گوڵ هەنار سەعدی

پێم وابێ کاتێکی زۆری دەوێت تا کچەکانمان لەوە تێدەگەن کە ئەوەی دەیکەن هیچ لە خزمەتی ئەواندا نییە، ئەم ئیزدیواجیەتەی تێی کەتووین کەم نییە، بەڵام با لەکچەکانمانەوە دەست پێبکەین.

کچەکانمان لەسناپ ئازادن، دەمیان دەکەنە مراوی و ناسک ناسک پەنجەکانیان دەخەنە سەر کوڵمیان و لەگەڵ گۆرانییەکی ناخۆش لارولەنجە دەکەن و هەر لە مکیاژ و دەست جوڵاندن تا دەگاتە نیگای چاویشیان هەر هەمووی کۆپیە، و وەکو ناوی خۆیان لەبەریان کردووە و وەکو باشترین هونەرمەند بۆتی دووبارە دەکەنەوە، کەچی هەر ئەم کچانە لە فەیسبووک پشت  دەکەنە کامێرا، یانیش پرۆفایلەکەیان وێنەی ئەنجلینا و سیلینا گومێز و لۆکەی لەسەرە!

ئەگەر ئەمە نەخۆشی وئیزدیواجییەت نەبێت چییە؟ ئێستا یەکێک پەیدا دەبێت و باس لە مەترسی بەرنامەکانی فۆتۆشۆپ و حەیاچوون و کوڕی خراپ دەکات، ئێ وایە و منیش نەمگوتووە کە هیچ یەکێ لەوانە ڕاستت نین بەڵام بوەستن،  باشە ئێمە یان دەبێت لەبەرگی کچە ئەوروپی و لوبنانییەکان بژین یان لە بەرگی ژنانی سعودیە، خۆ دیارە ئێمەش نە ئەوەیانین و نەئەمەیان واتە ئێمە نە کۆمەڵگەیەکی ئەوەندە کراوەین تا کچەکانمان بتوانن بەئاشکرایی ئەم بەزمانە بکەن کە لە سناپ دەیکەن و نەئەوەندەش داخراوین هەتا وەکو ژنانی سعودیە لەپشتی پەچەوە بژین.

کۆمەڵگەی کوردی خەریکە بە تەواوی تووشی شێوان دەبێت و ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات، هەموو ژنێک و کچێکی کورد دەبێت باش لەوە تێبگات کە ژنانی کورد هیچ کات دەموچاویان نەپێچاوەتەوە و پشتیان لە بێگانە نەکردووە، بەڵکو وەکو لەبابەتەکانی پێشووتریش باسم کردووە کە ڕۆژهەڵاتناسان هەموو کات ئاماژەیان بە بوێری و خانەدانی ئافرەتی کورد کردووە بەوەی کە بەخێرهاتنی میوانی بێگانەیان کردووە، و لەکاتی سڵاوکردن لە پیاوی بیانی ڕوویان وەرنەگێڕاوە، هەتا ئێستاش لەهەندێک لەلادێکانی رۆژهەڵات و کوردستانی خۆشـمان ئافرەتان شەرواڵ لەپێدەکەن، و لەگەڵ پیاوەکان کاردەکەن.

من زۆر جار دڵم بەوە دەگیرێت کەدەبینم کچێک یان ژنێک باس لە مافی خۆی دەکات و پێی وایە کە پێویستە لەخۆمانەوە دەست پێبکەین، بەڵام کە سەیری پرۆفایلەکەی دەکەیت وێنەی منداڵەکەی یان وێنەی کەسێکی تری داناوە، دەزانن ئێستاش لە هەندێک وڵاتی عەرەبی ژن بەناوی منداڵەکانی بانگ دەکرێت وەکو ئەوەی ناوی خۆی عەیبە بێت؟

ئەزیزی من، تۆ دەموچاوت هیچ عەیبەیەک نییە بۆ ئەوەی دایپۆشیت و بیشاریتەوە، خۆشت یەکلایی بکەوە یان ئەوەتا هەژمار لەهیچ تۆرێک دامەنێ یانیش کەداتنا ئازابە و ناوی خۆت و وێنەی خۆت دانێ، بەرگری لە کەسایەتی و ناو و ڕووخساری خۆت بکە  و شانازیان پێوەبکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە بازرگانیان پێوە بکەیت بۆ ئەوەی لایک وکۆمێنت کۆبکەیتەوە، یان رێکلام بۆ ڕووخسار و جلوبەرگەکانتی پێوە بکەیت، تۆ مرۆڤیت و ڕووخسارت بەشێکە لەجەستەت، خۆشت بوێ وڕێزی بگرە.

تەنها دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم، ئەم جۆرە فۆتۆیانە ئەو هەستە دەبەخشێتە ئەوانەی دەرووبەرت کە تۆ گرفتێکت هەیە، یان زۆر ترسنۆکیت وکەسایەتیت لاوازە یانیش پەیوەندیت لەگەڵ کەسی خراپ هەیە و دەترسیت کە بەخراپی سوود لە فۆتۆکانت وەربگیرێت، لەهەموو حاڵەتەکان ئەم وێنانە ئەوەندەی مەسجێکی خراپ دەگوازێتەوە خزمەتێک پێشکەش بەتۆ ناکات!

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *