هەمووان دەزانین کە هیچ مرۆڤێک بێ کەم و کوڕی نییە ! بەو پێیەش کە هاوڕێکەت مرۆڤە، بە دڵنییاییەوە کەم وکوری تێدا دەدۆزیتەوە. من هاوڕێکانمم زۆر خۆشدەوێت بۆیەش دوای لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە  بۆ ١٠ جۆر پۆلێنم کردوون، لەوانەیە تۆش ڕات وەکو من بێت و لەوانەشە کە رایەکی جیاوازت هەبێت بەڵام هیچ زەرەر ناکەیت و پۆلێنەکەی من بخوێنەوە:

بزێو

کەسێكی زۆر هایپەرە.. ئەمە کاتێک قسە دەکات تا دەتوانێت دەنگی بەرزدەکاتەوە و بابەتەکەش زۆر بێمانا و هیچە و ئەم هەموو جۆش و خرۆشەی ناوێت.. بە جۆرێک خۆی تێکداوە ئەڵێی بەشە میراتیت خواردووە و دەکێشێت بەسەر شانتدا تا هێزی تێدایە هاوار دەکات بە بن گوێتدا…کاتێکیش خوا و پێغەمەر دەکەیت بە واستە بۆ ئەوەی کەمێک هێوری بکەیتەوە هەر دوو خولەک جارێک دەست پێدەکاتەوە.

ئەم جۆرانە تەنانەت نازانن هەستەکانیشیان وەک مرۆڤ دەربڕن.. تا دەتوانێت ملت دەگوشێت و دەڵێت “هەی کوڕی ***** دەزانیت چەندم خۆشدەوێیت”. حەلیان نییە!

جدی

ئەم جۆرە وشە و دەستەواژەی زۆر جدی لە شوێنی ناجدییدا بەکاردەهێنن، هەر کە دەمی کردەوە وشەی  “پرۆفێشناڵ، لیبراڵ، کارامە، ژیاندۆست” بەکاردێنێت ، جا تۆش تەنها تەرکیزت لای دەستەواژە فەلسەفییەکانی ئەوە و ئاگات  لەباقی قسەکانی نامێنێت… وشەی “گرفت و لەمپەر”  لای ئەو هەر ئاو خواردنەوەیە …ئیتر ئەم خۆی بێتام نەکات ئەی کێ بیکات کاکە!

عەکسی عالەم

سەرەتای هەموو قسەیەکی بە “بە پێچەوانەوە” یان “بە نەخێر عەکسەوە” دەستپیدەکات، تەنانەت ئەگەر هیچ بابەتێکیش نەبێت دەبێت شتێک بدۆزێتەوە و ڕایەکی جیاوازی هەبێت، ناتوانێت شتێک ببینێت و قسەی لەسەر نەکات جا باش بێت یان خراپ..

ئێمە هیچ کێشەمان نییە لەگەڵ ئەم دژە ئاڕاستەیە بەڵام خۆ دەبێت بزانم مەسەلە چییە.. کاتێک من دەڵێم “لەفەی گەس زۆر خۆشە” دەست بەجێ ئەو دەڵێت بە عەکسەوە فەلافل زۆر خۆشە.. هەر کاتێکیش کە دەڵێیت “ئەمڕۆ جەو گەرمە” یەکسەر دەڵێت “بە عەکسەوە زۆر فێنکە، کوا هەتاو”؟…

بێتام

ئەم جۆرەیان ئەوەندە بێتامە کاتێک قسە دەکات بەس خۆی پێدەکەنێت.. هەندێک جاریش قسەکانی ئەوەندە بێتامن لە داخا تۆش دەکەویتە پێکەنین.. کێشەکە ئەوەیە لەوە تێناگات کە کابرایەکی هەزەلی نییە. ئەوە هەر باسی نوکتە و بەسەرهاتە سەدبارەکانی هەر مەکە.

گرنگ

ئەم  جۆرەشیان دایمە وانیشان دەدات کە ئەو زۆر  گرنگە و تۆش هیچ نیت لە چاویدا.. زۆر ماستاو چییە و پەیوەندی لەگەڵ دار و بەرددا بەهێزە، لە هیچ شوێنێکیش پەکی ناکەوێت و واستەی خۆی هەیە.. خۆ ئەگەر پەکت بکەوێت لە دائیرەی کارەبا، یان ئەگەر ویستت پاسپۆرتەکەت نوێ بکەیتەوە هیچ خەمت نەبێت، هەمووی عایدی خۆیەتی.. هەندێک جار وام لێدێت هەست بکەم هەموو دامەزراوەکانی حکومەت لە ماڵەکەیدا کۆبوونەتەوە.

هاوڕێی کات بەسەربردن

دایمە لە چایخانەکاندا کەوتووە..یان کۆنکەن دەکات یان  تاوڵە و دۆمینە.. بەڵام نە ژمارەی مۆبایلتان لای یەکە ونە لە فەیسبووکیش لە لیستی هاوڕێکانت دایە. جەوی خۆتان دەکەن و دوای ئەوە هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی.. ئەمەش بێ سەرئێشەترین جۆری هاوڕێیەتییە کە نە کۆت و بەند و نە پێشبینیه و نە چاکە و پیاوەتی تێدا نییە.

سوپەرستار

پانتۆڵی زۆر تەسک لەبەر دەکات.. لەگەڵ جوتێک پێڵاوی لەماع کە ئاو لە چاو دەبات. یەک دنیا جیڵی داوە لە سەر و قژی و زۆر بە ئاشکراش هەستی پێدەکەیت کە ئەمە ستایلی ئەو نییە و لێی نایەت… فەیسبووکەکەی پڕە لە شیعر و وێنە “ئازارەکانت فێریان کردم”، رۆژانەی پیاوێکی دۆڕاو” منداڵییم بدەرەوە”.. وێنەکانیشی بە لەقتەی زۆر هونەرییەوە گرتووە، هیچ فڕیشی بەسەر هونەرەوە نییە، یەک تۆزیش لە فاشن و دیزاین سەری دەرناچێت..

نەرم

ئەم جۆرە پی بە پێ لەگەڵتایە. بڵێ “ئەمڕۆ رێگا زۆر قەرەباڵغبوو” یەکسەر دەڵێت “ئەرێوەڵا وایە”.. بڵی “بەس باشبوو قەرەباڵغییەکە زوو تەواوبوو”ئەویش دەڵێت “ئەروەڵا باشبوو بە ١٠ خولەک گەیشتم”… هەست بەچی دەکەیت؟!! رای خۆت هەبێت فەقیر حاڵ.

بزنس مان

ئەم برادەرەشیان هەمیشە پرۆژەی زەبەلاح و خەونی مەزنی هەیە..هەمیشە منیش دەکات بە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارەکانی.

برادەری هاوڕێی تەنگانە

ئەمەش بەناوبانگترین جۆریانە. ئەو کاتانە دێت کە زۆر بێزار و توڕەیت، هێندەیتر میزاجت تێکدەدات و ورەت دەڕوخێنێت و دەڕوات… زۆر بە سادەیی دێت و دەڵێت “چیتە وەک مریشک لە ماڵەوە کەوتویت؟ ئەبینیت چیت بەسەر هاتووە؟ دەمو چاوت ترشاوە و پان بوویتەوەتەوە.. کەئابەش لێی داویت؟ خۆ ئەمە نەهاتووە یارمەتیت بدات بەڵکو هاتووە بە تەواوەتی بتڕوخێنێت و لەکۆڵتکاتەوە.