کنێر عەبدوڵڵا

دەستدرێژی سێکسی وه‌ک یه‌کێک‌ لە جۆرەکانی توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵێکدا شێوە و جۆری  جیاواز بەخۆوە دەبینێت، وێڕای ئەوەی  سنوری جوگرافی، تەمەن، ئاین و رِەگەز و……هتد  دەبەزینێ .

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان، هەموو کردەوەیەکی جنسی دەگرێتە خۆ کە ببێتە هۆی بێزارکردنی ژنان یان خوڵقاندنی هەستێکی نائارام.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌دواداچونی توندوتیژی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ته‌نها له‌ ساڵی 2016 دا (108) حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان هه‌بووه‌، له‌ کاتێکدا (58) حاڵه‌ت تۆمارکراوه‌ تا  مانگی  9/2017.

جۆرەکانی دةست دريَذى بەگشتی زۆرن،  دەشێت لە شێوەی زارەکیدا بێت لە ڕێی تانەو تەشەرەی سێکسی لەسەر ڕواڵەت و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، نوکتە ، قسەکردن، دەنگی جنسیی،  گوزارشتکردن بە  ئاماژەکردنی دەموچاو و جوڵەیەکی نائاسایی کە ئاماژەی سێکسی بگەیەنێت، شوێنکەوتن بە دوای کەسێکدا یان دەست بۆبردن بۆ ئەندامانی جەستەی مرۆڤ وبانگێشتکردنی کەسێک بۆ مومارسەکردنی سێکس ونمایشی وێنەی جنسی لەهەررێگەیەکەوە بێت تا دەگاتە هێرشکردنی جنسی، لاقەکردن لە رێی تاکەوە بێت یان هێرشکردنی بە کۆمەڵ کە دڕندانەترین جۆری توندوتیژیی سێکسین .

هۆکارەکانی ئەنجامدانی، پەیوەستە بە پەروەردە و ژینگە و باری دەرونی کەسی ئەنجامدەر وه‌ک: هۆکاری پەروەردەیی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و ژینگەیی، بەتاڵکردنەوەی جنسی بەهۆی شاردنەوە یان گەیشتن بە خۆشییەکی کاتی یاخود نەخۆشیی دەرونی، یاساو ڕیساو سستمی حوکمڕانی ووڵات، بۆیە دەشێت ڕوودانی جۆرەکانی دەستدرێژی سێکسی لە کۆمەڵە داخراوەکاندا زیاتر بێت وەک لە کراوەکان.

ئەم دیاردەیە ئەگەرچی تاوانە و ئاسایی نییە ، بەڵام  تا ئێستا زۆرن ئەو ژنانەی له‌کاتی روبه‌ڕوبونه‌وه‌یا‌ندا بێدەنگی هه‌ڵده‌بژێرن،  ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ریخستووه‌ هۆکارەکانی بێدەنگیان دەگەڕێتەوە بۆ، بێباکی یان سستی لێپرسینەوە و سزادانی ئەنجامدەران، بڕوانەکردن به‌ ژنان لەو ڕوانگەیەی زۆرجار سەلماندنی قورسە، زاڵبونی  کلتوری ئەقڵیەتی پیاوسالاری، بە سووک یان بەکەم سەیركردنی ژنان و پاڵپشتی نه‌کردنیان.

دەستدرێژی ئاسەواری خراپی بۆ کەسی قوربان هەیە لەوانە: بێ متمانەیی، ترس و سڵەمینەوە، دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە لاوازی و کەمیی و ناجێگیری و نائارامی، دووچاری نەخۆشی دەرونیی یان خۆکوشتنی ، بە داخەوە هەندێک جار کەسی ئەنجامدەر یان دەوروبەر پاساوی ئەوە بۆ ئەنجامدەرانی دەهێننەوە کە قوربانییەکە هاندەر بووە یان بەهۆی جلوبەرگ و ئارایشتکردن و دەستبەخۆداهێنانییەوە،  یاخود هەندێک جار ئەنجامدەرەکە درۆ دەکات و وا لە دەزگاکانی پۆلیس دەگەیەنێت کە قوربانییەکە بانگەشە بۆ خۆی دەکات و هیچ شتێک ڕووینەداوە کە ئەمە پاساوێکی زۆر لاواز و ناواقعییە بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر،قسه‌کردنی خودی قوربانییه‌که‌‌ و سکاڵاکردنه‌ له‌ تاوانبار، بۆ ئه‌وه‌ی هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان و یاسا پێکه‌وه‌ رۆڵیان هه‌بێت له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌دا.‌

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *