ئیلیان قەرەداغی

تۆپی پێی یانەی زاخۆ لەم وەرزەی خولی نایابی عیراقدا تاقانەیە، چونکە هیچ یانەیەکی کوردستان لە خولەکەدا نییە جگە لەوان نەبێت، بەڵام لەم وەرزەدا تائێستا نوێنەرایەتییەکی خراپی کردوە.

زاخۆ بەنیازی چییە؟

تائێستا دوو هەفتەی سەرەتای وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی عیراق تێپەڕیوە، بەڵام زاخۆ هەردوو یارییەکەی دۆڕاندوە و هەردووکیشی بە یەک ئەنجام بووە، ئەویش بە گۆڵێکی بێوەڵام. راستە هەردوو یارییەکە لە دەرەوەی خاکی خۆی بوە و بەرامبەر “نەفتی جنوب” و “حدود” بوە، بەڵام ئەوە بیانو نییە بۆ دوو دۆڕاندنی یەک لەدوای یەک لە دەستپێکی وەرزدا.

یاریزانی هەرێم و عیراق و بیانی

زاخۆ بەر لەدەستپێکی وەرزەکە، هەرچەندە قەیرانی دارایی سەرجەم یانەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، بەڵام بە پێداگیریکردن لەسەر بەشداریکردنی لە خولە دورودرێژەکەی عیراقدا، تا چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکی وەرزی نوێ، ژمارەیەک گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی هەرێم و عیراق ئەنجام دا، تەنانەت یاریزانی پیشەگەری بیانی وەک ئامبۆ جودیل کامۆینانی کامیرۆنیشی بردە ریزەکانییەوە. دەیەوێت بەو تێکەڵە کوردی و عەرەبی و بیانییە لەم وەرزەدا خۆی لە پێشەوەی ریزبەندیدا ببینێتەوە، بەڵام تائێستا تواناکانیان نمایش نەکردوە، هەرچەندە وەرزیش زۆری ماوە.

یەکەم یاری دوای ریفراندۆم

سێیەم یاری یانەی زاخۆ رۆژی پێنجشەممە 30-11-2017 لەنێو یاریگای خۆی دەبێت لەشاری زاخۆ و کاتژمێر 2:30 خولەکی عەسر میوانداری یانەی “حسێن” دەکات.
ئەوە یەکەم یاری یانەیەکی کوردستانە لە بەرامبەر یانەیەکی عیراقی لە پاش بەڕێوەچونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولدا، کە بەهۆیەوە پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراق خراپ بوە.
بۆ بەرگرتن لە هەر روداوێک، لە هەر بارگرژی و کارێکی دور لە گیانی وەرزشی، ئیدارەی یانەی زاخۆ لە رێی پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوک بانگەوازی بۆ هاندەرانی کردوە و هۆشدارییان پێدەدات، ئەگەر دەیانەوێت بینەری یارییەکانی خولی عیراق بن، ئەوا دەبێت رێز لە میوانەکانی نێو یاریگا بگرن.
با بزانین لە گەڕی سێیەمەوە، زاخۆ دەگەڕێتەوە و نوێنەرایەتییەکی باشی کوردستان دەکات لە خولی نایابی تۆپی پێی عیراقدا، یان هاندەرانی تۆپی پێی کوردی خۆزگە بە بەشداری هەولێر و سلێمانی دەخوازن، کە بەهۆی ناڕەزایەتی یانەکانی عیراقەوە نەیانهێشت لە خولەکەدا بەشداری بکەن.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *