کنێر عه‌بدوڵڵا

ئه‌ده‌بیاتی ژنان، هه‌میشه‌ كۆسپی‌ بۆ دروست ده‌کرێت و ئه‌وه‌ش گرێدراوی ئه‌و ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌یه‌یه‌ که‌ تاکه‌کان ژیانی تێدا ده‌گوزه‌رێنن، زۆربه‌یان دان به‌ سه‌رکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنی ژناندا نانێن، له‌ زۆربه‌ی بواره‌کاندا، مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ و ناتوانن گوزارشت له‌ ویست و حه‌زی خۆیان بكه‌ن، زۆر جار ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ پاڵ نوسه‌ره‌ ژنه‌کان،که‌‌ به‌رهه‌مه‌کانیان هی خۆیان نییه‌ وکه‌سێکی تر بۆی نوسیونه‌ته‌وه،‌ یان هه‌ندێ جار، به ‌مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌کردن و که‌مکردنه‌وه‌ی توانای ژنان، پیاوان ده‌یانه‌وێت ژنه‌کانیان به‌وه‌ بترسێنن که‌ بڵێن”به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێین بابه‌ته‌کانیان، ئێمه‌ ده‌ینوسینه‌وه‌” ئه‌مه،‌ زیاتر له‌نێو هاوسه‌ره‌کاندا ڕوو ده‌دات، ئه‌م بۆچوونانه‌ له‌ سه‌رجه‌م وڵاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا هاوشێوه‌ن، بۆ نموونه، ‌کاتێک له‌ وڵاتی جه‌زائیر ”ئەحلام موستەغانمی”ی نووسه‌ریان تاوانبار کرد، با‌نگه‌شه‌یان کرد که‌ نوسه‌ری ڕاسته‌قینه‌‌ی یه‌که‌م ڕۆمانی خۆی نییه‌، به‌ڵکو ”سه‌میح قاسم”ه‌ ،  ئه‌وه‌ش به ‌هۆی ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به‌ سه‌رکه‌وتن و ناوبانگی ئه‌حلام نه‌ده‌کرد وه‌ک نوسه‌رێکی ژن.

له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، ده‌توانین بڵێین له‌ ساڵی 1991 ڕێژه‌ی ژنانی نوسه‌ر زۆر که‌م بوون، له‌ کاتێکدا گه‌ر به‌راوردی ئێستای ژنانی نوسه‌ر له‌گه‌ڵ پیاواندا بکه‌ین، بێگومان ڕێژه‌که‌یان ڕووی له‌ زیادبوون کردووه‌‌،  ئه‌گه‌رچی هێشتا ژنانی نوسه‌ر که‌مینه‌ن و شوێن و ده‌رفه‌تیان که‌متره‌ له‌ پیاوان، به‌ڵام وێڕای ئه‌و ڕێژه‌ که‌مه  په‌راوێز خراون، بۆ نموونه‌، گه‌ر له‌ که‌سێک پرسیار بکرێ خوێنه‌ری کام له‌ نوسه‌ره‌کانی، یان باشترین نوسه‌ر لای تۆ کێیه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌یان نوسه‌ری پیاو ڕیز ده‌کات، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ ناوی نوسه‌رێکی ژن بهێنێ.

به‌پێی دوا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ سایته‌ ئه‌لکترۆنیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 2016 ئه‌نجاممدا،‌ ڕێژه‌ی ژنان وه‌ک به‌رپرس و جێگری به‌رپرسی سایته‌کان‌ و سه‌رنوسه‌ر و ته‌نانه‌ت وه‌ک ستافی ده‌سته‌ی نوسه‌ران، یان به‌ڕێوه‌بردن، بریتی بووه‌ له‌ 0%  به‌رامبه‌ر به‌ ڕێژه‌ی پیاو که‌‌ 100% بووه، به‌و واتایه‌ی له‌ناوه‌ندی بڕیارسازیدا، که‌ لوتکه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌‌کانه‌،‌ ژنان بوون و ده‌نگیان نییه‌.

چی بکرێت؟

ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو له ‌ئاست ئه‌و فاکته‌رانه‌ی هۆکارن له ‌به‌رده‌م که‌می ژنانی نوسه‌ر له‌ رۆژهه‌ڵاتدا، یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌که‌ به‌ره‌و باشتر له‌وانه‌، کارکردنی ژنان له‌سه‌ر پێگه‌یاندن و هۆشیاری خۆیان ، داڕشتنه‌وه‌ی پلان و ستراتیژی کارکردنی داموده‌زگا‌کانی حکومه‌ت به‌ ڕاگرتنی باڵانسی جێنده‌ری و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌کی ‌بێ جیاوازی ره‌گه‌زی‌، هۆشیارکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ، ئه‌رکێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گشت ده‌زگا‌کانی ڕاگه‌یاندن و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌زگا‌کانی حکومه‌ته‌، به‌ مه‌به‌ستی به‌ که‌لتورکردنی خوێندنه‌وه‌ و قبوڵکردنی نوسه‌ره‌کان وه‌ک خۆیان، له‌ هه‌ر ڕه‌گه‌زێک بن، هه‌روه‌ها پێداچونه‌وه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن به‌ به‌رنامه‌ و پلانیاندا و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر له‌ به‌رده‌م ژنان و بونیان له‌ پۆسته‌ باڵاکانی بڕیارسازی سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی بینراو و نوسراو و بیستراودا، هه‌نگاوێکی گرنگی چاره‌سه‌ره‌کانه‌.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *