راپۆرتێکی UN توندوتیژیەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ دا دەخاتەڕوو

UNAMI / OHCHR کردەوە تیرۆریستیەکانی داعش بە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید ناودەبەن

لە ١٩ ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، راپۆرتێکی هاوبەشی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێڕاق (یونامی) و نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ (OHCHR) ، کاریگەریەکانی جەنگی داعش لەسەر هاوڵاتیان لە ١ ی کانوونی دووەمەوە تا ٣١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بڵاودەکاتەوە.

بە لایەنی کەمەوە، ١٨،٨٠٢ هاوڵاتی سیڤیل لەو ماوەیەدا کوژراون، و ٣٦،٢٤٥ هاوڵاتیش بریندار بوون. لە سەرەتای ٢٠١٥ەوە، ٣.٢ ملیۆن هاوڵاتی، کە نزیکی ١ ملیۆنیان لە تەمەنی خوێندندان، ئاوارەی ناوخۆی شارەکانی عێڕاق بوون.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەروو کە زیاد لە ٣،٥٠٠ کەس لە لایەن ئەم رێکخراوەوە بەند کراون، بە زۆری منداڵ و ژنانی یەزیدی. لە راپۆرتەکەشدا هاتووە کە “داعش بەردەوامە لە توندوتیژیە سێکسیەکانی بەرامبەر ژنان و منداڵان، بە تایبەتی بەکارهێنانیان وەک کاڵایەکی سێکسی.” هەروەها راپۆرتەکە شێوازەکانی ئازاردان و لە سێدارەدان، کە لە لایەن داعشەوە بەکاردێن، دەخاتەڕوو.

“ئەو توندوتیژیانەی کە هاوڵاتیانی عێڕاقی دەیچێژن باوەڕپێنەکراوە. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بەربڵاو توندوتیژی ئەنجام دەدەن و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ دەکەن. ئەم کردەوانە هەندێک جار دەبنە تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید.”

“لە ماوەی راپۆرتەکەدا، داعش بە مەبەست کوشتن و فڕاندنی هاوڵاتیانی سیڤیلی ئەنجام داوە. قوربانیەکان ئەو کەسانەن کە لە دژی ئایدیۆلۆجی و یاساکانی داعشن؛ یاخود ئەو کەسانەی لەگەڵ حکومەت کاردەکەن، وەک ئەوانەی پێشتر لە هێزەکانی ئاسایشی عێڕاق بوون، ئەفسەرانی پۆلیس، بەرپرسانی حکومی و هەڵبژاردنەکان؛ پزیشکان و پارێزەران و رۆژنامەنووسان، و سەرکردەی دینی و خێڵەکان. کەسانێک هەن کوژراون یاخود فڕێندراون بەهۆی ئەوەی زانیاریان داوەتە هێزەکانی ئاسایشی حکومەت و یارمەتیان داون. چەندین کەسیش بە پێی یاسا رەوانەی دادگای شەرعی داعش کراون، هەرچەندە فرمانیان پێکراوە بە کوشتنی چەندان کەس، سزای دڕندانەیان بەسەردا دەسەپێنن وەک بەردباران کردن و بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستەیان.”

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، زەید رەعد حوسێن دەڵێت، “ژمارەی زیان لێکەوتووەکان بە ووردی کردارە دڕندەکانی دژ بە عێڕاقیەکان پشان نادات. ژمارەکان زیاتر بریتین لە کوژراوەکان و ئەوانەی بەهۆی توندوتیژیەوە پەکیان کەوتووە، بەڵام چەندانی دیکە بەهۆی برسێتی و تینوێتی و نەبوونی دەرمانی پێویستەوە گیانیان لە دەست داوە.”

“ئەم راپۆرتە نەهامەتیەکانی هاوڵاتیانی عێڕاقی دەخاتەڕوو و تیشکیش دەخاتە سەر پەناهەندە عێڕاقیەکان کە بۆ دەیانەوێت هەڵبێن و لەدەست چی رادەکەن بۆ ئەورپا و وڵاتانی دی. ئەمە ئەو دۆخە خراپەیە کە لە وڵاتەکەی خۆیان رووبەڕووی دەبنەوە.