نەوت، ئایندەى کەرکوک یەکلایى دەکاتەوە؟

0

شاڵاو محەمەد – یەڵڵا  کەرکوک

بەرپرسانی‌ هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی‌ نەوتی‌ کەرکوک راستەوخۆ بە ئایندەی شارەکەوە گرێ بدەن، هەرچەندە پێشتر ئەزموونێکی‌ تاڵ لەنێوان هەرێم و ناوەند هەیە لەم رووەوە، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی دەڵێن تاکە رێگەچارەی‌ یەکلایکردنەوەى ئایندەى کەرکوک بەردەوامی پێدانی‌ فرۆشتنی نەوتی شارەکەیە لە رێگەی هەرێمەوە.

لە ئێستادا دۆسیەی‌ نەوتی‌ کەرکوک بووەتە گرێ کوێرەی‌ پەیوەندییەکانی‌ نێوان هەرێم ‌و ناوەند، بە جۆرێک سەرۆک وەزیرانى عێراق بودجەى هەرێمى کوردستانى لەسەر بڕیووە هەتا کاتى گەڕانەوەى داهاتەکەی‌، هەرێمیش دەڵێت ئێمە بەرەو سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێم دەچین بە نەوتى کەرکوکیشەوە.

دواین لێدوان لەم چوارچێوەیەدا دووشەممەی  رابردوو ٢ی‌ شوبات بوو کاتێک مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند “دەتوانین کەرکوک بەهێزی سەربازی و قۆرخکردنى نەوتى شارەکە بگەڕێنینەوە سەر کوردستان چونکە تاکە هێز ئەمرۆ بەرگری لەو شارە دەکات هێزی پێشمەرگەیە، تاکە رێگەش بۆ فرۆشتنى نەوتى کەرکوک هەرێمى کوردستانە بەڵام  دەمانەوێت بە ئاشتی ئەم خاکە داگیرکراوەمان وەربگرینەوە”

ئەم هۆشداری دانەی‌ راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم لە کاتێکدایە کە رێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە کە مێژووەکەی‌ بۆ ١١ی‌ کانوونی‌ یەکەمی‌ ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، لەبارەی‌ نەوت‌ و بودجەی‌ هەرێم، بەپێی‌ رێککەوتنەکە، هەرێم دەبێت رۆژانە بڕی‌ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە نەوتى کەرکوک و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم لەرێگەی‌ کۆمپانیای‌ نیشتمانی‌ بۆ بەبازاڕکردنی‌ نەوتی‌ عێراق (سۆمۆ) هەناردە بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی‌ عێراق مانگانە بە رێژەی‌ ١٧٪ لە بودجەی‌ عێراق بەشە بودجەی‌ هەرێم و بودجەى پترۆ دۆلارى کەرکوک بنێرێت، هەرچەندە تائێستا ئەم رێککەوتنە نەچووەتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، هەردوولا یەکتری‌ تۆمەتباردەکەن بە پابەند نەبوون  پێوەی‌.

لەم بارەیەوە، سەفین دزەیى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یەڵڵاى راگەیاند “پێش هاتنى داعش بۆرى نەوتى نێوان کەرکوک – بەندەرى جیهانی تورکى چەندین جار تەقێندرایەوە، ئێستاش داعش دەستى بەسەر موسڵدا گرتووە، بۆیە تاکە شوێن ئابوورى کەرکوک پارێزراو بکات و نەوتى شارەکەى تێدا بفرۆشێت هەرێمى کوردستانە، ئەمەش ئایندەى کەرکوکى بۆ کوردستان زیاتر یەکلاى کردۆتەوە کردۆتەوە.”

بەپێی‌ مادەی‌ ١٤٠ی‌ دەستوری‌ عێراقی‌ کە ساڵی‌ ٢٠٠٥ دەنگی‌ لەسەردراوە، دەبێت هەتا کۆتایی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٧ بارودۆخی‌ ناوچە جێناکۆکەکان ئاسایی‌ بکرێتەوە و پاش ئەوەش سەرژمێری‌ تێیاندا ئەنجام بدرێت‌، پاشان راپرسی‌ لەناو خەڵکەکەیدا بکرێت بۆ ئەوەی‌ چارەنووسی‌ ئەو ناوچانە یەکلایی‌ بکرێتەوە.

