وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەوڵی زیندووکردنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیدایە

0

محمد رەحیم – یەڵڵا / بەغدا

رۆژی شەممە وەزیری نەوتی عێراق عادل عبدالمهدی جەختی لەسەر گرنگی سەرلەنوێ ژیاندنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی هەبوونی کۆمپانیاکە بۆ گەل کرد، بە جۆرێک کە هاووڵاتیان بتوانن پشکیان هەبێت لە کۆمپانیاکەدا بەو مەرجەی بە شێوەی میراتگەری نەبێت.

لە سیمینارێکدا کە وەزارەتی نەوت لە سەنتەری رۆشنبیری نەوت لە بەغدا رێکیخستبوو،و یەڵڵا بەشداری تێدا کردبوو، عبدالمهدی گوتی: “جۆرە رێککەوتنێک هەیە لە نێوان کەرتی نەوت و حکومەت و پەرلەمان لەسەر گرنگی ژیاندنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی”. هەروەها جەختیشی لە گرنگی ئەوە کردەوە کە ” کۆمپانیاکە بۆ نەوت و غازبێت نەک تەنها نەوت.”

کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی لە ساڵی ١٩٦٤ دامەزراوە و تایبەتە بە گەشەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت. کۆمپانیاکە توانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ١.٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە تا ئەوکاتەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە ١٩٨٧ لەیەکدرا و دواتر دابەشکرا بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیای ناوچەیی لەوانە کۆمپانیای نەوتی باکوور کە بارەگاکەی لە کەرکووکە، و کۆمپانیای نەوتی باشوور، کە بارەگاکەی لە بەسرەیە.

عادل عبدالمهدی روونیکردەوە: “زیندووکردنەوەی ئەم کۆمپانیایە بەمانای هەڵوەشاندنەوەی ئەرکەکانی وەزارەت نایەت لەم کەرتەدا، بەڵکو بەدواداچوون و چاودێریکردن هەر لە لایەن وەزارەتەوە دەبێت. ئێمە بینیومانە چەندین کۆمپانیای نەوت دامەزراون وەک کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە توانیویەتی سەرکەوتووانە ئیدارەی کێڵگە نەوتییەکانی باشوور بکات و بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە.”

وەزیری نەوت گوتیشی: “ئێستا ئێمە لە قۆناغی ئامادەکردنی ئەم کۆمپانیایەداین و گرنگە ئامانجی هەبێت کە بەدی بهێنرێت. پێویستە ئەم کۆمپانیایە موڵکی هەموو گەلی عێراق بێت و هەموو هاووڵاتییەک پشکی هەبێت لە کۆمپانیاکەدا بێ ئەوەی شایانی موڵکداری بێت. هەروەها پێویستە بە جۆرێک رێکبخرێت کە گەرەنتی مافی پارێزگاکان لە کۆمپانیاکەدا جێگیر بکرێت و دابەشکردنێکی یەکسان هەبێت لەسەر بنەمای دانیشتووان.”

لای خۆیەوە، (فەیاز حسن نعمە) بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی نەوت گوتی: “کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی هەنگاوێکە بە ئاراستەی چاکسازی ئیداری و ئابووری. گرنگە بە پێی یاسا روونبکرێتەوە کێ کۆنترۆڵی سەروەتەکەی دەکات و کێ خاوەندارێتی دەکات و کێ دەتوانێت مامەڵەی پێوە بکات.”

کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی لە ماوەی ٧٥ ساڵی رابردوو لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە دوای ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو دامەزران. لە عێراقدا، رێژەی ئەو نەوتەی لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیدا بوو ٩٤% بوو و تەنها ٦% لە ژێر دەستی کۆمپانیا بیانییەکاندا بوون.

بریکاری وەزارەتی نەوت بە یەڵڵا-ی راگەیاند: “کۆمپانیاکانی نەوتی نیشتیمانی پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە بەڵکو ئامانجی تەکنیکیان هەیە تاکو خزمەتی گەل و کۆمەڵگای پێبکەن.”

د. (محمد جەواد) سەرۆکی بەشی تەکنۆلۆژیای نەوت لە زانکۆی (تەکنۆلۆژیا) گوتی: “کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی وەکو کۆمپانیایەک کار دەکار و نەک بە سیستەمی دەوڵەت بەوەش خێرایی لە تەواوکردنی پرۆژەکانی زیاد دەکات. ئەگەر کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی دابمەزرێت و ئەرکی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی پێ بسپێردرێت، ئەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ئەدا و بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەبینین و لە هەمان کاتدا خەرجی بەرهەمهێنان کەم دەبێتەوە.”

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Comment moderation is enabled. Your comment may take some time to appear.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!