ئەمەل سەقر- یەڵڵا/بەغداد

“ئایا منداڵی بەرپرس و ئەندامانی پەرلەمان، ئەوانەی کە هەڵگری رەگەزنامەی بیانین ئەم یاسایانە دەیانگرێتەوە… بە دڵنیاییەوە نەخێر، کەواتە بۆچی رازیبین خزمەتی ئیجباری بکەین؟”

گەنجێکی بیست ساڵان کە شمەکەکانی لەسەر شۆستەکانی ناوچەی کەرادەی ناوەندی بەغدا هەڵڕشتبوو بۆ یەڵڵا دوا و وتی: “ئێمەی گەنجانی عێراق لە قەیرانێکی راستەقینەدا دەژین، نەمانتوانی خوێندن تەواو بکەین چونکە ناچاربووین کاربکەین و خێزانەکانمان بژێنین. برایەکم لە جەنگی دژی داعشدا شەهید بووە و برایکیتریشم کەم ئەندام بووە بە هۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە و من و برا بچووکەکەشم شەو و رۆژ کار دەکەین بۆ دابینکردنی پێداویستی خێزانەکەمان.. ئەگەر من بڕۆم بۆ خزمەتی سەربازی خێزانەکەم چی بەسەر دێت؟”

گەنجێکیتریش زۆر بە توڕەیی بۆ یەڵڵا دوا و وتی: “حکومەت چی لە ئێمە دەوێت؟ جلەکانمان داکەنین و بیفرۆشین… باسی چ خزمەتێکی ئیجباری دەکەن. حکومەت چی بۆ دابین کردوم؟ تەمەنم ٢٥ ساڵە و لە خانووی کرێدا ژیان بەسەر دەبەم و خوێندنیشم تەواو نەکردوە و لە بەیانی تا ئێوارە کاری شۆفێری تاکسی دەکەم تا بتوانم ژن و منداڵەکانم بژیەنم. ئەگەر من بڕۆم بۆ خزمەت کێ بەخێویان دەکات؟… حکومەت؟”

ئەمانە کاردانەوەی هەندێک لەو گەنجانە بوو کە یەڵڵا چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردن سەبارەت بە خزمەتی سەربازی. یەکێکیان وتی: “پێم وانیە ئەمە هەنگاوێکی دروست بێت چونکە زۆرێک لە گەنجەکانمان بە راستی دەجەنگن، جا ئەگەر لە ریزەکانی سوپادا بێت یاخود لە نێو حەشدی شەعبیدابن، هیچ ماڵێک نییە پیاوێک یان زیاتری لەدەست نەدابێت بەهۆی جەنگی دژی داعشەوە یان بەهۆی تەقینەوە خۆکوژییە بەردەوامەکانەوە.”

بەم دواییانە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رەزامەندی دەربڕی لەسەر رەشنوسی پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازی ئیجباری و ئەندامانی پەرلەمان چاوەڕوانی گەیشتنین تا بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن و دەنگی لەسەر بدەن.

دکتۆرە ئەشواق جاف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق بۆ یەڵڵا دوا و وتی: “ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازیی و پێم وایە دەبێت دوابخرێت، چونکە گەنجەکانمان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین بۆ دابینکردنی گوزەران و ژیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوری و ئەمنییەوە.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە “نا جێگیری دۆخی سیاسی بە شێوەیەکی زۆر خراپ کاریگەریی کردووەتە سەر مەعنەویاتی گەنجەکانمان ئەویش بەهۆی نائومیدبوونیان. دەبێت لە کاتێکدا حکومەت داوای خزمەتی سەربازییان لێبکات، کە بە تەواوی ئامادەبن و متمانەی تەواویان بە ئاسایش و سیاسییەکانی وڵاتەکەیان هەبێت.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە “گەنجەکانمان ئامادەن پارێزگاری لە وڵاتەکەیان بکەن، بەڵگەش بۆ ئەوە؛ کاتێک سەید علی سیستانی فتوایەکی دەرکرد دەربارەی جەنگی داعش، زۆرێک لە گەنجان خۆبەخشانە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەرەکانی جەنگ. بەڵام ئەگەر ناچار بکرێن بە سەپاندنی خزمەتی سەربازی پێش جێگیربوونی دۆخی سیاسی و ئاسایش و ئابوری، ئەوا کارێکی نەگونجاوە.”

سەباح ئەلساعدی ئەندامی لیژنەی پاراستن و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە “لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق داوای کردووە یاسای خزمەتی زۆرەملێی سەربازی پیادە بکرێت لە بری یاسای گاردی نیشتیمانی کە لە ئێستادا لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدایە بۆ تاوتوێکردنی و لە لایەن زۆربەی کوتلەکانی پەرلەمانەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.”

روونیشی کردەوە کەوا عێراق لە “رابردوودا سوپایەکی هەبوو سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەشدارییان تێدا دەکرد، بەڵام دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان هەستان بە هەڵوەشاندنەوەی سوپا هەر بۆیە هیچ سیستمێکی سەربازی روون بۆ عێراقییەکان نەما. پێکهێنانی سوپایەکی نوێ دەستوەردانی زۆر لە سیاسەتمەدارانی بە شێوەی نەرێنی لێکەوتەوە، هەر بۆیە بووەتە سوپایەکی تائیفی و پابەند نەبووە بە ئەرکی سەربازییەکانیەوە. ئێمە لێرەدا گشتاندن بۆ بارودۆخەکە دەکەین ئەگەرنا زۆر شەڕکەرمان هەیە کە خۆشەویستی و دلسۆزییان بۆ نیشتیمان هەیە، هەر بۆیە دەمانەوێت خزمەتی سەربازی ناچاری پیادە بکەین بۆ بنیاتنانەوەی سوپای عێراقی، بەڵام بە بناغەیەکی دروست و دوور لەو کێشانەی باسم کرد.”

هەروەها ئەلساعدی وتی: “ئێمە لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش داوامانکردووە کە یاسای خزمەتی زۆرەملێ لەسەر سیستەمی سەربازی عێراقی دابنرێت بەوەی تەمەنی یاسایی بۆ خزمەتی سەربازی ئەوانە بگرێتەوە کە لە سەرووی ١٨ ساڵەوەن و ماوەی خزمەت ساڵ و نیوێک بێت.”