داستان محمد

لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆشەویست بۆ کارێک پێویست بوو سەردانی شاری کەلار بکەین، ڕۆژێک پێش گەشتەکەمان هاوڕێکەم باسی کوڕێکی گەنجی بۆ کردم  کە لە چێشتخانەیەک کاردەکات لە ڕێگای نێوان دەربەندیخان – کەلاردا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو لەم کوڕە گەنجە ئەوەیە هەر ساتێک کاتی هەبێت لە نێو کارەکەیدا دەست دەکات بە خوێندنەوە، بۆیە هەمیشە ئەو گەنجە یان لە چێشتخانەکەدا کاردەکات یان ئەوەتا کتێبێکی بە دەستەوەیە و دەخوێنێتەوە، هەر بۆیە پێم خۆش بوو لە ڕۆژی گەشتەکەمدا و لە سەر ڕێگادا بۆ چەند خولەکێک لەو چێشتخانەیە وچانێک بدەم، بەیانی لە شاری سلێمانییەوە بەرەو کەلار ڕێکەوتین.

سروشتی جوانی ناوچەکە بە درێژایی ڕێگا سەرسامت دەکا، کاتێکیش پێ بە پێ لەگەڵ زێی سیروان لە دەربەندیخان دەردەچیت و لە ناوچەیەکدا  کە پێی دەڵێن (ئاوە خێری) لە قەراغ ڕێگاکەدا چێشتخانەیەک هەیە. هاوڕێکەم پێی ڕاگەیاندم ئەمە ئەو چێشتخانەیەیە کە کوڕە گەنجەکە کاری لێ دەکات، دوای هاتنە خوارەوە لە ئۆتۆمبێلەکەمان بەرە و گەنجەکە ڕۆیشتم، ئەو لەو کاتەدا پەرتوکێکی  کوردی – ئینگلیزی بەدەستەوە بوو خەریکی خوێندنەوەی بوو، سڵاوم لێ کرد و پێکەوە کەوتینە قسە.

ئەم گەنجە ناوی دیار سۆفییە و دەرچووی کۆلێژی ئابووری زانکۆی سلێمانییە، لە بارەی  خولیای خوێندنەوەی، دیار وتی ” بەریەککەوتنی من لەگەڵ خوێندنەوە کۆنە لەبەر ئەوەی هەر لە مناڵیەوە کتێبخانەمان هەبووە و خولیای خوێندنەوەش کۆمەڵێک هۆکار دروستی دەکات، لەوانەیە حەزێک بێت یان گەیشتن بە شتێک بێت یان تێگەیشتن لەو شتانەی لە دەوروبەرمان هەیە.

دیار درێژەی پێداو و وتی ” بەهۆی خوێندنەوە تۆ زیاتر حەز دەکەی بگەیت بە شت، زیاتر تێبگەیت لە شت هەروەها  پرسیارت لا دروست دەبێت”

دیار ڕۆژانە لە چێشتخانەکەیان 8-10 کاتژمێر کاردەکات، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کاتەکانی بە کارکردنەوە بە سەردەبات بەڵام مانگانە نزیکەی 5 بۆ 6 پەرتووک دەخوێنێتەوە.

لەپاڵ خوێندنەوە  دیار ئارەزووی نووسینیش دەکات، هەر بۆیە هەوڵی نووسینی شیعر و کورتە چیرۆک دەدات، ئەو وتیشی کە ئەو هەوڵ دەدات زیاتر ئەو پەرتووکانە بخوێنێتەوە کە پەراوێز خراون.

 

دیار بە گشتی لە خوێندنەوەدا خۆی بە نووسەرێکەوە نەبەستۆتەوە بەڵام ئەو سەرسامی نووسینەکانی ( کافکا، میلان کۆندێرا، مارکێز…هتد)

لە بەردەم چێشتخانەکەدا کەسێکی دیکە دانیشتبوو بە هەمان شێوە پەرتووکی دەخوێندەوە کاتێک لە دیارمان پرسی، ووتی کە ئەوە برا گەورەکەیەتی کە پێکەوە چێشتخانەکە دەبەن بە ڕێوە.

دواتر لەگەڵ هاوڕێکەمدا بەرەو کەلار بەڕێکەوتین بۆ ئەنجامگەیاندنی کارەکەمان و دوای هاتنەوەشم هەر زوو لاپتۆپەکەم هەڵکرد بۆ ئەوەی دیار بە خوێنەرانی یەڵا بناسێنم.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *