ئیدریس پاڵانی

وەکو هەموومان دەزانین زمانی کوردی بە یەکێك لە زمانە زیندووەکانی جیهان دادەنرێت، وە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس قسەی پێدەکات.

جیاوازی لە نێوان شێوەزار و زاراوەکان کێشەیەکی گەورە بووە لەبەردەم دامەزراندنی زمانێکی ستانداردی کوردی، جگە لەو جیاوازییەی لە نێوان شێوەزارەکان بەدی دەکرێت، تەنانەت لە ناو یەك شێوەزاریشدا جیاوازی هەیە.

ئەم جیاوازییانە تەنها شێوازی دەربڕین، ووتنی پیتەکان نیە بەڵکو هەندێ جار وشەیەك یان ناوێك، لە شارێك شتێکی پێ دەوترێت، بەڵام لە شاریكی تر شتێکی تر.

لێرەدا هەندێك وشەتان بۆ دەخەینە ڕوو کە لە شارێكی كوردستان جیاوازە لەگەڵ شارێکی تر کە هەمووشیان بە شێوەزاری سۆرانی قسەدەکەن.

– چۆلەکە: لە سلێمانی دەڵێن “چۆلەکە” بەڵام لە هەولێر پێی دەڵێن “کێشکە”، لە کەرکوکیش پێی دەڵێن “پاساری”.

– پوور: لە سلێمانی بە خوشکی دایك یان خوشکی باوك ئەڵێن “پوور”، بەڵام لە هەولێر پێی ئەڵێن “پلك” ، وە لە کەرکوك پێی ئەڵێن “میمك”

– هەڵمات: لە هەولێر بە هەڵمات دەڵێن “کەلا”، بەڵام لە کەرکوك پێی دەڵێن “گولە”، تەنها لە شاری سلێمانی پێی دەڵێن “هەڵمات” یان “مات”.

– خوێن، خوێندنەوە: لە سلێمانی هەروەك خۆیەتی، بەڵام لە هەولێرئەبێتە “خین، خیندنەوە”، وە لە شاری کۆیە کە سەر بە پارێزگای هەولێرە دەبێتە “خوون، خوندنەوە”

– دادە: لە شاری سلێمانی و هەولێر هەر ئەڵێن “دادە” کە بەمانای خوشکی گەورە یان ئافرەتێکی لەخۆت گەورەتر دێت، بەڵام لە کەرکوك زیاتر ئەڵێن “تاتە” وە لە شاری کۆیەش هەندێکیان “یایا” بەکاردەهێنن.

– یاری: یاری زیاتر لە شاری سلێمانی بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە هەولێر زیاتر “گەمە” یان “گەمان” بەکاردێت، لە کاتێکدا لە کەرکوک زیاتر ئەڵێن “وازی”

– مریشك: لە هەولێر و سلێمانی ئەڵێن “مریشك”، تەنها لە کەرکوك ئەڵێن “مامر”.

– بەکارهێنانی جێناوی نادیار(هین ، هەرامە ، وانێك) لەنێوان هەندێك شار جیاوازی هەیە بۆ نمونە لە سلێمانی و کەرکوك زیاتر “هین” بەکاردەهێنرێت لە قسەکردندا، بەڵام لەهەولێر زیاتر “هەرامە” بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا لە دەڤەری پشدەر و بیتوێن “وانێك” بەکاردەهێنن.

– قوتوو: لە سلێمانی هەر “قوتوو”ە، بەڵام لە هەولێر ئەبێتە “قۆدی” ، لە کەرکوکیش زۆرجار “قوتی” بەکاردەهێنرێت.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *