ئامادەکردن: ئاشتی تەیموور

نوقڵە عوسمان کچێکی جوان و خوێن شیرینی شاری سلێمانییە، ئەو لە منداڵییەوە هەوڵیداوە ئەوەی لە مێشکیدایە بیکاتە راستی و ببێتە دیزاینەرێکی بەناوبانگ کە براند و مارکەی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئێستا ئەم خانمە لە بەدیهێنانی خەونەکەی نزیک بووەتەوە و دەستی بەو کارە کردووە کە چەندین ساڵە ئاواتی بۆ خواستووە. لە ئێستادا زۆربەی خانمە بەناوبانگەکان لەکوردستان دیزاینی ئەم کچە کوردە دەپۆشن و داوای لێکراوە چەندین دیزاینی تایبەت دروست بکات کە دووبارە بوونەوەی نەبێت. یەکەم دیزاینی ئەم خانمە دیزاینەرە لەلایەن خاتوو ژالیا سیروان، شاجوانی کوردستانەوە لەبەرکراوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ یەڵڵا نوقڵە عوسمان دەڵێت ” پێچەوانەی هە موو مە خلووقەکان وویستوومە ئە وەی لە مێشکمدایە بیکەم بە واقیع هەرچەندە هەنگاوەکان بۆ من سەخت بوون و ڕۆشتن بەو ڕێگایانەی دەمەوێت دژوارە، بەڵام خەونەکانم هەر بۆ ئەوە نەبوون بیر یان لێ بکەمەوە ئەبوو بوێری ئەوەم هەبێت بیانکەم بە واقیع. ئێمەی کچ خەونێکی جیاوازی کچانەمان هەیە، دەمانەوێت ئەو عەزیەی بۆ مارەبڕین، خەنەبەندان یاخود گواستنەوە لەبەری دەکەین کراسێکی ئەفسوناووی و ناوازە بێت جوانتر ئەوەیە ئەم جلە هی خۆمان بێت و تایبەت بە خۆمان دیزاین کرا بێت تا بتوانین بیهێڵێنەوە بۆ کچەکانمان”.
ئاواتەکانی نوقڵە زۆر گەورەتر لەوەن کە بیریلێدەکەینەوە، ئەو دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا براندێکی تایبەت بە خۆی هەبێت بە جۆرێک هەموو کچانی کورد بتوانن دیزاینەکانی ئەو بپۆشن. نوقڵە دەڵێت ئەگەر خەونێکت هەبێت و هەوڵی بۆ بدەیت ئەوە موستەحیلە ئەو خەونەت بەدی نەیەت بۆیە هەر ئاواتێکتان هەیە دەستبەرداری مەبن و بە جارێک و دووجار شکست کۆڵی لێمەدەن.

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ یەڵڵا نوقڵە گووتی” بەقسەی خەڵک من شکستم هێنابوو، چونکە خوێندکاری 12زانستی بووم بەهۆی چەند هۆکارێک دەرەجەم نەهێنا،پاش ئەوەی دەرەجەم نەهێنا بووم بە جێگەی قسەی ناخۆشی خەڵک و بەردەوام سەرزەنشت دەکرام، بەڵام من گوێم نەدایە و بەخۆم گوت من جگە لە خوێندن ئەتوانم کار بۆ خەونەکەم بکەم. هەر بۆیە بە یارمەتی هاوڕێیانم و باوکم توانیم دەست بە کار بم هەرچەندە ڕەخنەی زۆرم لێ گیرا کەمن 12 ساڵ خوێندوومە و ئەم ئیشە بۆ من گونجاو نییە بەڵام بوێری و تواناکانم ڕێگەیان نەدا قسە و قسەڵۆکی خەڵک لە خەونەکەم دوورم بخاتەوە و وەک دیزاێنەرێکی تایبەت دەست بە کار بووم و لە ماوەی تەنها ساڵێکی کارکردنم توانیومە سەرنجی زۆرترین خانم ڕاکێشم و وایان لێبکەم کە دیزاینی من بپۆشن”.

کاتێک کە کچی ئەبێ بوێر بیت، ئەبێ کارێک بکەی لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجی، ئەبێ وابکەی هەموو بڵێن شانازی بە تۆ ئەکەین و کارێک بکەیت قسەی خەڵک کارت تێنەکات، نوقڵە دەڵێت” من ئیشم نەکردبوو، تەنانەت نەشم دەزانی مەقەست بگرم،مەقەستەکە زۆر قورس بوو بەڵام من خەونەکەم زۆر لەوە گەورەتر بوو کە لە قورسی مەقەستەکە بکشێمەوە، بۆیە بەوە گەشتم کە خەونم بوو و ئەوانەش کە دەیان گووت تۆ شکستت هێناوە ئێستا داوا دەکەن دیزاینەکانی من بپۆشن”.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ یەڵڵا نوقڵە گووتی”من ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەم براندێکی تایبەتی کوردیمان هەبێت و جلی بوکەکانمان ،بۆنە و جلی وەرزەکانمان دیزاینی خۆمان بێت. من مەمنونی دەستەکانی باوکمم، ئەمڕۆ ئیتر ئەبێ دەستەکانی من ماندوو بن تا باوکم هەمیشە بڵێ من شانازی دەکەم کە تۆ کچی منی”.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *