گرێبەستی چەک لەگەڵ رووسیا بە بەهای ملیاران دۆلار

0

ئەمەل سەقەر – یەڵڵا/بەغدا

حکومەتی عێراق ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ خولی دووەمی کڕینی چەک کە ژمارەیەک گرێبەست لەخۆ دەگرێت لەگەڵ رووسیادا، کە لەگەڵ واقیعی ئێستا و قەیرانی داراییدا بگونجێت کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.

سعد حەدیسی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق، بە یەڵڵای راگەیاند: “ئێمە وەک حکومەت دەمانەوێت سەرچاوەی چەکەکانمان زۆر بکەین و سوود وەربگرین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئەزموونیان هەیە لە بواری پیشەسازی سەربازی، بەتابیەتی کە داواکارییەکی بەردەوام لەسەر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی هەیە لەبەر ئەو جەنگە بەردوامەی  لە دژی رێکخراوی داعش هەمانە.”

پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و رووسیا بەرەو پێشچونی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت و هەردوو وڵات لە هەوڵدان بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکانیان بە تایبەتی لە بواری سەربازی و تەکنیکی و ئابووری و  بوارەکانی نەوت و گازدا.

دەربارەی ئەم بابەتەش حەدیسی وتی: “هەر لە سەرەتای دروستبوونی حکومەتەوە ستراتیژییەتی عێراق لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بنیاتنراوە”، و وتیشی “لایەنی رووسیی دەستپێشخەرییەکی باشی کردوە بۆ هاوکاریی بە تایبەتی لە بواری چەک و سەربازییدا”.

موەفەق روبێعی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان بە یەڵڵای راگەیاند: “عێراق بە دوای گرێبەستی نوێدا دەگەڕێت کە ئەو مەرجانە دەستەبەر بکات کە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا دەگونجێت و بە جۆرێک کە شێوازی پارەدان و دڵنیایی ئاسان بێت و بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا بۆی دابین بکات.”

روبێعی ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق هەوڵی فراوانکردنی گرێبەستە سەربازییەکانی دەدات لەگەڵ رووسیادا بۆ چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان بریتین لە “بەڵێنی رووسیا بۆ حکومەتی عێراق کە ئاسانکاری پێویست بکات بۆ تەواوکردنی سەوداگەرییەکانی ئەو چەکانەی کە داوای کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە پێکهاتەی سوپای عێراقی بە چەکی رووسی راهێندراون، هەر بۆیە پێویستییان بە بەکاربردنی پارەیەکی زۆر نییە بۆ مەبەستی راهێنانیانی سەربازی.”

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

لەم دواییانەدا لایەنی رووسی لە لای خۆیەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی ئاشکرا کرد کە حکومەتی عێراق زیاتر لە ٢٠ (بانتسیر- ئێس ١ ئێن) و ٤٠ هێلیکۆپتەری جەنگی (می-٣٥) و (می-٣٨)ی بەدەست گەیشتووە لە میانی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ رووسیا لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کردوویەتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چەکی رووسی “رووس ئۆبۆرۆن ئاکسبپۆرت” و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی بە پێدانی پارەکانی کردووە.

باتسەر یکێکە لەو ئامێرە سەربازییانەی کە تەنها پێنج وڵات لە جیهاندا هەیەتی کە تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە و هەروەها دژە موشەکیشە.

لەم دواییەدا دەزگاکانی رایگەیاندنی رووسیا لێدوانێکی کۆنستانتین ماکیبینکۆتفیزی جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەکانی ستراتیژی و تەکنۆلۆژیای رووسی بڵاوکردەوە کە دەڵێت ئێستا هەردوو وڵات لە دانووستاندان بۆ دابینکردنی ٣٠ هەلیکۆپتەری می-٢٨ و ٤٢ دانە لە سیستەم م/ت بانتیسیر و چاوەڕوان دەکرێت پاکێجی دووەمی رێککەوتنەکان ئیمزابکرێن بۆ دابینکردنی فرۆکەی میگ – ٢٩ و زرێپۆش. ماکیبینکۆ دەڵێت: “رووسیا فرۆکەی جۆری (سو) و (میگ) و هەلیکۆپتەری (می-٢٨) و چەندین کەرەستەی سەربازی دیکەی بۆ عێراقی دابینکردووە.”

ئەمیر ساعدی شیکەرەوەی سیاسی بە یەڵڵای راگەیاند: “عێراق سەرکەوتوبوو لە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا بەتایبەتی لە گرێبەستەکانی چەکدا، کە وەک کارتێک بۆ پەستان خستنە سەر ئەمریکا بەکاری دەهێنێت.”

سیاسییەکانی عێراق بە بەردەوامی ئەمریکایان بە تۆمەتی نەناردنی چەک و پێداویستی بۆ عێراق تۆمەتبار دەکرد، هەر بۆیە ساعدی دەڵیت: “بەستنی ئەم دوو گرێبەستە پەیامێکی ئاشکرایە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا تا تێبگات ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا عێراق ئەلتەرناتیڤی هەیە.”

ساعدی ئاشکراشی کرد کە “رووسیا دەرگای بە رووی عێراقدا کردووەتەوە و ئێرانیش لەم نێوەندەدا رۆڵێکی ئەرێنی گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا رووسیا هەوڵ دەدات بە کردنەوەی خەزێنە ستراتیجییەکانی لەبەردەم عێراق و دابین کردنی پێداویستییەکانی لە چەک وتەقەمەنی، هاوسەنگی هێز رێکبخاتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Comment moderation is enabled. Your comment may take some time to appear.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!