ئا: دیار تەیمور

ئەگەرچی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی کەم کتێب دەخوێننەوە بەڵام کۆمەڵێک کتێب هەیە کە خوێندنەوەیان بووە بە نەریت و زۆربەی خەڵک خوێندوونیانەتەوە، ئەم دوو ڕۆمانە لە ناو کورددا خوێنەرێکی زۆریان هەیە بەهۆی سەرنجڕاکێشی ڕووداوەکان و ئاستی بەرزی نوسینیان بۆیە پێشنیار دەکەین ئەگەر تا ئێستا نەتخوێندوونەتەوە ئەوا هەر ئێستا دەست پێ بکە:

١-حەمەدۆک: ڕۆمانێکی چوار بەرگییە و لە نوسینی یەشار کەمالە لە ساڵی ١٩٥٥ بڵاوی کردووەتەوە و عەبدوڵڵا حەسەن زادە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم کتێبە خەڵاتی ڤارلیکی لە تورکیا وەرگرتووە کە گرنگترین خەڵاتی ئەدەبییە لە تورکیا، چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە کوڕێکی گەنج دەکات بە ناوی محەمەد کە کەوتووەتە داوی خۆشەویستی خەدیجەوە لە گوندێکی تورکیا، ئاغای گوندیش کە کەسێکی زۆر خراپە خەدیجەی داناوە بۆ برازاکەی خۆی، بەهۆی ئەمەوە بەردەوام دژایەتی محەمەد دەکات.

محەمەد و خەدیجە بەیەکەوە ڕادەکەن و عەبدی ئاغاش بە خۆی و دارو دەستەکەیەوە بە دوایان دەکەون، کاتێک دەیاندۆزنەوە محەمەد عەبدی ئاغا بریندار دەکات و برازاکەشی دەکوژێت بەڵام خەدیجەش دەستگیر دەکرێت، محەمەد هیچ شوێنێکی بۆ نامێنێتەوە بۆیە ڕوودەکاتە شاخەکان و دەبێتە چەتە لە دژی دەوڵەمەندەکان، خەدیجە دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێت بەڵام دواتر دەمرێت، پێش مردنی کوڕی محەمەد دێنێتە دنیاوە، محەمەد دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ تۆڵە سەندنەوە و عەبدی ئاغا دەکوژێت، لە ساڵی  ئەم ڕۆمانە١٩٨٤ کراوە بە فیلم.

٢-گێلە پیاو: نوسەری ئەم ڕۆمانە عەزیز نەسینە و عەبدوڵڵا حەسەن زادە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێک دەکات بە ناوی فەرید کە بەردەوام توشی چەندین ڕووداوی سەیر دەبێت و بەهۆیانەوە دەخرێتە زیندان، دوای ئەوەی کەسێک کە ڕۆژنامەنووسە دەخرێتە زیندانەوە فەرید دەستدەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی بۆ ڕۆژنامەنووسەکە کە هەمووی هەر نەهامەتییە، پاش ئەوەی بەهۆی ڕووداوێکەوە فەرید لە قوتابخانەی سەربازی دەردەکرێت ناخۆشییەکانی ژیانی دەسپێدەکەن، بە درێژایی ئەم ماوەیە زۆر کاری جیاواز دەکات بە ڕێکەوت وەک مامۆستایی و ژمێریاری و مودیری بانک و شێخيی بەڵام دواجار بەهۆی ڕووداوێکەوە لە ئیشەکانیدا دەخرێتە زیندانەوە.

ئەم چیرۆکە باس لە نەهامەتی و بێ بەختی هەندێک کەس دەکات کە هەرچی هەوڵ دەدەن بەوە ناگەن کە دەیانەوێت، هەروەها باس لە خۆویستی و بەرژەوەندویستی هەندێک کەس دەکات کە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان هەموو کارێک ئەنجام دەدەن.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *