پۆڵا ڕەئوف

زۆر جار نازانین چۆن لەگەڵ مامۆستاکانمان مامەڵە بکەین، هەندێک قوتابی هەن بە یەک جۆر لەگەڵ هەموو مامۆستاکان مامەڵە دەکەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، جا بۆ ئەوەی باش لە وانەکانت بگەیت و لەهەمان کاتیش هیچ کێشەیەکت لەگەڵ مامۆستاکانت نەبێ، ئێمە باس لە ٧ جۆر مامۆستا دەکەین، هەرچەندە دڵنیاین کە جۆری تریش هەیە، بەڵام ئەم حەوتەیان لەهەمووان باوترە:

جۆرەی یەکەم: مامۆستای جدی، ئەو جۆرە مامۆستایە لای زۆرینەی قوتابیان خۆشەویست نیە،  چونکە هەموو بیرکردنەوەی لای گووتنەوەی وانەیە، و ڕووناداتە قوتابییەکانی و ئەگەر ئامۆژگارییەکانی جێبەجێ نەکرێت، زۆر بە توندی مامەڵە دەکات،  باشترین رێگە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم جۆرە مامۆستایە دوو شتە:

– نابێت کەلە رەق بیت ودژی بوەستیتەوە.

– باش گوێ لەوانە و تێبینییەکانی بگرە، چونکە دڵنیابە زۆرترین زانست لەم جۆرەیان وەردەگریت بەتایبەتی دوای ئەوەی کە خوێندن تەواو دەکەیت، من و تۆش هەزار ڕەحمەت بۆ مامۆستا جدیەکانمان دەنێرین، بڵێ وانییە!

جۆری دووەم: ئەو مامۆستایەی تەنها خەریکی خوێندنەوەیە، بە داخەوە بەشێکی زۆری مامۆستاکانی زانکۆ لەم چەشنەن، جا تۆ لەگەڵ ئەم جۆرە مامۆستایە هیچت پێناکرێ، بەڵام دەتوانیت شتێکی وابکەیت کە خەوت لێبەکەوێت و توانای خوێندنەوەی خۆت پەرە پێ بدەیت، چونکە ئەمە تاکە سوودێکە کە پێتی دەبەخشیت.

جۆری سێیەم:مامۆستای شڕ وشپڕێو، ئەمەشیان بەداخەوە سودێکی کەمت پێدەگەیەنێ بەڵام دوو بەشن  و دەبێ بزانیت کە مامۆستاکەت کامەیانە، یەکەمیان تازەیە لە بوارەکەی خۆی و هێشتا ئەزموونی پەیدا نەکردووە بۆیە هەر خەریکی سوعبەت و قسەی خۆشە لەگەڵ قوتابی، ئەم جۆرەیان دەبێت زۆر ئەکتیڤ بیت  وپرسیاری زۆری لێبکەیت بۆ ئەوەی هانی بدەیت کە خۆی بەرەوپێشەوە ببات، و هەوڵبدات مامۆستایەکی باشی لێدەرچیت، بەڵام بەشی دووەم کەسایەتی زۆر بەهێز نییە و ناتوانێ نە پۆلەکە کۆنترۆڵ بکات، و نە بەشێوەیەکی درووست زانیاری بگەیەنێ، باشترین شت ئەوەیە کە لە پێشەوە دانیشیت و باش گوێ بگریت ئەگینا هیچ سوودێکیت پێ ناگەیەنێت.

جۆری چوارەم: مامۆستای سەیرو سەمەرە، ئەمەیان زۆر بەزیادەوە لەگەڵ وانە تێکەڵ دەبێت و لەوانەیە بۆ سەرنج ڕاکێشانی قوتابییەکانی گۆرانی بڵێت یان وێنەی سەیر بکێشێت، واتە دەیەوێت بە شێوەیەکی ناتەقلیدی وانەکە بگەیەنێتە قوتابییەکانی، بەڵام زیادەرەوی دەکات، تکایە ئەم مامۆستایە قشتەت تووڕە مەکە بەوەی گاڵتەی پێبکەیت یان لەڕێزی کەم بکەیتەوە، چونکە دڵنیابە بەم شێوەیە ڕووێکی ترت نیشان دەدات و دواتر خۆت لۆمەی خۆت دەکەیت.   

جۆری پێنجەم:  مامۆستای مشەوەش، ئەم جۆرەیان تووشی حاڵەتێکی دەروونی بووە ولەوانەشە قوتابییەکانیشی وەکو خۆی لێبکات، هەر کە دێتە ژوورەوە باس لەوە دەکات کە گرووپەکەیان زۆر لەپاشن و دەبێت بەر لە نیوەی ساڵ یان  بەر لە نەورۆز ئەم بەشە تەواو بکەن، ئەم مامۆستایە بەردەوام مشەوەشە و پڕە لە دڵەراوکێ، ئامۆژگاریم بۆت ئەوەیە کە باش بخوێنیت، بەڵام مەهێڵە کە ئەم حاڵەت ناتەندرووستەی ئەو بۆت بگوازرێتەوە ئەگینا هەرچی دەیخوێنیت لە مشەوەشیان لەیادی دەکەیت.

جۆری شەشەم: مامۆستای لەخۆبایی، ئەم جۆرەیان بەردەوام باس لە تواناکانی خۆی دەکات کە چەند سوپاس و پێزانینی بۆ هاتووە و ساڵی پار قوتابییەکانی نمرەی بەرزیان هێناوە و باشترین دکتۆر و ئەندازیارەکان قوتابی ئەو بوون و….هتد، باشترین شت  ئەوەیە کە سەری بۆ بلەقێنیت، بەڵام نەکەیت بیشکێنیتەوە چونکە ئەم جۆرەیان ئیگۆی زۆر بەرزە و لەوانەیە بۆت بخاتە ناو نانێکی گەرم.

جۆری حەوتەم، مامۆستای بە پرتە و بۆڵە، ئەم جۆرەیان بەردەوام گلەیی هەیە و باس لە قوتابیان ساڵی پار و پێرار دەکات، بەردەوام پێی وایە کە ئەم گرووپە خراپترین گرووپن ونەوەی ئێستا کەڵکیان نەماوە و مێشکی قوتابی بردووە بەم جۆرە قسانە، بەداخەوە ساڵی پاریش هەر هەمان قسەی بۆ قوتابییەکانی کردووە و ئەم ئیشەشی بەردەوام دەبێت، باشترین شت ئەوەیە کە گوێ لە قسەکانی نەگریت و تەنها کاتی شەرحکردنی بابەتەکە گوێ بگرە.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *