ئۆفیسەکانی کارکردن لە بەغدا روویەک بۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە و دادگاکان ١٥٢ دۆسییەی بازرگانی کردنیان لە ماوەی ٢ ساڵ هەڵوەشاندووەتەوە

 ئەمەل سەقەر – یەڵلا/بەغدا

 دەسەڵاتدارانی ئەمنی بەغداد هەستان بە داخستنی ئۆفیسی دوو کۆمپانیای کرێکارانی هێزیکار دوای ئەوەی خاوەنەکانیان تۆمەتبار دەرچوون بە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە. لە کاتێکدا ئەم جێگایانە کەسانی گەنج بەناوی کارکردنەوە بۆ خۆیان رادەکێشن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کە پیشوەخت ئەم کەسانە فرۆشراون بە مافیاکانی دەرەوەی وڵات بە ئامانجی ناچارکردنیان بە کارکردنی بێ بەرامبەر یاخود قۆستنەوەیەوان لە رووی سێکسییەوە یان بازرگانی کردن بە ئەندامەکانی لەشیان و دواتر کوشتنیان.

عەمید خالید محنا، سەرپەرشتیاری گشتی لە دەزگای پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ، بە یەڵلا-ی گوت: “دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت دوو ئۆفیسی لەم شێوەیە هەن و هەر بۆیە ئێمەش هەستاین بە داخستنیان. ئەو دوو ئۆفیسەش کەوتوونەتە گەرەکەکانی کەڕادە و کازمییە و ئێمەش بەردەوام کار دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی شوێنی لەم شێوەیە.”

هەروەها گوتی: “لە عێراقدا بەڕێوەبەرایەتیییەکی تایبەت بە بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردنی بە مرۆڤەوەو هەیە و بەشێکە لە وەزارەتی ناوخۆ. بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە نەهێشتنی زۆر دیاردەی ناشرینی و سلبی نێو کۆمەڵگا کاری پۆلیسی کۆمەڵگایە و ئێمەش هەوڵ دەدەین کۆمەڵگا ڕۆشنبیر بکەین لە بابەتەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و شێوازەکانی راکێشانی گەنجانی هەردوو رەگەز بۆ ناو ئەم کارە .”

سەرباری ئەوەی یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٢ پەسەند کراوە، بەڵام تاوەکو سەرەتای ٢٠١٤ کاری پێنەکرا تا ئەو کاتەی یەکەم حاڵەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشان کرا و قوربانییەکانیش منداڵی ناشەرعی بوون، کە بە گوێرەی دەستەڵاتی دادوەری “ئەو منداڵانە لە رێی رەزامەندی دایکیانەوە دەفرۆشران بۆ ئەو مەبەستەی هەڵبگیرێنەوە یان بازرگانی بە ئەندامەکانی لەشیانەوە بکرێن.”

عبدالستار بریقدار، وتەبێژی دەستەڵاتی دادوەری، بە یەڵلا-ی گوت: “دادگای بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لێکۆڵینەوەی لە ١٥٢ دۆسییەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کردوە و لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ژمارەی دۆسییەکان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.”

بیرقدار بە ژمارە دۆسییەکانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە عێراق و ژمارەی قوربانییەکان و ئەنجامی دادگای خستەڕوو و گوتی: “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ١٥٢دۆسیەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە هەبووە کە ژمارەی قوربانییەکان ٤٧ کەس بوون، لە ٤٦ دۆسییەدا دادگا بڕیاری خۆی داوە و ٢٦ دۆسیەی دیکەش هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.”

هەروەها جەختی کردەوە کە دەستەڵاتی دادوەری لەگەڵ لایەنەکانی لێکۆڵینەوە کار دەکات بۆ لەناوبردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە عێراق و رایگەیاند کە تاوانبارانی ئەم کارە حوکمی لەسێدارەدان یان حوکمی هەتا هەتاییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

سەرەتای ئەمساڵ راگەیاندرا کە باندێکی بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەستگیرکرا کە  ٣٩ بەنگلادێشییان تێدابوو بە ئامانجی بەکارهێنان و بازرگانی کردن پێیان. بە گوێرەی ناوەندی راگەیاندنی دەستەڵاتی دادوەری کە یەڵلا دەستی پێگەیشتووە: “باندەکە لە کەسانی عێراقی و بەنگلادیشی پێکهاتووە کە کرێکاری بەنگلادیشییان دەهێنایە ناو وڵاتەوە و لە ماڵێکدا لە گەرەکی کەرادەی ناوەراستی بەغدا دەستبەسەریان دەکردن. بەرامبەر هەر یەکێک لە قوربانییەکان دوو هەزار دۆلار دراوە بەخێزانەکانیان بە مەبەستی هێنانیان بۆ عێراق و کار پێکردنیان”.

لایەنە ئەمنییەکان، کە هەڵیان کوتایە سەر ئەو جێگایە بۆیان دەرکەوت کە “قوربانییەکان لە نێو ژوورەکانی ماڵەکەدا دابەشکرابوون و ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجەدانیان پێوە دیاربوو و رۆژانە تەنها یەک ژەم خواردنیان پێدرابوو. ئەم قوربانییانە لە نێوان ١٠ تا ٤٠ رۆژ لەوێ بەندکرابوون.”

لای خۆیەوە، د. ئەشواف جاف، ئەندامی لێژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لە یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە گرت و بە پێکەنیناوی وەسفی کردو بە یەڵلا-ی گوت: “پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دەرکردنی رەشنووسێکی یاسایەکی نوێیە و ئەمەش پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لە یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە ئەنجام داوە و بۆیان دەرکەوتوە کە بۆشایی یاسایی زۆری تێدایە.”

هەروەها رەخنەی لە جێبەجێکردنی یاساکان لە لایەن حکوومەتەوە گرت و گوتی: “تا ئێستا ئەو یاسایە بە گوێرەی پێویست نییە کە بتوانین بڵێین توانیویانە سنوورێک بۆ بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە عێراق دابنێن.”

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە جنێفە، رایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ ساڵانە نزیکە لە ٢٠ ملیۆن کەسە.