پێشمەرگە، حەشدى نیشتمانى و پۆلیس چاوەڕێی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ ئازادکردنى حەویجە

0

شاڵاو محەمەد  – یەڵلا / کەرکوک

پۆلیسی قەواو ناحیەکانی کەرکوک بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندە مەیدانیەکانی پێشمەرگەى کوردستان و حەشدى نیشتمانى ئامادەکاری بۆ ئازادکردنی قەزای حەویجەى رۆژئاوای پارێزگاکە دەکەن، کە دانیشتوانەکەی عەرەبی سوننەن ‌و ئێستا یەکێکە لە پێگە گرنگەکانى داعش دوای موسڵ.

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە ١٠٠٠ پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک کە دابەش بوونە بەسەر دوو فەوج کۆتاییان بە مەشقی سەربازی ‌هێناوە لە بەغدا و لە باشوورى کەرکوک جێگیربوون، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هێزى  پێشمەرگەى کوردستان و حەشدى نیشتمانى ئامادەییان نیشانداوە بۆ دەرهێنانى قەزاى حەویجە لە چنگى چەکدارانى رێکخراوی داعش.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک بە یەڵلا-ی راگەیاند ” ئەو ١٠٠٠ پۆلیسە سەرجەمیان خەڵکی حەویجەن و عەرەبی سوننە مەزهەبن، ماوەى دوو مانگ لەلایەن راهێنەرانى ئیتاڵیەوە لە بەغداد مەشقیان پێکراوە و، مەشقى ئەکادیمایى پۆلیسى کەرکوکیشان تەواو کردوە، ئێستا ئامادەن بۆ شەڕکردن دژى  چەکدارانى داعش و ئازادکردنى حەویجە”.

ئەو هێزە سەرجەمیان لەو پۆلیسانە پێکهاتوون کە پاش کەوتنی‌ حەویجە خۆیان ‌و خێزانەکانیان هەڵهاتوون، بە وتەى بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی “دڵنیاین شەڕکەرێکى باش دەبن، چونکە حەزی‌ زۆریان هەیە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەداعش، لەبەر ئەوەى داعش ماڵی تاڵانکردوون ‌و کەسە نزیکەکانی‌ لەناوبردوون”.

قەزای حەویجە بەدوری ٥٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کەرکوک و نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی پارێزگای کەرکوک پێکدەهێنێت. دوای کۆنترۆڵکردنی شارى موسڵ لە ١٠ی حوزەیرانى ٢٠١٤، حەویجە و پێنج ناحیەى قەزاکە کەوتە دەستی داعش، کە تا ئێستا یەک ناحیەى ئازادکراوە.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest
ئاهەنگی دەرچوونى پۆلیسی قەزا و ناحیەکانى کەرکووک. ١٩/١/٢٠١٦. فۆتۆگراف: شاڵاو محەمەد  – یەڵلا

لە گرتنەوەى قەزاى حەویجە، چوار لیواى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و سێ فەوجى حەشدى نیشتمانى کە ئەسیل نوجەیفى پارێزگارى پێشووی پارێزگای نەینەوا سەرپەرشتى دەکات لەگەڵ ئەو ١٠٠٠ پۆلیسەى کەرکوک بەشدارى دەکەن.

لاى خۆیەوە ، کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى هێزەکانى پێشمەرگە ، بە یەڵڵا-ى ڕاگەیاند “پلانمان هەیە بۆ ئازادکردنی حەویجە بەڵام هێشا کاتەکەی دیارینەکراوە، چونکە تاکو حەویجە ئازاد نەکرێت مەترسى هێرشى چەکدارى لەلایەن داعشەوە بۆ سەر کەرکوک هەیە، هەرچەندە داعش لە سنورى کەرکوک بەرەو کۆتایى دەچێت”.

بارودۆخی ژیانی خەڵکی حەویجە بەردەوام رووی لەگرژییە، ئەوەش بەهۆى یاسا توندەکانى داعشەوە بەرانبەر  بە هاوڵاتیانى قەزاکە، لەم بارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی ناحیەی مولتەقا و یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانی هۆزی جبور لە قەزای حەویجە داوا دەکات پلانەکەى بۆ ئازادکردنى ناحیەى مولتەقا دانرا، بۆ قەزاى حەویجە دابنرێتەوە.

ناحیەی‌ مولتەقا، دەکەوێتە ٢٥کم باشوری‌ رۆژئاوای‌ کەرکوک‌ و ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ پەنجاو نۆ هەزارو چوار کەسە‌و زیاتر لە سی‌ گوند لەخۆدەگرێت، لە ٩ی ئازاری ساڵی رابردوو پێشمەرگە و پۆلیسی قەزاو ناحیەکان توانیان کۆنترۆڵی بکەنەوە کە ماوەی نۆ مانگ لە ژێر دەسەڵاتی داعش بوو.

یونس عەلى سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى مولتەقا بە یەڵڵا-ى  ڕاگەیاند “ئومێدمان هەیە ئەو هێزى پۆلیسەى ئامادەکراوە بە هاوکارى پێشمەرگە و حەشدى نیشتمانى لە نزیکترین کاتدا ئەو قەزایە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە ، چونکە ژیانى خەڵکەکەى لەژێر یاسا زبرەکانى داعش تاکو دێت قوستر دەبێت “.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Comment moderation is enabled. Your comment may take some time to appear.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!