دووایین وتاری ساڵانەی ئۆباما وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

0

باراک ئۆبامای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی سێ شەمەی رابردوو دوايین وتاری ساڵانەی خۆی پێشکەش کرد، تیایدا داوای لە گەلی ئەمریکا کرد کە پێویستە پارێزگاری لە یەکێتی ئەمریکا بکەن و سیاسەتی وڵاتەکەیان چاک بکەن.

لە وتارەکەیدا باسی لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی وەک ئابووری و باری ژیان و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوی ئەمریکا کرد. ئۆباما هۆشداری دەدات بەوەی “ژیانی خەڵک بەرەو نەمان دەچێت گەر تەنها دەنگە توندڕەوەکان رەنگدانەوەیان هەبێت لە کۆمەڵگەدا”، ئەم قسەیەش تانەیەک بوو لە دۆناڵد ترەمپ، گەورە بازرگانی ئەمریکی کە خۆی ئەرکی کەمپینی سەرۆکایەتی خۆی گرتۆتە ئەستۆ. هەرچەندە بە زمانێکی هەڕەشەئامێز چەندین وتار و لێدوانی جیاجیای داوە لە بارەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆچبەران و بە تایبەتی لە دژی موسوڵمانان، کە بە بڕوای ئەو نابێت بهێڵرێت موسوڵمانان چیدیکە بچنە خاکی ئەمریکاوە، بەڵام لە ئێستادا لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کاندیدی کۆماریەکان بۆ بردنەوە.

سەبارەت بە یەکگرتوویی، ئۆباما وەک ٤٤ەمین سەرۆکی ئەمریکا وتی “کاتێک توڕەیی هەڵپە دەکات، دەنگێک دەبێت کە پاڵمان پێوە بنێت بۆ گەڕانەوە بۆ خێڵەکی، چەند هاونیشتیمانییەکمان دەبن بە قۆچی قوربانی کە لە ئێمە ناچن، یاخود وەک ئێمە نوێژ ناکەن، یاخود وەک ئێمە دەنگ نادەن، یاخود رابردوویان وەک ئێمە نییە. ئێمە ناتوانین بەم رێگەیە بەردەوام بین، ئەم رێگەیە یارمەتیدەر نابێت بۆ ئەو ئابوورییەی ئێمە دەمانەوێت یاخود ئەو ئاسایشەی کە دەمانەوێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێچەوانەی ئەو شتانەیە کە وای کردووە هەموو جیهان ئیرەییمان پێ بەرێت.”

هەروەها رەخنە لە پڕۆژە بازرگانییە گەورەکان دەگرێت و سەرمایەداری بەوە تاوانبار دەکات کە بووەتە هۆی بەدبەختی بۆ زۆرێک لە وڵاتەکەدا. “ئەو کەسانەی کە یارمەتی خۆراکییان لە حوکمەتەوە وەردەگرت هۆکاری دروستبوونی قەیرانی دارایی نەبوون؛ کەمتەرخەمی بازاڕی ئەمریکی بوو لە “وۆڵ ستریت”. هۆکاری زیادنەبوونی مووچە کۆچبەران نین، بەڵکو ئەو بڕیارانەن کە لە ژووری کۆبوونەوەکاندا دەدرێن کە گرنگی زیاتر دەدەن بە داهاتە وەرزییەکان لە بری داهاتە درێژخایەنەکان.”

ئۆباما لۆمەی خۆی دەکات کە نەیتوانیوە لە ماوەی سەرۆکایەتییدا پەیوەندی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان چاک بکات و هیواخوازە کە سەرۆکی داهاتوو سەرکەوتوو بێت و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ساڵێکی دیکە دەکات کە ببێتەوە بە هاوڵاتییەکی ئاسایی. “یەکێک لەو کارانەی لێی پەشیمانم ئەوەیە کە لە ماوەی سەرۆکایەتیمدا نەک هەر نەمتوانییوە پەیوەندی نێوان حیزبەکان باشتر بکەم، بەڵکو خراپتر بووە. گومان لەوەدا نیە کە سەرۆکێک بە تواناى لینکۆڵن و رۆزڤێلت دەتوانێت باشتر پرد لەنێوان ناکۆکیەکان دروست بکات و، دڵنیاتان دەکەمەوە بەردەوام دەبم لە هەوڵدان بۆ لەیەک نزیکردنەوەى بۆچونەکان هەتا ماوەی سەرۆکایەتییەکەم تەواو دەبێت.”

هەروەها باوەڕکردن بە پروپاگەندەکانی گروپی تیرۆرستی داعش بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت “وەک پێشتر پێم وتبوون ئەو قسانەی لەسەر پووکانەوەی ئابووری ئەمریکا دەکران تەنها موزایەدەی سیاسی بوون. بە هەمان شێوە ئەو باس و خواسانەی کە گوایە دوژمنەکانمان بەهێزتر دەبن و ئەمریکا بەرەو لاوازی دەڕوات، بە هەمان شێوە پڕوپاگەندەی میدیاکانە.”

بە بەکارهێنانی کورتکراوەی داعش، ئۆباما بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و دەڵێت “کاتێک ئێمە هەوڵی تەواومان خستووەتە گەڕ بۆ لەناوبردنی داعش، هەندێک هەن پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئەمە جەنگی جیهانی سێهەمە و بەمەش سود بە داعش دەگەیەنن. کۆمەڵە چەکدارێک لە پشتی تراکتۆر و پیکابدا و لە گەراج و باڵەخانەکانەوە مەترسییەکی زۆریان بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە، وە دەبێت ئەمە کۆتایی پێبهێنرێت. بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەمانە نابنە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان.”

“ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە داعش دەیەوێت بڵاوی بکاتەوە؛ ئەمە ئەو جۆرە پروپاگەندانەیە کە بەکاری دەهێنن بۆ راکێشانی خەڵکی بۆ ناو گروپەکەیان. پێویست ناکات یارمەتیدەریان بین تا پیشانیان بدەین کە ئێمە جددین، وە پێویستیش ناکات پاڵ بنێین بە هیچ یەکێک لە هاوپەیمانەکانمانەوە کە رۆڵی گرنگ دەبینن لەم شەڕەدا بە هۆی ئەو بانگەشانەی بڵاودەکرێنەوە کە داعش نوێنەری یەکێکە لە هەرە گەورەترین ئایینەکان جیهان. تەنها ئەوەمان لەسەرە وەک خۆیان نیشانیان بدەین – خەڵکانی بکوژ و دەمارگیر کە دەبێت لە رەگ و ریشەوە لە ناوببرێن.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!