داستان محمد

جێگەی دڵخۆشییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ گەنجانی کورد زیاتر بەشێوەیەکی تەندروستانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنن و لە ناو گەنجانیشدا چەندین کچی خاوەن بەهرە هەن کە پەرە بە خەون و ئامانجەکانیان  دەدەن.

ماریا ئازاد كچە گەنجێکی شاری سلێمانییە  و  قوتابی بەشی IT   زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە ، ئەو لەگەڵ خوێندنەکەیدا پەڕەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستاگرام کردوەتەوە و وێنەی دیزاینە نوێیەکانی  خۆی بۆ جلوبەرگ لەوێ بڵاودەکاتەوە.

ماریا سەبارەت بە خولیای بۆ کاری دیزاین بە یەڵای ڕاگەیاند ” دایکم خانمێکی زۆر دەست ڕەنگینە ، زۆربەی کاتەکان کە لەگەڵی ئەڕۆیشتم جل بکڕم هیچم بە دڵ نە ئەبوو ، ناچار قوماشمان ئەکڕی و پێم ئەوت بەو جۆرە بۆم بدوورە ، تا وای لێهات وردە وردە لە دایکمەوە فێربووم و خۆم شتی تازەم دروست ئەکرد، بەو جۆرە هەتا گەیشتم بە ئەمڕۆ ، واتا زۆر دەمێک نییە لەوانەیە چەند ساڵێکی کەم بێت.

 

لە بارەی  پەیوەندی خوێندنەکەی بە دیزاینەوە ماریا وتی ” هیچ پەیوەندیيەکیان پێکەوە نییە ، بەڵام خوێندنەکەشم یەکێک بوو لەو بەشانەی ئارەزووم دەکرد بیخوێنم ،  لەوانەشە لە داهاتوودا دیزاین بخوێنم.

ماریا دەڵێت پێم وایە مرۆڤ ئەگەر بۆ شتانێک هەوڵ بدات کە خۆی حەزی لێیەتی و پێی پەسەندە ئەوا دەتوانێت تێیدا سەرکەوتوو بێت ، هەر ئەم باوەڕەشە کە وای کردووە ماریا کاتی بۆ خوێندن و خولیاکەشی هەبیت، و لە هەردووکیشیاندا سەرکەووتوو بێت.

 

ئەم دیزاینەرە گەنجە زیاتر کارەکانی لە تۆڕی ئینیستاگرام  بڵاو دەکاتەوە، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدا لە ئێستادا بەهۆی خوێندنەوە زۆرسەرقاڵە هەر بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەدا زۆر چالاک نییە،  بەڵام ئەو دەڵێت : کە لە داهاتوویەکی نزیکدا وێب سایتی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە وپلانی گەورەتریشی لەو بارەیەوە هەیە، لە بارەی خەونی داهاتووشیەوە ماریا زۆری پێخۆش دەبێت  شوێنی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ کارکردن هەتا زیاتر ئیشەکەی گەورە بکات و بەردەوام بێت،  هەروەها ئاواتەخوازە کە دەستی گەنجانی دیکەی دەست ڕەنگین بگرێت  کە هەمان خولیای ئەویان هەیە  و هاوکاریان بکات  لە سەرکەوتنەکانیاندا.

 

ماریا گەنجانی کوردستان هاندەدات كە ئەو توانا و بەهرە گەورانەی لە ناخیاندا شاردراونەتەوە دەریخەن،  چونكە جیهان پێویستی بەتوانای گەنجانە ، ماریا داواشیان لێدەكات هەموو کات ئەو شتانە بکەن کە بڕوا و قەناعەتیان پێی هەیە ،  مەترسن لە شکست هێنان ، ئەگەر چەند جاریک شکست نەهێنن و هەڵنەستنەوە سەرکەوتوو نابن ، متمانەتان بە خۆتان هەبێت چونکە متمانە بە خۆبوون مرۆڤ دەگەیەنێتە لوتکە.

دەتوانن بە ناونیشانی  Mariiazad   لە تۆڕی ئینیستاگرام   دیزاینەکانی  ماریا ببینن.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *