کنێر عه‌بدوڵڵا

بەشداری ژنان لە  ناوه‌ندی بڕیاردا، دیارده‌یه‌کی جیهانییه‌ و لە سەرتاسەری وڵاتاندا، ئه‌گه‌رچی لە ئاستێکی دەستەبژێردا خۆی دەبینێتەوە، به‌ڵام خه‌باتی زۆری بۆ ده‌کرێت،  و‌هەنگاوەکانی بەشداریکردن و کاریگەرییان بەپێی کۆمەڵگەکان گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت.

گرنگی به‌شداری ژنان له پرۆسه‌ی بڕیاردا له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری……  هتد کاریگه‌ری هه‌یه‌ و هۆکارێکه‌ بۆ به‌هێزکردنی ناوه‌نده‌کان و بڕیار وه‌رگرتن له‌سه‌ر ڕوداوه‌کان، هه‌روه‌ها ڕێگه‌یه‌که بۆ هاوخه‌باتی و ژیانێکی خۆش و خۆشگوزه‌ران، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن و شارستانییه‌تی تاک و کۆمه‌ڵ له‌ گشت ڕوویه‌که‌وه‌.

له‌ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان که‌ لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدرا، ڕێژەی پەرلەمانتارانی ژنان  دەبوو لە 30% که‌متر نه‌بێت،  له‌ کاتێکدا له‌ سه‌رجه‌م پۆسته‌کانی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان، ڕێژه‌ی ژنان بریتییه‌‌ له‌ 0% به‌رامبه‌ر ڕێژه‌ی پیاوان که‌ بریتی بووه‌‌ له‌ 100%.

له‌ کابینه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،  ڕێژه‌ی ژنان له‌ سه‌رجه‌م سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران (سه‌رۆک و جێگری حکومه‌ت)،  بریتییه‌ له‌ 0% به‌رامبه‌ر به‌ ڕێژه‌ی 100%  ی پیاوان‌، له‌ کاتێکدا له‌  پێکهێنانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کانیشدا ، هه‌میشه (1- 2) کابینه‌ی حکومه‌ت له‌ لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چووه‌‌.

له‌ حکومه‌ته‌ خۆجێیه‌کاندا،  به‌ نموونه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان که‌ لە لایەن دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان بە بڕیاری ژمارە ٧١ لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٤ یاساکه‌ ده‌رچوو،  وله‌‌یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن كە  له‌ ٣٠\١\٢٠٠٥ بەڕێوە چوو هاتبوو ” ڕێژەی ژنان له‌ ٢٥% کەمتر نابێت” بەڵام بە درێژایی مێژووی هەرێمی کوردستان، هیچ پارێزگارێک ژن نەبووە، لە هەمان کاتدا تا ئه‌مڕۆ تەنیا  پێنج ژن توانیویانە بگەنە پلەی قائمقام.

ئەنجامی دوا توێژینەوەکانی نێو ٢٠٠ لە ژنانی فەرمانبەری دامودەزگه‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هه‌ر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، دەریدەخات پیاوان وه‌ک بەڕێوەبەری فەرمانگەکان زۆرترین ڕێژه‌ی‌ پۆسته‌کان پێک ده‌هێنن،   که ‌بریتییه‌ له‌ ڕێژەی ٧٥%ی فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی و ٨٧%  لە پارێزگای هەولێر.

بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی ژنان له‌ ناوه‌ندی بڕیاردا پێویسته ئه‌مانه‌ بکرێن‌:

پێداچوونه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌کان و شێوازی کارکردنی ڕێکخراوه‌کانی ژنان،  کارکردنی ژنان له‌سه‌ر خودی خۆیان له‌ ڕووی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیارییان له‌ رووی گرنگی به‌شداربوونیان له‌ ناوه‌نده‌کانی بڕیار، پشتگیری ژنانی پاڵێوراو له‌ ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌، بایه‌خدانی زیاتری که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن به‌ مه‌سه‌له‌کانی ژنان و کارکردن بۆ ڕاهێنانی ژنان،  له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی کارامه‌یی له‌ ڕووی هه‌ڵبژاردن و سیاسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌ر‌به‌خۆیی ئابوریی ژنان‌ ڕۆڵی گه‌وره‌ی‌ هه‌یه له‌ به‌هێزکردنیان له‌ ناوه‌ندی بڕیاردا، جگه‌ له‌ گرنگی سه‌ربه‌خۆیی ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌ پاشکۆیه‌تی حزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ ڕووی بڕیاردانه‌وه‌.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *