لیژنەی پاراستن و بەرگری پەرلەمان :ئەگەر هێزەکانی تورکیا پاشەکشە نەکەن، ئەوا داوای پاڵپشتی هاوپەیمانان دەکەین

0

ئەمەل سەقر- بەغداد/ یەڵا

ماجد ئەلغەراوی ئەندامی لیژنەی پاراستن و بەرگری پەرلەمانی عێراق، پەنابردنە بەر بژاردەی سەربازی و بڕینی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نیوان هەردوو وڵاتی بە دوور نەزانی بۆ وەلامدانەوەی  ئەو پێشێلکارییە سەربازییانەی کە تورکیا دەیکات بۆ سەروەری خاکی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ یەڵڵا وتیشی: داوای پاڵپشتی هاوپەیمانان دەکەین بۆ کشانەوەی یەکجارەکی ئەو هێزانە، گومانیشی تێدا نییە کە حکومەتی عێراق بۆ جیبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەموو رێگا دبلۆماسییەکانی گرتووەتە بەر.

غەراوی هەرەرها وتیی: “ئێمە مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری نەینەوا بە داگیرکردنی خاک و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەزانین، ئاشکراشە کە هاتنی ئەم هێزانە داواکاری حکومەتی عێراق نەبووە کە تەنها لایەنی پەیوەندیدارە سەرپشکبیت لە هەنگاونانی لەم شێوەیە.”

وتیشی: “ئێمە وەک ئەندامانی لیژنەی پاراستن و بەرگریی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە داوامان لێکرا کە هەموو رێ و شوێنە یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسییەکان بگرینە بەر لە پێناو چارەسەری ئەم قەیرانە و هەر بۆیە سەرۆک وەزیران لە لای خۆیەوە سەردانی وڵاتی تورکیای کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چەند بەڵێنێک لە تورکیاوە کە لە نێویاندا کشانەوەی هێزەکانیان بوو و تا ئێستاش ئەو بەڵینە جێبەجێ نەکراوە.”

غەراوی لە کۆتایی گوتەکانیدا جەختی کردەوە کە “زۆر گرنگە حکومەتی تورکیا بە بژاردەیەکی دیپلۆماسی وەڵام بداتەوە و هەوڵبدات قەیرانەکان هێندەیتر لەسەر عێراق زیاد نەکات، چونکە لە بەرژەوەندیاندا نییە.”

هەڵکشانی قەیرانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە تورکیا هەستا بە ناردنی ٢٠٠ ئەفسەر و سەرباز و راوێژکاری سەربازی و ١٥ تانک و ٨ ئۆتۆمبێلی سەربازی و موشەک و زیلی سەربازی بۆ ناوچەی بەعشیقەی نزیک شاری موسڵ. بە پێی گوتەی حکومەتی تورکیا، ئەم هەنگاوە بۆ جێگۆڕکێی ئەو یەکە سەربازییە بووە کە دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا لەو ناوچەیە جێگیر کراون بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاکراوە.

بە پێی ئەو راگەیاندنەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردبووەوە، ئاماژەی بەوە دەکات کە “حکومەتەکەی هەرگیز رەزامەندی دەرنەبڕیووە بە هاتنە ناوەوەی هیچ هێزێکی بێگانە بۆ ناو خاکی عێراق و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هێزەکانی بکێشێتەوە ئەگەر نا حکومەتەکەی ناچار دەبێت داوای هاوکاری لە ئەنجومەنی پاراستنی نێودەوڵەتی بکات.”

رەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی هیزە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق ناکێشێتەوە ئەمەش پاش ئەوەی بەغدا تۆمەتباری کرد بەوەی کە بێ رەزامەندی ئەوان تورکیا هێزەکانیان بڵاوە پێکردوە لە خاکەکەیاندا. ئاماژەی بەوەشکرد مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق بە مەبەستی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەیە نەوەک بۆ کاری جەنگیی. بە توندیش جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نیازی کشانەوەی ئەو هێزەی نییە و هێزەکەش وەک بەشیک لە  پرۆسەی راهێنان و رووبەڕوو بوونەوەی رێکخراوی داعش لەوێ جێگیر کراون. لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری لە سنورەکانی تورکیا دەکان لەو رێکخراوە.

هەروەها وتیشی: “مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەک دروست ناکات، هیچ هەڵەیەکیش لەوەدا نابینم ئەگەر چاوەڕوان بکەین تا کێشەی داعش تەواو دەبێت کە بە بڕوای من چەند مانگێکیتری پێویستە، ئەو کاتە ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت.”

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Comment moderation is enabled. Your comment may take some time to appear.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!