بارزانی چاوی بە عەبادی دەکەوێت: مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە

0

شاڵاو محەمەد  – یەڵڵا / بەغدا

ناکۆکی‌ نێوان لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و حکومەتى ناوەند لەسەر پرسی‌ بودجە و سەربەخۆ فڕۆشتنى نەوتى هەرێم، دەرگای‌ لەسەر دەستپێشخەری‌ پێشخەری‌ سێ سەرۆکایەتى عێراق کردەوە کە جارێکى دیکە هەرێم بانگهێشتى کۆبونەوەکان بکەنەوە.

بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی ناوەند و هەرێم نیگەران بوون لە ئاڵوزی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بە تایبەت لە نێوان سەرۆکی هەردوو ئەنجومەنى وەزیران (حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی). ئەمەش  ترس ‌و نائارامی‌ خستە‌ دڵی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقەوە ، بەڵام بە چوونی وەفدێکی هەرێم بۆ بەغداد پەیوەندییەکان ئاسایی‌ ببێتەوە .

وەفدەکەى هەرێم بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆک حکومەتى هەرێم بریارە بەیانی سەردانى بەغداد بکەن و لەگەڵ حەیدەر عەبادى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران کۆببێنەوە.

لە28 ى کانونى دووەمى ئەمساڵدا لە کۆشکى ئاشتى بەغداد سێ سەرۆکایەتیەکى عێراق (سەرۆک کۆمار ، سەرۆکى پەرلەمان ، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران )  لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوە و داوایانکرد ناوەند و هەرێم بگەڕێنەوە سەر مێزی‌ گفتوگۆ .

سەعد حەدیسی ووتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یەڵلا-ی راگەیاند ” لە کۆبونەوەکە پێشنیاری ئەوەکراوە حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بکات تاکو تەواوی کوتلە و هێزە سیاسییەکاني عێراق و هەرێم ئامادەسازیی بکەن بۆ پرچەک کردنی هێزە ئەمنیەکان تاکو بەرەنگارى داعش ببنەوە و ناوچەکانى  باشوری کەرکوک و پارێزگای موسڵ ڕزگار بکەن”.

سەعد حەدیسى ووتیشی ” بڕیاری هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت ناکۆکیەکانی قوڵکردەوە ئەمەش وایکردوە ڕێکەوتنامەی نێوان هەردولا لەسەر پرسی بودجە جێبەجێ نەکرێت کە ئەمەش باسێکی دیکە بوو کە بڕیاردرا هەنگاوێک بۆ ئاڕاستەى چارەسەر دابنرێت”.

لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نەوت بە سەربەخۆ هەناردە بکات و بیفڕۆشێت، ئەمەش دوای بێئومێدبوونی هەرێم هات لە ناردنی بەشە بودجەکەى لەلایەن بەغداوە، چونکە پێشووتر بەپێی‌ رێککەوتنی‌ نێوانیان دەبوایە ڕۆژانە هەرێم بەنەوتی کەرکوکە‌وە ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت، تاکو بەغداش پشکی ١٧٪ى بودجەی هەرێم رادەستبکات بەڵام بەپێی‌ پرۆژە یاسای‌ بودجەی‌ گشتی‌ ساڵی‌ ٢٠١٦، بۆ ناردنی بودجەی هەرێم حکومەتی عێراق چەند مەرجێکی دانا بەڵام هەرێم ئامادەنەبوو بچێتە ژێر ڕکێفی ئەو مەرجانەوە‌، بەو هۆیەوە ڕێکەوتنەکە سەرکەوتوو نەبوو، لەو کاتەوە‌  کەم سیاسی هەبوو پێشبینی‌ بکات جارێکی دیکە وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغداد بکات.

خالید شوانى ووتەبێژى سەرۆک کۆمارى عێراق بە یەڵلا-ی راگەیاند: “ئامانجى سەرەکى هێزە سیاسیەکانى عێراق کە پێکهێنەرى حکومەتى ناوەند و هەرێم بەرەنگاربونەوەى تیرۆرە چونکە ئاسایشى ناوچەکە لەسەرووى هەموو بەرژوەندیەکەوەیە لەبەرئەوە گەڕانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ باشترین چارەسەرە کە لە ئێستادا ئامادەکارى بۆ دەکرێت “.

بەپێى زانیارییەکانى یەڵڵا ئەوە تەنها دەستپێشخەری‌ سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق نەبوو بۆ کۆتایی‌ هێنان بەناکۆکی سیاسی‌ لایەنەکانی‌ هەرێم‌ و بەغداد بەڵکو حکومەتى هەرێم‌ هاوشێوەی‌ حکومەتى ناوەند لە هەوڵدابوو کێشەکان چارەسەر بکرێت.

سەفین دزەیى ووتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یەڵڵا ووتى ” تەواوى عێراق و هەرێم ڕووبەڕووى ترسناکترین گروپى چەکدارى بۆتەوە کە داعشە بۆیە ئێمەش کۆبونەوەى بێ مەرج لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بە گرینگ دادەنێن”.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

 Sadiq Muhemed / Metrography

یەکێک لە کۆبوونەوەکانى پێشووى شاندی حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتى ناوەندی

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!