لەیلا جەمیلی – یەڵڵا/ موسڵ

دوای داگیردکردنی شاری موسڵ لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤، داعش بەناوبانگترین زانکۆی شارەکەشی کۆنترۆڵ کرد. بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی لە موسڵەوە گەیشتوون، سەرباری دووبارە کردنەوەی زانکۆکە، سیستەمی زانکۆکە بە پێی ئایدۆلۆژێتی گروپە تیرۆریستییەکە رێکخراوە.   

یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی داعش بریتی بوو لە گۆڕینی ناوی (زانکۆی موسڵ) بۆ (زانکۆی خەلافەت). هەنگاوەکانی دیکەی داعش وای لە زۆرێک لە قوتابی و مامۆستا کرد کە وازی لە زانکۆکە بهێنن و شارەکە بەجێ بهێڵن. بێگومان وەکو هەموو جارێکیش، ئافرەتان زۆرترین زیانیان بەرکەوت.

یەکێک لە مامۆستاکانی ئەو زانکۆیە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی: “نزیکەی ٦٠% کچانی زانکۆکە وازیان هێناوە بەهۆی ئەو یاسا توندانەی بەسەریاندا سەپێندراوە.”

کارگێڕی داعش ناوبانگی ئەکادیمی زانکۆی موسڵی بەلاوە گرنگ نییە، هەربۆیە هەستان بە داخستنی کۆلێژەکانی زانستە سیاسییەکان، یاسا، هونەرە جوانەکان، راگەیاندن، وەرزش، بازرگانی و ئابووری. هاوکات، کۆلێژی پەرستاری کراوەتەوە بە مەبەستی ئامادەکردنی قوتابیان بۆ بەرەکانی جەنگ تا خزمەتی چەکدارە بریندارەکانیان بکەن، پۆلیسی ئاینیی داعشیش هەڵدەستێت بە لێپێچینەوە و یاسای توند بەسەر قوتابیاندا دەسەپێنێت.

قوتابیان دەبێت نیقاب بپۆشن کە هەموو دەموچاویان دەپۆشێت و تەنانەت چاویشیان بەدەرەوە نابیت.

بە گوێرەی گوتەی مامۆستای بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، قوتابیان بەهۆی داواکاری وەها توندی لەمجۆرە واز لە خوێندن دەهێنن و گوتیشی: “ئەمجۆرە جلوبەرگە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری دەکاتە سەر پرۆسەی خوێندن. دەبێت قوتابیان هەمیشە جلوبەرگەکانیان رەش بێت، کە ئەوە کاریگەری سایکۆلۆژی نەرێنی بەسەر قوتابیانەوە دەبێت.”

محاسن ئەبواب، ئەو قوتابییەی بەناوێکی خوازراوەوە بۆ یەڵلا قسەی کرد لەبەر هۆکاری ئەمنی، رایگەیاند کە دەوام بۆ هەفتەی ٣ رۆژ کەمکراوەتەوە و لایەنی کەمی ٤٠ قوتابی لە بەشەکەی ئەو وازیان لە خوێندن هێناوە.

گوتیشی: “زانکۆ وەکو بەندیخانەی لێهاتووە. لە پۆلەکەی من تەنها هەشت قوتابی ماونەتەوە و زۆربەی مامۆستاکانیش رۆیشتوون.”

داعش هێشتا رێگا دەدات قوتابیانی كچ و کوڕ بخوێنن، بەڵام مەرجی توندیان لەسەر جیاکردنەوەی رەگەزەکان داناوە و رێگا بە هیچ تێکەڵاوبوونێکی قوتابییە کوڕ و کچەکان نادەن.

مامۆستایەکی بەشی زانست لە زانکۆ چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە کچ و کوڕێکی قوتابی ناچار کران هاوسەرگیری بکەن لەبەرئەوەی پۆلیسی داعش بینیبووی کوڕەکە کتێبێکی وانەکانی دابوو بە کچەکە.  مەرجی داعشیش ئەوەبوو یەکسەر هاوسەرگیری بکەن یان جەڵدەیان لێ دەدرێت. جەڵدە تاکە سزا نییە کە پۆلیسی داعش ئەنجامی بدات.

 ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا ٢٦ مامۆستای زانکۆ لەسەر دەستی داعش کوژراون و چارەنووسی ١٢ دیکەش نادیارە.

 بارودۆخی ژیان بە گشتی و خوێندن بەتايبەتی بەلای (محاسن ئەبواب)ەوە جێی نیگەرانییەکی زۆرە ئەگەر بێتو داعش لەناو نەبردرێت.

ئەبواب دەڵێت: “داهاتووی منیان تێکدا. دەمویست زانستە سیاسییەکان بخوێنم بەڵام منیان خستە بەشێک کە حەزم لێی نەبوو، ئەویش کۆلێژی کشتوکاڵە. تاکە هیوا ئەوەیە شارەکە رزگار بکرێت تاوەکو هیواو ئومێد بگەڕێتەوە.”