بریارە ئەمرۆ سێ شەممە ١٠-١-٢٠١٧ بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەیەک سەبارەت بە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە شاری هەولێر کۆببنەوە.

بەگوێرەی پلانی پرۆژەکە بڕیاڕە دوای جێبەجێ کردنی سیستەمی بایۆمەتری هەر فەرمانبەرێک سیستەمێکی بانکی بۆ درووست بکرێت و، پارەی  پاشکەوتکراوی مووچەکەی بۆ  بخرێتە سەر سیستەمی بانکی.

بەمەش فەرمانبەران دەتوانن بۆ دانەوە قەرزەکانی حکومەت لە جۆری باج و و ڕوسومات و سلفەی عەقاری و سلفەی زەواج بەکاریبێنن و، بڕیارە ئەو قەرزانەی حکومەت لە ڕێگەی حسابی بانکی بدرێتەوە نەوەک لەڕێگەی پارەی کاش واتە مووچەی مانگانە.

ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژە بڕیارێکی ١٠ خاڵی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە ئامادەکرابوو و، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ پەسەندکراوە و  مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە لەلایەن ئەنجوومەنی هەرچوار پارێزگاکە پەسەند بکرێت و واژووی لەسەر بکرێت.