گوڵ هەنار سەعدی

لە یادتانە چەند مانگێک بەر لە ئێستا بابەتێکمان لەسەرهاشتاگی #منیش 

هاشتاگی# ” منیش” بۆ تۆیە

ئامادەکردبوو،  کە دەربارەی چیرۆکی ئابڕووچوونی یەکێ لە بەناوبانگترین بەرهەمهێنەرەکانی هۆلیۆد هارڤی ونستن بوو؟ وادیارە کە هارڤی لەوە ڕاهاتبوو کە تەشقەڵە بەو کچانە بکات کە تازەن، و هیچ نازانن و دەیانەوێت کاری نواندن بکەن، بۆیە ئەویش ئەم حاڵەتەی ئەوانی قۆستۆتەوە و گێچەڵی سێکسی بە ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند کردووە کە نازانرێ ژمارەیان چەندە،  چونکە هەر هەموویان دژی هارڤی گەواهیان نەداوە بۆ ئەوەی ئابڕوویان نەچێت یاخود فانەکانیان هەست نەکەن کە ئەوان بە حاڵەتی لەم شێوەیە تێپەڕیوون .

بەڵام با پێتان بڵێم کە من بۆچی ئەم بابەتەم دیسان هێناوەتەوە گۆڕێ! چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا کاک هارڤی دەچێتە چێشتخانەیەک و لەوێ دەیەوێت شتێک بخوات، بەڵام وادیارە چەند کەسێ رێکەوتوون کە سوکایەتی پێبکەن، لەوێ پیاوێک بە پشتی دەست چەند جارێ شەقازلەی لێدەدات، ئەگەر سەیری ڤیدیۆکە بکەن شەقازلەکە شتێکی ئەوتۆ نییە واتە ئازاری جەستەیی تێدانییە، بەڵام سووکایەتی پێکردنێکی دەروونی زۆری تێدایە.

https://www.youtube.com/watch?time_continue=95&v=u2JpxCMino8

کاتی خۆی کە منداڵبووم هەموو جار گوێم لێ دەبوو کە دایکم و پوورەکانم دەیانگووت ” ئەوەی لەدەرگای خەڵک بدات لەدەرگای دەدرێتەوە”  یان پیاوە بەتەمەنەکان کە باسی سیاسەت و زەمەنی مەلیک فەیسەل و ئەحمەد حەسەن بەکر و فڵان و فیساریان دەکرد  دەیانگووت ” دونیا دەوران دەورانە” بەڵام هەموو ئەم قسانەی کە ئەوکات بە منداڵی تێیان نەدەگەیشتم ئێستا باش باش تێیان دەگەم.

من ئەو کاتەی کە ئەم هاشتاگە بڵاببۆوە هەموو ئەو بابەتانەم دەخوێندەوە کە تایبەت بوون پێی، زۆر جار بیرم لەوە دەکردووە کە بۆچی ژنان لە هەموو شوێنێکی دونیا سوکایەتییان پێدەکرێت و ناچاردەکرێن ئەو شتانە بکەن کە خۆیان حەزیان پێ نییە، بۆچی هەرچی دەکرێت و هەوڵدەدرێت کە پیاو لەوە تێبگەیەنرێ کە ئەو لەگەڵ ژن دوو بوونەوەرن سەر بەهەمان جۆرن کەچی بەشێکی زۆری پیاوان لەمە تێناگەن؟ چیرۆکی هارڤی نمونەیەکی باشە، چونکە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەروبەرت بکەیت بەهەمان شێوەش مامەڵەت لەگەڵ دەکرێتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ نا دڵنیابە سبەی، هەموو ئەوانەش کە لە شەقام و جادە و کۆڵان و شوێنی کار ئازاری کچان و ژنان دەدەن و گێچەڵی سێکیسان پێدەکەن، جا چ بەدەست بێ یان بە قسە، چونکە هەردووکیان دەبنە لەکە و ئازاری دەروونی بەجێدەهێڵن، هەموو ئەوانە ڕۆژێک دێت تووشی هەمان حاڵەتی هارڤی دەبنەوە، چونکە دەسەڵات و پێگە تاسەر بۆ کەس نامێنێ، تۆ ئەمڕۆ لە پێگەیەکی کە مافت هەیە ئازاری ژن بدەیت لەوانەیە سبەی بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی هەمان ئەو ئافرەتانە، بۆیە ببە بەشەر،  چونکە ئەگەر بەشەرنیت زەمانە تێت دەگەیەنێت کە  بەشەربوون چۆنە و چییە!

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *