٣٠ هەڵە! ئەگەر ڕاستیشن ئەنجامیان مەدە- بەشی یەکەم

لێرەدا ٣٠ ڕستەمان بۆ هەڵبژاردوون کە دەبێت لە کاتی چاوپێکەوتنی کاردا وەلایاننێین و نەیڵێین ، لە کاتێکدا سیڤییەکەت هەڵبژێردراوە و پەیوەندیت پێوەکراوە بۆ  دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتن. هەر بۆیە خۆت ئامادە بکە و هێز و تواناکانت کۆبکەرەوە  بۆ ئەوەی بزانیت چی دەڵێیت لەو کاتەدا.  لە سەرەتادا دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە چۆن بتوانیت وێنەیەکی پۆزەتیڤ لە لای بەڕێوبەری داهاتووت بەجێ بهێڵیت . وەک دەزانیت چاوپێکەوتنی کار گفتوو گۆیەکی ڕاستگۆیانەیە لە نێوان کەسی هەڵبژێردراو بۆ کار و ئەندامانی لیژنەی چاوپێکەوتن کە  بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسە ئەنجامی دەدەن ئایا کەسێکی گونجاوە بۆ ئەو کارە یان نا. پێتان دەڵیین ڕاستگۆیی شانسی بەدەستهێنانی کارەکەت زیاتر دەکات بەڵام هەندێک ڕستە هەیە دەکرێت کاریگەری خراپی هەبێت لە چاوپیکەوتندا تەنانەت ئەگەر ڕاستیشبن باشتروایە وەلایان بنێیت، با بزانین کامانەن:

١. تەنها دەمەوێت دڵنیابم: کاتێک ئیمێڵێک یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیت بۆ دێت بۆ دیاریکردنی کاتی چاوپیکەوتن، دواتربۆ دڵنیابوونەوە پەیوەندییان پێوە مەکەرەوە ، ئەگەر واتکرد و هیچ وەڵامێکت دەست نەکەوت ئەوا دووبارەی مەکەرەوە  چونکە وا دەکەیت کە لیژنەی بڕیاردەر چاوپێکەتنەکەت هەڵبوەشێننەوە چونکە پێیان وایە متمانەت بە خۆت و بەو کەسانە نییە کە چوپێکەوتنەکەت لەگەڵدا ئەنجام دەدەن.

٢. ببورە بۆ دواکەوتن: بە کورتی، هەرگیز دوامەکەوە. بارودۆخ هەرچۆنیک بێت هەوڵبدە زو هەستە لە خەو هەتا بتوانیت زوو لە ماڵ دەربچیت و زوو بگەیتە شوێنی مەبەست.  دەتوانیت لە شوێنێکی نزیک لە شوێنی چاوپیکەوتنەکە دابنیشیت  تا کاتی دیاریکراو دێت و بە متمانەوە ئامادەی چاوپێکەوتنەکە ببیت. هەرگیز مەڵێ کەس نییە چاودێرتی منداڵەکانم بکات؛ یان بە باشی خۆت ئامادە بکە چونکە دەزانیت چاوپێکەوتنی کارت هەیە و هیچ پاساوێک پەسەند ناکرێت لەو کاتەدا، یان ماڵئاوایی لە بەدەستهێنانی کار بکە.

٣. ببورە کە زوو هاتم: هەرگیز ئەوەندەش جدی مەبە کە سێ چارەک یان نیو کاتژمیر پێش وادەی دیاریکراوئامادەبیت، چونکە لەو کاتەدا ئەندامانی لیژنە وات لێدەکەن هەست بە تاوان بکەیت و لە دەرەوە چاوەڕوانبیت تا وادەی دیاریکراوی چاوپێکەوتنەکە، یاخود ئەوان هەست بە تاوان دەکەن بە هۆی ئەوەی تۆ لەچاوەڕوانیدایت، هەر بۆیە ئەوانیش مەخەرە ئەو دۆخەوە  چونکە لە کۆتاییدا وێنایەکی نیگەتیڤت لەسەر وەردەگرن.

٤. پێموابوو کۆپییەکتان هەیە یاخود لە نیو سیڤییەکەمد هەیە: هەموو بەڵگە و دۆکۆمێنتە گرنگەکان لەگەڵ خۆتدا بهێنە کە داوا کراوە، هەروەها ئامادەبە بۆ هەموو پرسیارێک کە لێت دەکرێت دەربارەی سیڤییەکەت و کارەکانی کە لە ڕابردوودا ئەنجامت داوە چونکە ئەمە دەبێتە چانسێکی باش بۆ ئەوەی بتوانیت بە وردەکاری هەموو شتێکیان بۆ ڕون بکەیتەوەو ئەمەش شانسی وەرگرتنت لە لایەن لیژنەکەوە زیاد دەکات. هەرگیز مەڵی کۆپییەکتان لە سیڤییەکە هەیە یان هەموو شتێک بە ڕونی نوسراوە لە نێو سیڤییەکەمدا،  چونکە وای دادەنێن کە لە ئێستاوە چاوپێکەوتنەکەت بەلاوە گرنگ نییە ئاخۆ پاشان چۆن کاردەکەیت؟ ئەندامانی لیژنەکە ئا بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە، هەر بۆیە ئاگاداربە.

٥. لە ڕاستیدا زۆر شڵەژاوم یان هیچ ئەزمونێکی لەم شێوەیەم نییە  یان دڵنیا نیم ئایا گونجاوم بۆ ئەم کارە یان نا بەڵام هەوڵی خۆم دەدەم چونکە کارەکەم بە لاوە گرنگە: تەنانەت ئەگەربە ڕاسەیەک  شڵەژاویت کە هەرگیز وانەبوویت، ئەوەت لە بیربێت هیچ کۆمپانیاییەک نییە لە جیهاندا بییەوێت کەسێک دابمەزرێنێت متمانەی بەخۆی نەبێت، هەر بۆیە هەوڵ بدە خۆت بگرە و بە هێمنی هەناسە بدە، دابنیشە و مێشکت ئارامبکەرەوە بۆ ئەوەی نەشڵەژێیت چونکە خۆی لە خۆیدا وشەی (من شڵەژاوم) بە دڵنیاییەوە نیشانەیەکی سور لەسەر ناوەکەت دادەنیت . بێگومان هەرگیز مەڵێ من ئەزمونێکی تەواوم نییە لەم بوارەدا و پێم وانییە من کەسێکی شیاوبم بۆ ئەم کارە چونکە ئەم دەربڕینانە ئاماژەن بۆ نەبوونی متمانە بە خۆت و بێگومان ئەوە دەردەخات کە تۆ پابەند نیت بە کارەکەتەوە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە چونکە ئەوە شتێکی ئاساییە هەتا ڕادێیت لەگەڵ کەش و جۆری کارەکەدا، هەر بۆیە لە یەکەم ڕۆژەوە متمانە بەخۆبوونت لەدەست مەدە و ئەو دۆخە مەخوڵقێنە کە وابزانن متمانەت بەخۆت نییە، ئەگەر نا بێگومان دەستنیشان ناکرێیت بۆ ئەو کارە.

٦. لە کارەکەی پێشودا دەرکرام: چی ڕویدا لە کارەکەی پێشوتدا؟  بۆچی وا دەڵێیت؟  دڵنیابە لەوەی کە کاریگەرییەکی خراپی جێدەهێڵێت بەسەرتەوە. ڕاستە ڕاستگۆیی گرنگە بەڵام ئەم زانیارییە باش نییە کە بگوترێت بە ئەندامانی لیژنەکە. ئێمە پێت ناڵێین درۆ بکە، بەڵام هەوڵ بدە بزانیت چۆن وشەکانت هەڵدەبژێریت، بۆ نمونە دەتوانیت بڵێت کە لەگەڵ بەڕێوبەرەکەتدا کەمێک بیر و ڕاتان جیاوازبوو و نەتان دەتوانی بەو شێوەیە بەردەوامبن و هەر بۆیە وا باشتر بوو کە کارێکی نوێ بدۆزمەوە، هەوڵ بدە جەخت لەسەر ئەوە بکەرەوە کە چی فێربوویت لە ئەزموونی پێشوت، پاشان باسی گرنگی ئەو کارە بکە کە ئێستا دەتەوێت بیکەیت و  باشترین هەوڵی خۆتی بۆ دەدەیت.

٧. کاری پێشوم وەک دێوەزمە بوو وبەڕێوبەرەکەم “زۆر” خراپ بوو: دەزانین کە لیژنەی هەڵسەنگاندنەکە زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی  کۆمپانیای خراپ و بەڕیوبەری خراپ هەیە بەڵام بەڵام تۆ هەوڵ بدە وشەی نەشیاو لەسەر بەڕێوبەر و کۆمپانیاکەی پێشوت بەکار مەهێنە. دەکرێت کەسێکی پۆزەتیڤ بیت و هەرگیز وشەی نەشیاو لەسەر بەڕێوبەری پێشوت بەکار نەهێنیت چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کەسایەتیت و وێنەیەکی نەشیاوت پی دەدات لە لایەن ئەندامانی لیژنەکە و وا بیر دەکەنەوە کارکردن  لەگەڵ تۆدا ئاسان نییە، چونکە ئەوان هیچ لەسەر ڕابردوو و کەسایەتی تۆ نازانن، هەر بۆیە زۆر وریابە و هەر وشەیەک دەریدەبڕیت گرنگی خۆی هەیە و کەسایەتی تۆ دیاری دەکات، بۆیە باشتر وایە بە شێوەیەکی ئیجابی کەسایەتیت بنیات بنێیت لەبەردەم لیژنەکەدا.

٨. ئەو ئیشەم بیر نایەتەوە لەسەر سیڤییەکەم چونکە تەنها بۆ ماوەی دوو مانگ کارم تێداکرد: پێویست ناکات بە شێوەیەکی بەربڵاو باسی هەموو وردەکارییەکان بکەیت و لیستێکی دوور و درێژ بنوسیت لەسەر هەر کارێک کە ئەنجامت داوە، باشتر وایە ئەو شتانە هەڵبژێریت کە دەتەوێت لە سیڤییەکەتدا باسی بکەیت،  گەر ئاماژە بەوە دەکەیت بۆ ماوەی دوو مانگ لە شوێنێک کارت کردووە ئەمە وا لە ئەندامانی لیژنەکە دەکات بیربکەنەوە بۆچی؟ کێشە چی بووە؟ ئایا دەریانکردوویت؟  ئایا نەتتوانی بگونجێیت لەگەڵ هاوکارەکانتدا؟ هەر بۆیە وریابە  زمانت لە وشەیەک نەگیرێت کە لە سیڤییەکەتدا باست نەکردووە. لە هەمان کاتداگومانی تێدا نییە کار هەیە کە ماوەکەی کورتە وەک هەندێک کار کە تەنها لە هاویندا دەکرێن، گرێبەستی کار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود هەر کارێکیتر کە وا بنیاتنراوە کاتەکەی کورتبیت.

٩. ساڵی داهاتوو دەست بە خوێندن دەکەم: بێگومان خوێندن شتێکی خراپ نییە، بەڵام کاتێک بە لیژنەکە دەڵێیت پاش ساڵێک دەڕۆیت و کار بەجێدەهێڵێت، ئەمە دەبێتە گرفت.  ئەگەر خوێندنەکەت تایبەتە یاخود لە ڕیگای ئینتەرنێتەوەیە و کار ناکاتە سەر شێوازی کرکردنت ئەوا پێویست ناکات باسی بکەیت  چونکە هەندێک کار سترێسێکی زۆریان لەسەر و گومانی تێدا نییە کە پێویست دەکات نیگەرانبن و دڵنیابن لەوەی کەموو کورتیت نابیت لە کارەکەتدا، هەر بۆیە دەبێت زۆر وریابیت لەو بابەتەدا.

١٠. ڕیفرێنسم نییە یان ئایا پێویست دەکات ڕیفرێنس پەیدا بکەم؟ ( ڕیفرێنس ئەو کەسەیە کە لیژنەکە پەیوەندی پێوە دەکەن و پرسیاری تۆی لێدەکەن لەسەر کاری پێشوت ئیت بەڕیوبەر بێت یاخود هاوکارتبێت لە کاری پێشودا): لە ڕاستیدا دەبێت ڕیفرێنست هەبێت، ئایا بەڕیوبەربێت یان هاوکارێک بێت لە کارەکەی پێشوتدا. لە کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەدا ڕەنگە داوات لیبکەن ڕیفرێنسێکیان بۆ پێشنیار بکەیت، بەڵام ئەگەر داوا نەکرا هەوڵ مەدە خۆت پێشنیار بکەیت،  چاوپێکەوتنی کار وەکو ژوانێکی دڵداری وایە دەبیت ڕێگایەکی ڕاست هەڵبژێریت  بۆ ئەوەی جار جاری داهاتوو پەیوەندیت پێوە بکاتەوە، هەر بۆیە پێشنیارکردنی رێفرێنس وات دەردەخات کە تۆ کەسێکی بێ ورەیت و لەگەڵ ئەوەشدا دەگوترێت زۆر بەکارهێنانی ڕیفرێنس سەرکێشییە. هەر بۆیە بە ئاگابە و بە وریایی هەنگاو بنی.