گوڵ هەنار سەعدی

هەموو کاتێك کە باوکم دێتەوە یادم چاوەکانم پڕ دەبێت لە فرمێسک،  ئەو لە مێژە ڕۆێشتووە وتەمەنی درێژی بۆ ئێوە جێهێشتووە، بەڵام ئەگەر هەندێک لەو شتانەتان خوێندبێتەوە کە لێرە دەیانووسم دەزانن کە من هەموو کات بانگی کچان وژنان دەکەم کە خۆیان لە چنگی پیاو ڕزگاربکەن، بەڵام ئەی خۆم چی؟ خۆ باوکم پیاوێکی ئەم کۆمەڵگایە بووە؟

تۆزێک بەر لە ئێستا لە یەکێ لە لاپەڕەکانی فەیسبووک ڤیدیۆیەکم بینی کە بەزمانی عەرەبی بوو و باسی لەو پیاوە دەگمەنانە دەکرد کە پێچەوانەی هەموو پیاوەکانی تر بوونەتە پاڵپشت بۆ کچ و ژنەکانیان، یەکێ لەو کچانە کە ئێستا بۆتە خاوەن کۆمپانیایەکی میدیایی باسی لەوە کرد کە چۆن کاتێک لەزانکۆ دەرچووە وهیچ کارێکی دەست نەکەوتووە، بریاڕی داوە لە گەڕەکەکەی خۆیان ڕۆژنامە بفرۆشێت، کاتێکیش چۆتە لای باوکی تا باسی ئەو بڕیاڕە سەیرەی بۆ بکات، باوکی لەبری ئەوەی کە پێی بڵێت عەیبە و نابێت و سەرکۆنەی بکات، چۆتە دەرەوە و پایسکلێکی بۆ کڕیوە تاوەکو بتوانێت ڕۆژنامەکانی پێ بفرۆشێت.

کاتێک کە کچەکە ئەم قسانەی دەکرد من نەمتوانی نەگریم، چونکە بەڕاستی هەموو کچێک ئاوات دەخوازێت کە باوکێکی وای هەبێت، باوکێک کە متمانەی پێبکات و لەبری ئەوەی بیترسێنێت فێری ئەوەی بکات کە چۆن بەهێزبێت، کاتی خۆی مامۆستایەکمان هەبوو لە قوتابخانە نزایەکی فێرکردین و زوو زووش وەبیری دەهێناینەوە  “خوایە گیان بارێکی سووکم مەخەرە سەرشان بەڵکو هێزم بدەرێ تا بەرگەی بارە قورسەکانت بگرم”، ئەمە ئەو نزایەیە کە پێویستە فێری کچەکەتی بکەیت، مەیترسێنە بەڵکو فێری بکە کەچۆن بەهێزبێت، دڵنیابە کە ئەم وانەیە تەنها لە تۆ فێردەبێت نەوەک لەکەسێکی تر.

من باوکێکی وام هەبووە، باوکێ کە خاوەنی هیچ بڕوانامەیەک نەبوو، بەڵام هەر لەتەمەنی ٨ ساڵی تێیگەیاندم کە من لەهیچ پیاوێک کەمتر نیم، هیچ پیاوێک تەنانەت خۆشی، بۆیە ئەو ڕستەیەی ئەو لەسەرجەم ئەو کتێبانەی خوێندوومنەوە زیاتر کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانم.

خۆزگە باوکەکان دەیانزانی کە قسەکانیان وهەڵوێستەکانیان چەندە کارلە کچۆڵەکانیان دەکات، خۆزگە دەیانزانی کە لە تەمەنی ٨ ساڵان بە تەنها وشەیەک هێزێکی ئەوەندە زۆر بە کچۆڵەکانیان دەبەخشن کە تا تەمەنی ٨٠ ساڵانیش بەشیان بکات،  ئەگەر باوکەکان دەیانزانی کە ئێمە لە کار وشەقام و لە ماڵی مێرد و لە زانکۆ تووشی چ جۆرە مامەڵەیەکی سەقەتی کۆمەڵگە دەبینەوە و چەند هەزار جار خۆمان دەخۆینەوە و ئەوەی بەهانامان دێت وشە سادەکانی ئەوانە، ئەوا جگە لەهێز وئازایەتی ومتمانە باسی هیچ شتێکی تریان بۆ نەدەکردین.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *