ئا: پۆڵا رەئوف

کۆماری پیرۆ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەمەریکای باشوور ولە ٢٥ ناوچە پێک دێت، ئەمساڵ پێشبڕکێی شاجوانی 2018 یان بەشێوەیەکی تەواو جیاواز پێشکەش کرد و ستەیجی پێشبرکێکە کرایە شوێنێکی جیاواز وپڕ لەپرسیار.

سەرەتا ئاهەنگەکەیان تەواو ئاسایی بوو تا گەیشتنە دوایین بەشی ئاهەنگی کۆتایی و هەر ٢٣ کچی بەشداربووی پێشبڕكێکە هاتنە سەر ستەیج و لەحاڵەتی ئاسایی دەبوو هەریەکەیان ناوی خۆی و ژمارەی پێوانەیی جەستەیان بڵێن،  بەڵام ئەوەی ڕوویدا وسەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا، کچانی پیرۆ لەبری ژمارەی کەمەر و درێژی باڵایان ژمارەی حاڵەتەکانی دەست درێژی و لاقەکردن و ژنە کوژراوەکانی ناوچەکانی خۆیان ئاشکرا دەکرد.

جیسیکا نیوتن کە خۆی شاجوانی پیرۆبووە لە ساڵی ١٩٨٧ و ڕێکخەری ئاهەنگەکەش ئەم هەڵمەتەی ڕاگەیاند  کە خۆی بیرۆکەی لۆسیانا ئۆلیڤارۆس بووە، سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە ئاڕستەیان کردبوو بەوەی کە ئاهەنگی هەڵبژاردنی شاجوان دەبێت رووداوێکی جدی نەبێت لوسیانا گوتبووی ” بەپێچەوانەوە ئێمە بڕوامان وایە کە جوانی بەبێ ئازایەتی سوودێکی نییە، ئێمە دەمانەوێت کچەکانمان هەم جوان بن و هەم ئازاش بن”

شایانی باسە کە ئەم هەڵمەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە جێگەی باس و دەمەقاڵێ و بەشێکی زۆری چالاکوانان دەست خۆشیان کرد، ڕاستە ڕەخنەیەکی زۆریان لێگیرا، بەڵام ئەو خانمانەی ئاهەنگەکەیان رێکخستبوو ئەمەیان وەکو ئاماژەیەکی باش دەبینی چونکە ئەوان پێیان وابوو کە ئاگادارکردنەوەی جیهان لە کێشەکانیان تەنها لە ڕێگەی شۆک و بیرۆکەی چاونەترسانەوە دەکرێت.

 ئەمانە هەندێکن لەو ڕستانەی کە کچە پیرۆییەکان لەبری ژمارەکانی خۆیان خوێندیانەوە:

• “ناوم کامێلایە و نوێنەری لیمام ژمارەکانم بەم شێوەیەن، کوشتنی  ٢٢٠٢ ژن لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوو”

• ناوم ئەلماندرایە و نوێنەری کانیتیم، ژمارەکانم بەم شێوەیەن، ٢٥٪ کچانی هەرزەکار لە قوتابخانەکان تووشی توندوتیژی دەبنەوە”  

• ناوم ڕۆمینایە، نوێنەری ناوچەی کالاوم و ئەمانە ژمارەکانی منە، ١٣٠٠٠ ژن لەوەتەی ٢٠١٤ قوربانی بازرگانیکردن بوونە بە مرۆڤ لە وڵاتەکەم”.

لەکۆتاییشدا ڕۆمینا بووە شاجوانى پیرۆ و بەڵێنی ئەوەی دا کە ببێتە دەنگی ئەو ژنانەی دەبنە قوربانی دەستدرێژی سێکسی.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *