راپۆرتێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى پاشماوه‌ى گازی زیانبه‌خشی به‌رهه‌م هاتوو له‌ عێراق به‌رێژه‌ى ١٥٪ له‌نێوان ساڵه‌كانى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٣٥
مه‌زنترین كۆنفراسی ژینگه‌ له‌ جیهاندا له‌ماوه‌ى نێوان ٣٠ی تشرینی دووه‌م تا ١١ی كانوونی یه‌كه‌م له‌ پاریسی پایته‌ختى فه‌ره‌نسا به‌رێوه‌چوو. كۆنفرانسه‌كه‌ به‌به‌شداری ٥٠هه‌زار به‌شداربوو كه‌ ٢٥هه‌زاریان نوێنه‌رانى ١٩٥ ولآتى جیهان بوون له‌گه‌ڵ ٢٠٠٠ رێكخراوی كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و ٤٠هه‌زار میوان له‌ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان به‌رێوه‌ چوو. گرنگی كۆنفرانسی پاریس له‌وه‌دایه‌ كه‌ دواى ٢٠ ساڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌سه‌ر گۆرانكاری ژینگه‌یی له‌ جیهاندا، یه‌كه‌مجاره‌ ولآتانى جیهان گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك بۆ كاركردن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گۆرانكاری ژینگه‌یی.

دوێنێ ولآتان گه‌یشته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕه‌شنوسی كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژوودا هه‌موو ولآتان ئێمزاى رێككه‌وتنێكی ژینگه‌یی ده‌كه‌ن بۆ پایه‌ندبوون به‌ كه‌مكردنه‌ى ئه‌و گازانەی کە بوونەتە هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانى گه‌رما وهۆکاری گۆرِانكاری ژینگه‌یی، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌نێوان ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠ ده‌بێت بالآنس بدۆزێته‌وه‌ له‌نێوان ئه‌و گازانه‌ى که‌ ده‌بنه‌هۆى گۆرانكاری ژینگه‌یی و ئه‌وانه‌ى زیان به‌ ژینگه‌ ناگه‌یه‌نن به‌لای كه‌م بالآنس بكرێن. هه‌ر به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ولآتان كار ده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما بۆ كه‌متر له‌ ٢ پله‌ى سیلیزی و پێداچوونه‌وه‌ى به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ هه‌موو پێنج ساڵێك. خاڵێكی تری گرنگی رێككه‌ونه‌كه‌ كۆكردنه‌وه‌ى ١٠٠ ملیار دۆلاره‌ هه‌موو ساڵێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌ ژینگه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و گازانه‌ى ده‌بنه‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما.

عێراق وه‌ك یه‌كێك له‌و ولآتانه‌ى زۆرترین زیانى ژینگه‌یی به‌ركه‌وتووه‌ و رووبار و ده‌ریاچه‌كانى ڕووبه‌ڕووی وشكبوونه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك كۆمار فوئاد مه‌عسوم به‌شداری كۆنفرانسه‌كه‌ى كرد، به‌لآم به‌هۆى نه‌مانى وه‌زاره‌تى ژینگه‌ دواى چاكسازیه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی، كه‌سی پسپۆر له‌ شانده‌كه‌ى عێراق كه‌مبوون. پێشتر له‌ كاتى ئاماده‌كاریه‌كان شاندی وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێراق به‌شداری كردووه‌، به‌لآم به‌هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ژینگه‌ شانده‌كه‌ى چیتر به‌شداری نه‌كردووه‌.

به‌لآم عێراق به‌ هاوكاری پرۆگرامی گه‌شه‌سه‌ندنى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNDP) راپۆرتێكی ئاماده‌كربوو و له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ وه‌ك هه‌نگاوه‌كانى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گۆرانكاری ژینگه‌یی پێشكه‌شكراوه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌دا، عێراق به‌ڵێنی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و گازه‌ زیانبه‌خشانه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما به‌رێژه‌ى ١٥٪ له‌ناوببات له‌ نێوان ساڵه‌كانى ٢٠٢٠ تا ٢٠٣٥ كه‌ ده‌كاته‌ ٩٠ ملیۆن تۆن له‌ دوانه‌كسیدی كاربۆن. ئه‌م راپۆرته‌ى عێراق به‌شێكه‌ له‌ پرۆگرامێك كه‌ تیایدا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌جیا هاوكاری هه‌موو ولآتێكی كردووه‌ بۆ ئاماده‌كردنى راپۆرتى ولآتان بۆ چۆنیه‌تى روبه‌رووبوونه‌وه‌ى گۆڕانكاری ژینگه‌یی. له‌مانگى شه‌شی ئه‌مساڵه‌وه‌ عێراق به‌ هاوكاری پرۆگرامی گه‌شه‌سه‌ندنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNDP) و پرۆگرامی ژینگه‌ى جیهانى (GEF) له‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومى و وۆرك شۆپ و كه‌سانى ئه‌كادیمی و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار راپۆرته‌كه‌ى ئاماده‌كردووه‌.

