یاسای توندوتیژی خێزانی: “واتا ئەگەر من لە ژنەکەمم دا مافی ئەوەی هەیە شکاتم لێ بکات؟”

0

ئەمەل سەقر- یەڵڵا/بەغداد

سەرۆکی یەکێک لە کوتلە پەرلەمانییەکان لە میانەی کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان بۆ باسکردنی هەموارکردنی یاسای پاراستنی توندوتیژی خێزانی، گوتبووی: “ئەگەر یاساکە پەسەند کرا، ئەوە بە مانای ئەوە دێت ئەگەر لە ژنەکەمدا، مافی ئەوەی هەیە سکاڵام لە دژ تۆمار بکات؟”

دکتۆرە بوشرا ئەلعوبێدی ئەندامی کۆمسیۆنی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ بە یەڵڵای راگەیاند، “تێناگەم چۆن دەکرێت ئەندامێکی پەرلەمان پرسیاری لەو شێوەیە بکات”، و گوتیشی؛ “ئێمە بێ توانا دەبین لە وەڵامدانەوە و ئەوەنەش بەسە بە پرسیارێکیتر وەڵامی بدەینەوە، ئایا لە بنەڕەتدا بۆچی لە ژنەکەت دەدەیت و توندوتیژی بەرامبەر دەکەیت؟”

عوبێدی ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆربەی ئەندام پەرلەمانە پیاوەکان دژی پەسەندکردنی ئەم یاسایە وەستانەوە بە بیانوی ئەوەی ئەم یاسایە پارێزگاری لە ژنان دەکات و کۆمەڵێک مافی پێدەدات کە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگادا ناگونجێت، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە ئەم یاسایە بۆ هەموو تاکەکانی خێزانە بێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو و منداڵدا.”

بە رای عوبێدی، یاسای پاراستن لە توندوتیژی خێزانی لە لایەن ئەنجوومەنی شورای دەوڵەتەوە هەموارکراوەتەوە و دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەویش خوێندنەوەی بۆ کردووە و لە سەرەتای ساڵی رابردوو ناردوویەتی بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ کراوە. یەکەم خوێندنەوەی ئەو یاسایە شەش جار لەسەر خشتەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دانراوە بەڵام هەروەک عوبێدی دەڵێت لە خشتەکە لادراوە چونکە هەندێک کوتلەی پەرلەمان دژی یاساکە وەستاونەتەوە.

رێزان دلێر، بڕیاردەری لیژنەی ئافرەتان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمان، تووشی سەرسوڕمان بووە لە سروشتی ئەو پرسیارانەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی سەر بە کوتلە و پارتە سیاسییەکان کردوویانە.

ئەو بە یەڵڵای گوت: یەکێک لە بنەماکانی یاسا ئەوەیە ئەگەر ژن و پیاوێک ناکۆکییان هەبوو، ئەوا باشترە پیاوەکە ماڵەکە بەجێ بهێڵێت تا یەکلابوونەوەی دۆسیەکەیان و ئاشتبوونەوەیان. ئەوان دەڵێن چۆن دەبێت ژنەکە بەتەنها لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئەوە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە قبووڵنەکراوە و ئەم جۆرە پرسیارە سەیرانە.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەوان زۆر لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە خێزانییەکان تێناگەن و بەرەنگاری یاسا دەبنەوە لە رێی پیاوانی ئاینییەوە کە هەستاون بە دروستکردنی هەڵمەتێکی ئاینیی لەسەر یاسا لە رێگای وتارەکانیانەوە و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە یاسا خێزانی عێراقی لەناودەبات.”

هەندێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەستاون بە سازدانی کۆمەڵێک توێژینەوەی مەیدانی و دیراسات بۆ دۆزینەوەی ئاماری توندوتیژی لە نێو خێزانە عێراقییەکاندا. هەروەک ئەو توێژینەوەیەی کۆمەڵەی ژنانی بەغدا لەسەر رێژەکانی توندوتیژی ئەنجامیان داوە، و دەرکەوتووە کە ژنان داوای یارمەتی لە پێنج ناوەندی یارمەتیدان لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و کەرکووک دەکەن. ٣٩٢ ژن داوای یارمەتییان کردووە بۆ کۆتایی هێنانی ئەو توندوتیژییەی مێردەکانیان یان کەسێکی نزیکیان بەرامبەریان ئەنجامی دەدەن.

لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە رێژەی ٢٤.٥٪ی ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە لایەن مێردەکانیانەوە بە شێوەیەکی دووبارە و ٣١.٥٪ی ژنان رووبەڕووی جنێو و سوکایەتی دەبنەوە و ٣٠٪‌یش هەڕەشەی تەڵاقیان لەسەرە و ٥٠٪ش رێگری لە تەواوکردنی خوێندنیان کراوە، هەروەها ١٨٪ش ناچار دەکرێن بۆ ئەنجامدانی سێکس بە بێ ئارەزوی خۆیان.

توێژینەوەکە دەری دەخات کە ١١.٥٪ی ژنان رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە لە لایەن خزمێکی مەحرومی نزیکی خۆیانەوە، و هەروەک توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەمەن و ئاستی خوێندەواری و کارکردن یان کارنەکردنی ژنەکە پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە نییە.

توندوتیژییەکان تەنها دژ بە ژنان نەبوون بەڵکو رووبەڕووی پیاوانیش بووەتەوە. ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری بە یەڵڵای راگەیاند کە دادگای توندوتیژی خێزانی لە بەغدا چەندەها دۆسیەی لا تۆمارکراوە کە پیاوان دژ بە ژنەکانیان تۆماریان کردووە لەسەر تاوانەکانی توندوتیژی و هەڕەشە و هەوڵی کوشتن و ئەنجامدانی ناپاکی هاوسەرگیری. دادگاکە ژمارەی دۆسیەکانی بە تەواوی دیاری نەکردووە، بەڵام ئامارەکان دەڵێن لە مانگی کانوونی دووەم ٣ سکاڵای وەها تۆمارکراون.”

پارێزەر ئیمان عبدالرحمان وەک سەرکردەیەک و بەڕێوەبەری پەیمانگای ژنان دەڵێت: “ئێمە پەیامێکمان بۆ پیاوانی نێو پەرلەمان و پیاوانی ئایینی نارد، کە چۆن وەڵامی قەزییەکانی توندوتیژی خێزانی بردێتەوە و چۆن لە رووی ئایینییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.”

عوبێدی دەپرسێت: “چۆن دەکرێت لە رووی ئاینەوە مامەڵە لەگەڵ کوشتن، دەستدرێژی سێکسی و چەوساندنەوەی ژنان و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵ لە لایەن دایکان و باوکانەوە بکرێت، سەرباری چەندین کێشەی توندوتیژی زۆر جیاواز و ئاڵۆز.”

هەروەها گوتیشی: “ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بایەخ بە کاروباری خێزان دەدەین لەسەر یاسای پاراستن لە توندوتیژی خێزانی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یاساکە سەرباری هەموو نارەزایەتییەکان خواستەکانمانی بەدی نەهێناوە، ئەویش سزادانی کەسی توندوتیژکار بە سزای ماددی توند، جگە لەوەی شێوازەکانی توندوتیژی پۆلێن نەکراوە و هەموو جۆرە تاوانێک بە پێی قورساییەکەی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.”

پارێزەر ئیمان گوتیشی: “ئێمە کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەر یاساکە هەبوو بەر لەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و درا بە پەرلەمانتاران تا دەستکاری بکرێت لەگەڵ پەسەندکردنی یاساکە، ئەگەر دەیانەوێت خێزانی عێراقی بپارێزن و رێگە بگرن لە لەناوچوونی کۆمەڵگای عێراقی.”

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!