ئەو پارێزگایانەی‌ مادەی‌ ١٤٠ دەیانگرێتەوە‌ و لەنێوان بەغداو هەرێم کێشەیان لەسەرە بریتین لەپارێزگاکانی‌ کەرکوک‌ و چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا و دیالە‌ و سەلاحەدین، بەڵام هەمیشە کە باس دێتە سەر جێبەجێکردنی‌ مادەکە، کەرکوک پشکی‌ شێری‌ بەردەکەوێت.

دوای هاتنی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، هێزە کوردییەکان پێیان وایە مادەی‌ ١٤٠ جێبەجێ بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئابووری و سەربازی ئەو ناوچەیە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستاندایە.

لەگەڵ ئەوەی هەرێم ئامادەکاریی دەکات بۆ یەکلایکردنەوەى ئایندەى کەرکوک لە رێگەى فرۆشتنى نەوتەکەیەوە، بەڵام بەرپرسانی بەغدا ئەم هەنگاوە بەسەرکەوتوو نابین ‌و پێیان وایە کێشەکانی‌ هەردوولا زیاتر قووڵدەبنەوە و دەڵێن: پێویستە هەرێمی‌ کوردستان لەئێستادا بیر لەهەناردەکردنی‌ نەوتی کەرکوک بکاتەوە نەک یەکلایکردنەوەی خاکەکەی.

عاسم جیهاد وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە یەڵڵاى راگەیاند “لەسەرەتاى فرۆشتنى نەوتى کەرکوک لە رێگەى هەرێمەوە، ترسى ئەوە هەیە کوردستان بۆ یەکلایکردنەوەى کەرکوک بەکارى بهێنێت. چونکە ئابوورى وڵات لای هەر هێزێک بێت هاونیشتیمانیان روو لەو هێزە ئەکەن.”

 عاسم جیهاد ئەوەش دەخاتە روو کە “دەبێت هەرێم تەنها بیر لە فرۆشتنى نەوتى کەرکوک بکاتەوە نەک یەکلاکردنەوەى خاکەکەى چونکە ئاڵۆزى دروست دەکات.”

لەبەرامبەر ئەو ووتەیەى وتەبێژەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق‌، پارێزگارى کەرکوک دەڵێت؛ “بەردەوام بیرمان لەوە دەکردەوە لە رێگەی‌ هەرێمەوە نەوتى شارەکە بفرۆشرێت، چونکە نەتەوەکانى کەرکوک متمانەیان بە حکومەتى هەرێم زیاترە.”

نەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوک بە یەڵڵای راگەیاند؛ “حکومەتى هەرێم بڕى 10 ملیۆن دۆلارى وەک هەنگاوى یەکەمى فرۆشتنى نەوتى کەرکوک داوە بە کەرکوک، ئەمەش هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئەوەى کەرکوک ئاوەدان بکەینەوە بە بودجەى پترۆ دۆلار کە لە رێگەى فرۆشتنى نەوتى کەرکوک لە رێگەى هەرێمەوە بەدەستمان هێناوە.”

پارێزگای کەرکوک خاوەنی پێنج کێڵگەی نەوتییە کە سێ لەو کێڵگانە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکووردان‌ و بریتین لەکێڵگە نەوتییەکانی (جەمبور و خەبازە و بابەگوڕگوڕ)، هەروەها دوو کێڵگەی دیکەش (بای‌ حەسەن‌ و هاڤانە) لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، هەر پێنج کێڵگەکەش نزیکەی ٣٤٠ – ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەمى هەیە و لە رێگای بۆری نەوتی کوردستان – جیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

 پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا هەرێم سەرکەوتوو دەبێت لە فرۆشتنی‌ نەوتى کەرکوک بۆ دیاریکردنى ئایندەى ئەو شارە کە جارێکى دیکە کەرکوک گرێدراوى مادەیەکى دەستوورى تر نەبێتەوە؟

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!