 

كۆنفرانسه‌كه‌ ١١ی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی هاتوو و دوێنێش ١٢ی كانوونی یه‌كه‌م هه‌موو لایه‌ك رێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕه‌شنوسی كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌، ئه‌مه‌ش به‌ رۆژێكێ مێژوویی داده‌نرێت چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌موو ولآتانى جیهان به‌تایبه‌ت ولآته‌ زلهێزه‌كانى وه‌ك ئه‌مریكا و چین و هیندستان رازیبوون به‌ ره‌شنووسه‌كه‌، به‌لآم له‌ عێراق به‌تایبه‌ت له‌ تۆرِه‌ كۆمه‌لآیه‌تیه‌كانى عێراق كه‌مترین باسی لێوه‌ كراوه‌ بۆیه‌ له‌جیاتی عێراق، له‌خواره‌وه‌ به‌شێك له‌م وێنانه‌ى له‌ خه‌ڵكی له‌ پاریس له‌ ئینسته‌گرام له‌سه‌ر كۆنفرانسه‌كه‌ كردوویانه‌ ده‌خه‌ینه‌رِوو:
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ند به‌رپرسێكی تری جیهان دڵخۆشی خۆیان ده‌رده‌برِن له‌دواى گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى كۆتایی، دوێنێ

كۆمه‌ڵێك چالآكوان له‌ نزیك تاوه‌ری ئیڤڵ له‌ پاریس له‌ نزیك ئه‌و هۆڵه‌ى كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ى تێدا به‌رێوه‌چوو سیمبوولی ئاشتی جیهانیان نه‌خشاندووه‌ و له‌ ژێره‌وه‌ى نوسیویانه‌ “١٠٠٪ ووزه‌ى نوێ” وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ هه‌موو جیهان واز له‌ به‌كارهێنانى نه‌وت و سه‌رچاوه‌ى تری زیان به‌خش بهێنن و ووزه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤ به‌كار بهێنن.

له‌ پاریس تۆپه‌ڵه‌ به‌فرێكی تریان له‌ گۆرِه‌پانێكی نزیك له‌ هۆڵی كۆنفرانسه‌كه‌ داناوه‌ كه‌ به‌هێواشی ده‌توێته‌وه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما

بورچی ئیڤڵ له‌ پاریس له‌كاتى به‌رێوه‌چوونى كۆنفرانسه‌كه‌ ره‌نگی گۆرِا بۆ سوور وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما

ئافره‌تێك له‌ پاریس لافیته‌یه‌كى هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ له‌سه‌ری نوسراوه‌: مرۆڤ و زه‌وی: هه‌ردووك به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌

وێنه‌یه‌كى لۆگۆكه‌ى كۆنفرانسی پاریس.

وێنه‌یه‌كى تری گردبوونه‌وەكە له‌ پاریس كه‌ چه‌ند كه‌سێك لافیته‌یه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ وێنه‌یه‌كى زه‌وی له‌سه‌ره‌ كه‌ ده‌توێته‌وه‌ و له‌سه‌ری نوسراوه‌: ژینگه‌. دادگه‌ری. ئێستا

وێنه‌یه‌كى تر له‌ناو كۆنفرانسه‌كه‌ له‌كاتى وتاری سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، فرانسوا ئۆلاند.

وێنه‌ی گرافیتیه‌ك كه‌ له‌سه‌ر دیواری شه‌قامێك كراوه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى گۆرانكاری ژینگه‌ییه‌ و لێی نوسراوه‌ “COP21” واته‌ كۆنفرانسی ژینگه‌یی پاریس.

شه‌قامه‌كانى ده‌وری گۆرِه‌پانی ئازادی له‌ پاریس به‌ ڕه‌نگی زه‌رد ڕه‌نگ كراوه‌ به‌ ماناى خۆر دێت وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما.