بینایی شۆرش

لەم ڕۆژانەدا لە ماڵپەرێک ئەم وێنەیەم بەرچاوکەوت لە ژێر ناونیشانی خانمی پۆستەرە بەناوبانگەکە لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .

زۆرێک لە ئێمە گەر بۆ جارێکیش بووبێت وێنەی ئەو خانمەمان بەرچاوکەوتووە بەڵام ئەو خانمە کێیە ؟ “نەئۆمی پارکەر فرالی” ئەو خانمەیە کە لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی لە ساڵی 1942 ناوبانگی دەرکرد بەمەبەستی هاندانی ژنان .

نەئۆمی لە ساڵی 1921 لە شاری تولسای ئەمریکی لەدایکبووە وەک هێمایەک بۆ مافی ژنان ناوبانگی دەرکرد پاش ئەوەی هانی خانمانی دەدا بۆ کارکردن لە کارگەکاندا لەماوەی جەنگی جیهانی دووەم لە جیاتی پیاوان کە لەو سەردەمەدا زۆرینەیان نێردرابوون بۆ بەشداریکردنی جەنگ .

یەکێک بوو لەو ژنانەی کە بۆ یەکەمجار دەستیانکرد بە کاری میکانیکی لە وەرشەیەکی تایبەت بە دروستکردنی فرۆکە پاش ئەوەی سوپای یابان هێرش دەکاتە سەر بەندەرێکی نزیک هاوای ،کاتێکیش کە تەمەنی 20 ساڵ بوو لەلایەن وێنەگری ئەمریکی ” جەی هاوارد میللەر” وێنەی دەگیرێت بە جلی کارگەوە لەکاتی کارکردن ، ئەو وێنەیەش بووە هۆی هێمایەک بۆ بەهێزی و تواناکانی ژنان .

دواتر لەسەر ئەو وێنەیەی میللەر دەیگرێت ، پۆستەرێک دروستدەکەن لە ژێر ناونیشانی “بەڵێ ئەتوانین بیکەین” وبڵاودەکرێتەوە وەک پاڵپشتییەک و هاندانێکى ژنان بۆ کارکردن لە کارگەی بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی جەنگ لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم، تاوەکو خانمانیش هاوشانی پیاوان بتوانن پاڵپشتی وڵاتەکەیان بکەن لە جەنگدا.

نەئۆمی رۆژی شەممەی رابردوو لەبەرواری 20 کانوونی دووەم 2018 گیانی لەدەستدا، بەڵام بۆ هەمیشە وێنەکەی لە بەرچاوی هەمووماندا بە زیندووی دەمێنێتەوە .

بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکی پێشتری بۆ دابرژرێت لەو رۆژەوە تا رۆژگاری ئەمرۆمان ئەو پۆستەرە هێمایەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ مافی ژنان لەسەرانسەری جیهاندا لە دۆسیە جیاوازەکاندا .

منیش دەڵێم بەڵێ لە ژێر دروشمی ئێمە دەتوانین بیکەین … دەتوانین ، گەر خواستمان لەسەری بێت و ئیرادەمان بەهێزبێت خانمی کوردیش وەک خانمانی هەموو جیهان دەتوانن هاوشانی پیاوان کاربکەن و لە بوارە جیاکانی ژیاندا سەرکەوتووبن .

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *