سەلام زێدان – یەڵلا / بەغدا 

هاوپەیمانیەتى هێزە نیشتمانیەکان کە گردبوونەوەى هێزە سوننەکانە، داوای بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمەریکی دەکات لە عێراق بۆ دەرکردنی رێکخراوی داعش، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە لە نێوان ئەوانەی دەیانەوێت یارمەتی بدرێن بۆ دەرکردنی داعش و ئەوانەشی توانای هێزە ئەمنییەکان لە رزگارکردنی ناوچەکان رەت دەکەنەوە.

(محمد کەربولی) ئەندامی هێزە چەکدارەکان بە یەڵلا-ی راگەیاند: “داواکاری هاتن و بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمەریکی لە عێراق لەوەوە هات کە دەخوازرێت هێزە بەرەنگاربووەکان زیاتر بکرێن بەرامبەر بە داعش کە هێزی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لاوازکردووە، ئەمە جگە لە زۆربوونی رۆڵی میلیشایاکان کە هەندێک ناوچەیان تێکداوە.

ئامانجیش لەم داواکارییە یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانە لە رزگارکردن و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سەرجەم ناوچەکان. ئێستا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی  بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و هەندێک راوێژکاری سەربازی ئەمەریکی لە سەربازگەی (عەین ئەسەد) و (حەبانیە) هەیە، کە ئەوەش وامان لێدەکات بیر بکەینەوە لە گرنگی  پاککردنەوەی عێراق لە داعش و میلیشیاکان.”

ئێستا ٣٦٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراقن بۆ یارمەتیدانى هێزە عێراقیەکان لەرووی راهێنان و لۆجیستیەوە. هەفتەى پێشوو چەند بەپرسێکی ئەمریکی رایانگەیاند کە “سەدان، نەوەک هەزاران” هێزی ئەمریکی لەرێگان بۆ عێراق. بەڵام وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەشتۆن کارتر رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند کە ژمارەى سەربازە ئەمریکیەکان “بەشێوەیەکى زۆر زیاد دەکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونى جەنگ” لە دژی رێکخراوی داعش.

هاوپەیمانی کوردستان پشتگیری لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ دەرپەڕاندنی داعش. موحسین سەعدون، جێگری سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە یەڵلا-ی گوت: “بڕیاری جەنگانی داعش و پلانەکانی لە دەرەوەی ئیرادەی عێراقییەکانە و دوای دەرکردنی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکاوە، ئەوە ئەمریکییەکانن کە بڕیاری دەستوەردان لە هەر وڵاتێک بدەن.”

هەروەها گوتیشی: “بوونی ئەمەریکییەکان لە عێراق راستە. ئێستا ٣٥٠٠ سەربازی ئەمەریکی لە عێراقن، جگە لەوانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و هێزە تایبەتەکان کە ئەرکی نهێنییان لەسەرە، هەروەها کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق دەکەن لە رێگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە. باسکردنی بابەتی سەروەریش زۆر کۆن بووە.”

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest
یەکێک لە راهێنەرە ئەمریکیەکان راهێنان بە سەربازێکی عێراقی دەکات کە کەمپی تاجی لە باکوری بەغدا. ٢٤ ئازاری ٢٠١٥.Credit: defense.gov

بەڵام حکوومەتی عێراقی رەتیکردەوە رەزامەندی لەسەر هەر داواکارییەک بۆ هاتنی هێزی بیانی بۆ جەنگی دژ بە داعش بدات. (سعد حەدیسی) وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یەڵلا-ی گوت: “داواکارییەکەی ئەم دواییە بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نوێنەرایەتی (یەکێتی هێزەکان) ناکات بەڵکو تەنها ڕای یەکێکە لە ئەندامەکانی. حکوومەتی عێراقی هەڵوێستی روونە بەرامبەر رەتکردنەوەی هەر بیانییەک لە عێراق بەڵام تەنها پێویستیمان بە پشتیوانی و راوێژکردن بە هەماهەنگی هەیە.”

 هەروەها لە درێژەدا قسەکانیدا گوتی: “ئەو پێشکەوتنانەی لە شاری رومادی بەدەست هاتوون بەڵگەیە لەسەر توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.” داواشی لە وڵاتان کرد کە لە ڕێی راهێنان و پڕچەککردن و ئاسمانەوە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدەن بۆ رزگارکردنی ناوچەکان.”

 لای خۆیەوە، (واسیق هاشمی)، سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ دیراساتی ستراتیژی، بە یەڵلا-ی گوت: “گفتوگۆکان لەسەر گرنگی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کاردانەوەیە و نیشانەی ئەزموونی سیاسی نییە.” هەروەها جەختی کردەوە کە کێشەی عێراقییەکان لە لایەن  کەسەوە چارەسەر ناکرێت جگە لە خۆیان، بەتایبەتی کە ستراتیژی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا نایەوێت دەستوەردانی زەمینی لە هیچ شوێنێک بکات.

 باسی لەوەش کرد کە ئەم لێدوانانە سەرکەوتوو نابن لەبەر ئەوەی ئێستا هێزە ئەمنییەکان پێشکەوتنیان لەسەر زەوی بەدەستهێناوە و پێویستە پشتگیری بکرێن و گوتی: “رێگەدان بە دەستوەردانی ئەمەریکی رێ خۆشدەکات بۆ دەستوەردانی ئێران و سعودیە و تورکیا .”

سەبارەت بە رەخنەی هەندێک لایەنی سیاسی لەو داواکارییەی (یەکێتی هێزەکان) بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بە مەبەستی پاککردنەوەی شارەکان لە دەستی داعش، کەربولی گوتی: “رەخنەگرانی بانگەوازی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق ئەوانەن کە داگیرکاری ٢٠٠٣یان هێنا. هەزارەها کەس لە عێراقییەکان دەمرن بۆ پاککردنەوەی چەند مەترێک لە ژێر دەستی کۆنترۆڵی داعش.”