وا پێدەچێت ئەوروپا وڵاتی بەدیهێنانی خەونی عێراقییەکان نەبێت کە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر بەرەو ئەو وڵاتانە کۆچیان کرد. رۆژی دووشەمە، ڕێکەوتی یەکی شوبات زیاتر لە سەدان عێراقی خۆبەخشانە گەڕانەوە وڵاتەکەیان، کە زۆربەیان گەنجانی برۆکسل بوون و گەرانەوە بۆ بەغداد. وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی بەلجیکا (تیۆ فرانکن) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی بەلجیکی VTM گوتی؛ “زۆرێک لەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردبوو، بە تایبەتی عێراقییەکان کە کرانەوەی سنورەکانیان بە هەل زانیبوو، توشی نائومێدی بوون پاش ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە قاچاخچییەکان بە راستی باسی دۆخی بەلجیکایان بۆ نەکردبوون، ئەمەش وایکرد پاڵ بە زۆرێکیانەوە بنێن و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق”.

تیۆ فرانکلین، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی بەلجیکا لە تویتێکدا دەڵێت؛ “ئەمە یەکەم گەشتی ئەوروپییە تایبەت بەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردوە و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە بۆ بەغداد”. زۆربەی ئەو کەسانەی ئارەزوی گەڕانەوە دەکەن بۆ عێراق، یەکێک لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە هاوکاریکردنی پەنابەران گەشتی گەڕانەوەکەیان بۆ ڕێکدەخەن یاخود خۆیان بەو کارە هەڵدەستن.

وا پێدەچێت داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە بەلجیکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیبێت وەک فرانکلین لە تویتێکی دیکەیدا ئاماژەی پێدەکات؛ “ئەمڕۆ و بۆ یەکەم جار لە پاش دەستپێکردنی قەیرانی کۆچکردن بۆ ئەوروپا،  بەلجیکا هیچ داوایەکی مافی پەنابەرێتی بەدەست نەگەیشتووە.”

یەکێک لەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی کردبوو لە نێو فڕۆکەکەدا بۆ کەناڵی VTM ی بەلجیکی دوا و دەربارەی هۆکاری گەڕانەوەکەی بۆ عێراق گوتی؛ “من دەمەوێت بگەڕێمەوە چونکە بارودۆخ زۆر خراپە لە بەلجیکا و هیچ گرنگییەک نادرێت بە پەنابەران. خواردن و خزمەتگوزاریش زۆر خراپن، بۆیە من پێم باشترە لە عێراقدا بمرم.”