێرەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەیان.”

 لەو پرۆژە یاسایەدا هاتووە کە ئەو خۆبەخشانەی لە ٣٥ ساڵ زیاتر نین بگۆڕدرێن بۆ خزمەتی بەردەوام و ئەو خۆبەخشانەی لە ٤٥ ساڵ زیاتر نین بخرێنە خزمەتی یەدەگەوە، جگە لە تەمەنی پۆلیس و خوێندن کە جەنگی تیرۆریان کردووە لە تاکەکانی نێو (حەشدی شەعبی) و عەشایەرەکان.

 یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان هاوپەیمانی نیشتیمانی و یەکێتی هێزەکانی عێراق ئەوەیە کێ بەرپرسی یەکەمی پاسەوانی نیشتیمانییە. ماجد غەراوی لە هاوپەیمانی نیشتیمانی دەڵێت: “هەندێک دەیانەوێت هەمان ئەو پشتیوانییە داراییە بۆ هێزە چەکدارەکان تەرخان بکرێن بەڵام خاڵی ناکۆکی دیکە هەیە لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسی یەکەمی پاسەوانی نیشتیمانی دەبێت، ئایا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبێت یان پارێزگار. ئاماژەی بەوەشکرد “هەندێک جەخت دەکەنەوە لەسەر پێکەوە گرێدانی ئەم هێزە بە پارێزگارەوە، بەوەش بۆ هەر پارێزگایەک سوپایەک دروست دەبێت و هەر کاتێک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بیەوێت هێزەکان بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوازێتەوە ئەوا دەبێت رەزامەندی حکوومەتی خۆجێی وەربگرێت.”

هەروەها گوتیشی: “هەندێک دەیانەوێت پرۆژە یاسای سەربازی ناچاری دەربکەن لە بری یاسای پاسەوانی نیشتیمانی لەبەر ئەوەی ئەوە دڵسۆزی بۆ نیشتیمان و دامەزراوە ئەمنییەکان پتەو دەکات بەڵام ئەوەش ترسی کۆچ و یاخیبوونی گەنجانی لێ دەکەوێتەوە.”

 بەڵام مەتشەر سامەرائی، ئەندامەکەی یەکێتی هێزەکان، دەڵێت: “سوننەکان داوایانکردووە گاردی نیشتیمانیی بە پارێزگارەوە ببەسترێتەوە و بە گوێرەی یاسای ٢١ بەرپرسی یەکەمی ئەمنی لە پارێزگادا پارێزگارە و دوای ناکۆکییەکی توند لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی توانیمان رێکبکەوین کە ببەسترێتەوە بە سەرۆک وەزیرانەوە بەڵام بەرپرسی گاردی نیشتیمانیی لە هەر پارێزگایەکدا لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەڵدەبژێردرێت. زۆر لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هاواریان لێ هەستاوە و هەڕەشەیان کردووە لە گرنگی تێنەپەڕاندنی پرۆژە یاسای گاردی نیشتیمانیی.”

 هەروەها جەختی کردەوە کەوا هاوپەیمانی نیشتیمانی نایەوێت پرۆژە یاسای گاردی نیشتیمانیی دەربچێت و تاوانەکانی ئەم دواییەی لە میقدادیە و هەندێک ناوچە روویاندا بەهۆی تێنەپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایەوە بوو کەوا ئامانجی سەرەکی پاراستنی ناوچەکانە لە لایەن خەڵکەکەیەوە”. گوتیشی “بەشداری نەبوونی سوننە لە دۆسییەی ئاسایشدا هەڕەشەی داعش لەسەر بەغدا توندتر دەکاتەوە بەهۆی سیاسەتی پشتگوێخستن و کەنارگیر کردن.”

 حکوومەتی عێراقی بەرپرسیارێتی دواکەوتنی پرۆژە یاساکە ناگرێتە ئەستۆی خۆی. سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بە یەڵلا-ی گوت:” پرۆژە یاساکە لە لایەن حکوومەتەوە تێپەڕێندرا بە ئامادەبوونی سەرجەم نوێنەرانی کوتلە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا و نێردرا بۆ پەرلەمان کە وا پێدەچێت لەوێ کێشەیان لەسەری هەبێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد “پرۆژە یاسای گاردی نیشتیمانیی هەڵدەستێت بە رێکخستنی کاری خۆبەخشی چەکدارانی دژ بە داعش و بە دامەزراوەی سەربازییەوە دەیبەستێتەوە کە لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتدایە” .

هەروەها گوتیشی ” رێککەوتن هەیە لەسەر خاڵە گشتی و سەرەکییەکانی پرۆژە یاساکە لە نێوان کوتلە سیاسییەکانی حکوومەت.” حەشدی شەعبی دەبێتە بەشێکی سەرەکی پاسەوانی نیشتیمانی لە پارێزگا شیعەنشینەکان کە ئەمرۆ ١١٠ هەزار پێگەیان لە بودجەی ٢٠١٦ بۆ تەرخان کراوە بە بڕی تریلیۆنێک و ١٥٢ ملیار دینار و ٤٩٤ ملیار دیناریش بۆ پڕ چەک کردنیان دانراوە.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Comment moderation is enabled. Your comment may take some time to appear.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!