کنێر عه‌بدوڵڵا

له‌ کۆمه‌ڵه‌گه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا کاتێک باس له‌ سه‌رکرده‌ ده‌کرێت به‌گشتی ته‌نها له‌ سیاسه‌تدا چڕده‌کرێته‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ موڵكی پیاوان ده‌زانرێت و به‌کاری ئه‌وان داده‌نرێت، له‌ کاتێکدا سه‌رکردایه‌تیکردن فره‌ بواره‌ و بوونی سه‌رکرده‌ش ده‌کرێت له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کانی وه‌ک ئابوری، سیاسی، ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییدا هه‌ڵکه‌وتوو و ده‌رکه‌وتوو بێت بێ جیاوازبوونێک له‌ رووی ره‌گه‌زه‌وه‌، به‌ڵام کاتێک باس له‌ سه‌رکرده‌ی ژنان ده‌کرێت گفتوگۆو وتووێژو پرسیاری جۆربه‌جۆر سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌جۆرێک به‌ربه‌ست و به‌رهه‌ڵستی ده‌کرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی تاوان یان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ ئه‌نجام درا بێت.

بێگومان هۆکاری په‌سه‌ند نه‌کردن و ڕێگریکردن له‌ هه‌ڵکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنی ژنان وه‌ک سه‌رکرده‌ زۆره‌، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ژنانێکی ده‌رکه‌وتوو هه‌ن که‌ هیچیان که‌متر نییه‌ له‌ سه‌رکرده‌ پیاوه‌کانی هه‌ن، و خه‌سڵه‌ته‌کانی سه‌رکرده‌بوونیان تێدا هه‌یه‌، گرنگترین  هۆکاره‌کان به‌گشتی له‌ قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵاتی پیاواندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م جومگه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن که‌ به‌هۆی که‌لتوری باوی کۆمه‌ڵ و عه‌قڵیه‌تی زاڵی پیاوسالارییه‌وه‌ ڕێگه‌ی پێداوه‌، چونکه‌ سه‌رکرده‌بوون خه‌سڵه‌تێکی بۆماوه‌یی نییه‌،  به‌ڵکو وه‌رگیراوه‌ و له‌ ڕێی ڕاهێنان وفێربوون وخولی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌کرێت هه‌ڵگری زوربه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی سه‌رکردایه‌تی بێت،  بۆیه‌ ده‌رکه‌وتنی ژنان له‌ نێوه‌ندی کۆی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌دا کارێکی قورس و دژواره‌ که‌ پێویستی به‌ قوربانی و ئیراده‌ی به‌هێزی ژنان و کۆڵ نه‌دانی ده‌وێت له‌ خودی ژنانه‌وه‌، وێرای ئه‌وه‌ی پیاوانێک هه‌ن به‌ پلان و به‌رنامه‌ کار بۆ شاردنه‌وه‌و ده‌رنه‌که‌وتنی ژنان ده‌که‌ن وه‌ک سه‌رکرده‌ له‌چه‌ند بوارێکه‌وه که‌ به‌گشتی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت،  کاتێک ژنێک به‌ڕێوه‌ی ده‌بات‌ له‌وانه‌: خوڵقاندنی ژینگه‌ی گاڵته‌پێکردن و نوکته‌ ووه‌سفکردنیان به‌ زۆر‌بڵێ ، قۆرغکردنی زانیارییه‌کان و رێککه‌وتن له‌سه‌ر بڕیاره‌کانی کۆبونه‌وه‌  له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کی پیشوه‌خت و پیاوانه‌دا، سزادان و فشارخستنه‌ سه‌ر ژنان و ململانێ وڕووبه‌ڕوکردنه‌وه‌یان به‌وه‌ی کاری ئه‌وان ماڵ ومنداڵه‌، نه‌ک سه‌رکردایه‌تیکردن، گران کردنی باری ئه‌ستۆی ژنان به‌ عه‌یبه‌ و تاوانبارکردنیان به‌ لایه‌نی سێکسی و بوونیان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی له‌زه‌ت و چێژی سێکسی و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ شاردنه‌وه‌ و ده‌رنه‌که‌وتنی ژنان له‌کاتی قسه‌کردندا به‌ رێگه‌ی جیاوازی وه‌ک چه‌پاندن، دروستکردنی ده‌نگه‌ ده‌نگ یان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌و شوێنه‌ به‌ پاساوی جیاجیا.

هه‌موو ئه‌و هۆکارانه‌یه‌ وایکردووه‌ ده‌رکه‌وتنی ژنان وه‌ک سه‌رکرده‌ و بوونیان وه‌ک پێشه‌وا که‌متر بێت و له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بێت که‌ بێگومان گه‌ر ده‌رفه‌ته‌کان له‌بار بێت و سیسته‌می حوکمڕانی جێگیر بێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت و له‌ژێر سایه‌ی دیموکراسی و ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نیدا کۆمه‌ڵ به‌ڕێوه‌ بچێت، بێگومان هه‌نگاوه‌کان خێراترو ناوه‌نده‌کانی به‌ڕێوه‌بردن هاوسه‌نگی تێدا زیاتر ده‌بێت به‌وه‌ی عه‌قڵی ژنان و پیاوان هه‌ردووکیان وه‌ک دوو ره‌گه‌زی ته‌واوکه‌ر پێویستن بۆ خزمه‌تکردن و گه‌شه‌کردنی زیاتری کۆمه‌ڵ، ئه‌و کاته‌یش ژنان ده‌توانن هه‌ڵکه‌وتوو بن و کردارو تواناو کاره‌کانیان سه‌نگی مه‌حه‌ک بێت بۆ ده‌رکه‌وتنیان، وه‌ک سه‌رکرده‌ که‌ ده‌توانن .

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *