لاڤە کوردە

دیاردەی زوو بەشودانی کچان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونی هەیە و بە ئێستاشەوە کچانی ئەم وڵاتانە گیرۆدەی ئەو دیاردەیەن، لە عیراق و کوردستانیش کچان بەدەرنین لەوەی ماڵە باوانیان مێردیان بۆ دیاری بکەن، هەربۆیە زۆربەی ئافرەتان ڕوبەڕوی کێشە دەرونییەکان بونەتەوە و توانای ئەو ژیانەیان نیە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەکات بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەبێت کچ تەمەنی بگاتە 17 ساڵان ئەوکات بچێتە ژیانی هاوسەرگیرییەوە.
ناسک عەزیز ئافرەتێکی تەمەن 40 ساڵانە، ئەو بۆ یەلڵا دەڵێت لە ساڵی 1990 کاتێک تەمەنی 13 ساڵان بوە ، ماڵی باوکی نەیانهێشتوە بچێتەوە قوتابخانە، و هەر لە پۆلی شەشی سەرەتایی لە خوێندن دابراِوە ، هەر بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو باوکی و براکانی بەڕێککەوتنی نێوان خۆیان کوڕێکیان بۆ دیاریکردوە و پێیان وتوە دەبێت شوو بەو بکەیت.
ناسک هەرچەندە کەمێک بەرگری دەکات، بەڵام ناوێرێت قسەی باوکی و براکانی بشکێنێت و بە ناچاری ڕازی دەبێت بە شوکردنەکە، وەک خۆی دەڵێت لەگەڵ ماڵی باوکی مێردەکەی دەژیان ومێردەکەی هەرلەسەرەتاوە خراپ دەبێت لەگەڵی وهیچ هەستێکی ژن و مێردایەتی لە نێوانیان نەبوە، هەمیشە مێردەکەی لەبەر ماڵی باوکی دژایەتی ناسکی کردوە .
ناسک دایکی دوو کوڕ و کچێکە دەڵێت بە درێژایی ماوەی هاوسەرگییری کردنەکەی لە خەم و خەفەت زیاتر هیچی نەبینیوە ، بەڵام ئامادەیە لەبەر منداڵەکانی قبوڵی بکات .
دەشڵێت: پێم خۆش بو وەکو هاوڕێکانم درێژە بەخوێندن بدەم و بگەمە تەمەنێکی گونجاو ئینجا هاوسەرگییری بکەم، بەڵام بەداخەوە رێگەیان نەدام.
دەربارەی کاریگەرییە دەرونییەکانی زوو بەشودانی کچان ، خاتوو (لاوێن ) کە وەکو چارەسەرکاری دەروونی لە نەخۆشخانەی بەخشین کار دەکات بۆ یەلڵا وتی: زوو بەشودانی کچان کاریگەری خراپ لەسەر دەرونی ئافرەتەکە بەجێ دەهێلێت وەک ئەوەی ڕوبەروی خەمۆکی و دڵتەنگییان دەکاتەوە.
هەروەها ئەو کچانەی زوو شوودەکەن ئامادەییان تێدانیە بۆ منداڵ بوون بەقسەی ئەو چارەسەرکارە دەرونیە ، دوای ئەوەی منداڵیان دەبێت ئەو ئافرەتانە دەناڵێنن بەدەست خەمۆکییەوە چونکە ناتوانن پێشوازی لەو ژیانە بکەن و منداڵ بەخێو بکەن، زۆربەشیان خۆیان بە تەواوی لە ژیان نەگەیشتون هەربۆیە ڕوبەروی چەندین کێشەی تر دەبنەوە.
دەربارەی پڕۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی عیراق کە تێیدا رێگە دەدرێت بەوەی کچ لە تەمەنی 9 ساڵانەوە بدرێت بەشوو مونیرە عوسمان ئەندامی لیژنەی کۆمەڵایەتی خێزان لە پەرلەمانی کوردستان بە یەلڵای ڕاگەیاند: ئێمە دژی ئەو یاسایەین کە رێگە دەدات کچان لە تەمە نی 9 ساڵیدا بە شوو بدرێن ،چونکە پێمان وایە ئەوە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە ،بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەبێت تەمەنی کچ بگاتە 17ساڵان ئەوکات ژیانی هاوسەرێتی پێکبهێنێت.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *