Find anything you need on Yalla

چاوەڕێی چواریان دەکرد، سۆنەر دەریخست پێنجیان دەبێت بەڵام شەشیان بوو

0

ئازاد عوسمان – یەڵڵا/ کەلار

عیماد، ده ساڵه‌ هاوسه‌رگیریی كردووه‌و خاوه‌نى دوو منداڵه‌، تا ئه‌و ساته‌شى هاوسەرەکەى براوه‌ته‌ ژورى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌، هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌كردبووەوە كه‌ به‌ یه‌ك جار ببێتە خاوه‌ن شه‌ش منداڵی تر.

عیماد عەبدولئەمیر کازم،٤٠ ساڵ و ئیستەبەرق حەسەن، ٢٧ ساڵ و هاوسەری عیماد بوون بە سەرباسی زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندن، ئەویش کاتێک ژنەکەی لە بەرەبەیانی ٢٦ ی ئەم مانگەدا و لە نەخۆشخانەی (شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون) ی قەزای کەلار بە یەک سک شەش منداڵی هێنایە دونیاوە. ئەمەش حاڵەتێکی لەدایکبوونی دەگمەنە کە لە مێژووی ١٠ ساڵەی نەخۆشخانەکەدا تۆمارکراوە.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest
باوکەکە لەگەڵ یەکێک لە منداڵەکان لە نەخۆشخانەى لەدایکبوونى سلێمانى. فۆتۆگراف: رامیار جەبار/ میترۆگرافی

عیماد و ئیستەبەرق دانیشتووی ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای دیالەن و بە نەتەوە عەرەبن، پێش ١٠ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە و جگە لەم شەش منداڵە، خاوەنی دوو منداڵی دیکەشن، کە یەکێکیان کوڕێکی تەمەن ٩ ساڵانە و ئەوی دیکەش کچێکی تەمەن شەش ساڵانە. عیماد باسی لەوە کرد کە هاوسەرەکەی لە دووەم مانگی سکەکەیدا، سۆنەری کردووە و وا دەرکەوتووە کە چوار منداڵ لە سکیدایە. بۆ جاری دووەم لە تەمەنی شەش مانگیدا، جارێکی دیکە سۆنەریان کردووە و وا دەرکەوتووە کە پێنج منداڵ لە سکیدایە  نەک چوار. هەر بۆیە کاتێک هاوسەرەکەی براوەتە هۆڵی نەشتەرگەری، چاوەڕێی پێنج منداڵ بوون.

د.میدیا عه‌باس، ئه‌و پزیشكه‌ى كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى بۆ ژنه‌كه‌ كردووه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ كاتێك ژنه‌كه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ لای ئه‌وان، ره‌وشى زۆر خراپ بووه‌، بۆیه‌ ناچار بوون نه‌شته‌رگه‌ریی قه‌یسه‌رى بۆ ده‌رهێنانى منداڵه‌كانى بكه‌ن. وتیشی: “كه‌سوكاره‌كه‌ى پێیان راگه‌یاندین كه‌ پێشتر سۆنه‌ریان كردووه‌ و پێنج منداڵ له‌ سكى ژنه‌كه‌ى دایه‌، به‌ڵام ژماره‌كه‌ شه‌ش منداڵ بووه‌، سێ كچ و سێ كوڕ، وادیاره‌ له‌ سۆنه‌ره‌كه‌دا به‌ باشی ده‌رنه‌كه‌وتووه‌”.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest
یەکێک لە شەش منداڵەکە. فۆتۆگراف: رامیار جەبار/ میترۆگرافی

عیماد ئه‌وه‌ى خسته‌ روو كه‌ له‌ كاتژمێر یه‌كى شه‌وى 26ى مانگ، ژنه‌كه‌ى ره‌وشى خراپ بووه‌و به‌ ئه‌مبوڵانس له‌ قه‌ره‌ته‌په‌وه‌ گه‌یاندویانه‌ته‌ (نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید خالید گه‌رمیانى) له‌ كفری، له‌وێشه‌وه‌ ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ژنان و مناڵبونى كه‌لار كراوه‌ و پاش بینین له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌، یه‌كسه‌ر داخل به‌ هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریی كراوه‌.

پاش له‌دایكبونى مناڵه‌كان، ماوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ هێڵراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناجێگیریی ته‌ندروستیانه‌وه‌، ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له‌كه‌لار كراون و له‌وێشه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌رى زیاتر، ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كانى سلێمانى كراون و ئێستا له‌ به‌شى “خوده‌ج” له‌ نه‌خۆشخانه‌ى منداڵانى سلێمانى خه‌وێنراون.

هۆكارى ره‌وانه‌كردنى ئه‌و منداڵانە بۆ نه‌خۆشخانه‌ى سلێمانى، به‌وته‌ى (د.میدیا) بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كان به‌ هه‌شت مانگیی له‌دایكبوون و ته‌مه‌نى ئاسایی كۆرپه‌یان پڕ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویست ده‌كات بخرێنه‌ ژێر چاودێریی وردی پزیشكییه‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ریشدا، ره‌وشى ئیستەبەرق جێگیر و باش بووه‌و پاش رۆژێك له‌نه‌شته‌رگه‌ریی براوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

یەکێک لە شەش منداڵەکە. فۆتۆگراف: رامیار جەبار/ میترۆگرافی

د.به‌ناز جه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى (شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبون)، ئه‌وه‌ى باسكرد كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ گه‌رمیان و كوردستان، به‌ڵكو له‌ جیهانیشدا له‌ دایكبونى شه‌ش منداڵ پێكه‌وه‌و به‌ یه‌ك سك، حاڵه‌تێكى ده‌گمه‌نه‌.

عیماد، كه‌ قسه‌ى بۆ ده‌كردین له‌ده‌نگی دا له‌یه‌ك كاتدا خۆشیی و شەیدایی و ماندوو بون هه‌ستپێده‌كرا. ئەو باسی له‌وه‌كرد كه‌ سوپاسگوزاره‌ به‌وه‌ى خوا ئه‌و مناڵانه‌ى پێبەخشیوە به‌ڵام ئه‌وه‌شى نه‌ده‌شارده‌وه‌ كه‌ هاتنه‌ دونیای شه‌ش منداڵ به‌یه‌كه‌وه‌ بارودۆخى گران ده‌كات، هەرچەندە هه‌موو پێداویستیه‌ پزیشكییه‌كان و چاره‌سه‌ره‌كانى به‌ بێ به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكراوە و بارگرانیه‌كى دارایی ئه‌وتۆی بۆ دروست نه‌بووه‌، به‌ڵام ئاینده‌ى مناڵه‌كان و چۆنیه‌تى به‌خێوكردنیان ببوه‌ جێگه‌ى نیگەرانی. عیماد رۆژانە سەرقاڵە به‌و خواردنگه‌یه‌ كه‌له‌ناو ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌دا هه‌یه‌تى و تیایدا له‌فه‌ی فەلافل ده‌فرۆشێت، خواردنگه‌كه‌شى به‌هۆی بارودۆخى ئه‌منی و شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى داراییه‌وه‌، وه‌كخۆی وتى “ئه‌و ره‌واجه‌ى جارانى نییە”، بۆیە دوا لە حکومەت دەکات کە هاوکارییان بکەن لەم دۆخە ناهەموارەی کە وڵاتەکە پێید تێدەپەڕێت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!