گوڵ هەنار سەعدی

من تا ئێستاش هەستێکی ڕۆمانسیم بەرامبەر بەخاک هەیە، خۆشم دەوێ  وسەرباری ئەو هەموو شکست و مێژووە خوێناوییەی هەمانە ناتوانم لێی تووڕەبم، هەرچەندە هەزار جار گەیشتوومەتە بەردەم وتەکەی ماغوت کە لە داخ و قینا گووتبوی ” هیچ شتێک بەم خاکەم نابەستێتەوە جگە لەپێڵاوەکانم” بەڵام دوای هەر تووڕەبوونێک ناتوانم چاوەکانی باوکم لە یاد بکەم کە پڕبوون لەو خەونانەی لەناو ڕۆحی ئێمەی چاند، خەونی وڵاتێکی سەربەخۆ وژیانکردن بە سەربەرزی، ئەوهەموو کات دەیگووت، کاتێک دایک پڕ بە لووتی بۆنی کۆرپەکەی دەکات، بەو ڕۆحیەتە بۆنی خاک بکەن.

دەزانم هەموومان تووڕەین لە گەندەڵی و کەم دەرامەتی، توڕەین لە شکست و بێ بەڵێنی و خەمسارديی دەسەڵاتدارەکان، من خۆم وخانەوادەکەشم لەوانەين کە ئەم قەیرانە تەنگی پێ هەڵچنووین بەڵام خەونەکانی باوکمم توند توند لەناو سنگم قایم کردووە، تووڕەیی هەموو دونیاش ناتوانێ وام لێبکات نەفرەت لە خاک و کوردبوونم بکەم، ناتوانم لەگەڵ گۆرانی ” شەهرەبان” نەگریم کە بە دەنگە پڕ میهر و خۆشەکەی دەڵێت ” کورد هەموو برانە” دەزانم ئێستا نەفرەت لە هەموو شتێک دەکەیت بەڵام تۆش بڕۆ تووڕەیی خۆت بشۆوە و تێر تێر گوێ لەم گۆرانییە بگرە.

ئەم قسانەی من مانای ئەوە نییە کە بێدەنگ بیت و داوای مافی خۆت نەکەیت بەڵام کە من دەبینم تۆی هاوزمانم خەریکی گاڵتە بە پێشمەرگە دەکەیت یان خەریکی بەهۆی توڕەییەکەتەوە دارو بەرد بسووتێنیت وبە شێوەیەکی هەڕەمەکی بێێتە سەر شەقام ئەوکات پێت دەڵێم، هاوزمان بڕۆ کوردبوون حونجەبکەوە.

ئەگەر پێت وایە کە تووڕەبوونەکەت ئەو مافەت دەداتێ کە تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنیت ئەوا تۆ هیچ جیاوازییەکت نییە لەگەڵ ئەو  بەرپرس و لایەن و کەسە دز و گەندەڵانەی کە لێیان تووڕەیت، تۆش وەکو ئەوان بەرچاوت ڕەشبووە و ئەمڕۆ یان سبەی پەنچەی پەشیمانی دەگەزیت.

تۆ زور دوور مەڕۆ، هاوڵاتیانی سوریا سەرەتا بۆ “نان و ئازادی” ڕژانە سەرشەقام بەڵام دواتر هەزاران کەس و لایەن خۆپیشاندانەکانی ئەوانیان بەلاڕێدا بردوو و ئەجێندای بۆگەنی خۆیان بەجێ گەیاند تا وایلێهات سووریا بووە مۆڵگەی چەکدارەکانی داعش، بۆیە دەبێت بە وریایی و دڵسۆزی و زیرەکییەکی ئێجگار زۆرەوە نارەزایی خۆت دەربڕێت ئەگینا هەرچی دوژمن و نەیارە ڕقی چەند ساڵەیان لەم خاکەت بەتاڵ دەکەنەوە وئەو خەونانەی لە جەنگەکان بەدەستیان نەهێناوە بە پیلان  دەیکەنە هەقیقەت.

بۆیە ئەگەر داواکردنی مافەکانت بە سوتاندن و کوشتن دەست پێبکەیت جگە لە خۆت گلەیی لەکەس مەکە کاتێک بە خائین و نۆکەری بێگانەت لە قەڵەم دەدەن، چونکە لە کۆتاییەکەی خۆشت نازانیت چۆن لەو شتانە تێوەدەگلێێت کە خۆت دژیان بوویت، من ناڵێم ” دۆخەکە هەستیارە و ئەزموونی ئێمە ساوایە” بەڵام باش دەزانم کە ئێمە لەناوچەیەکی نا ئارامداین، بچووکترین هەڵە وادەکات هەرچی هەمانە و نیمانە لە دەستی بدەین.

ماوەیەک بەر لە ئێستا سەیری زنجیرەیەکی عەرەبیم کرد  بەناوی ” پەشێمانی” کە دەربارەی دۆخی ئێستا سوریابوو، دەقەکەی لە ڕۆمانی ” عتبة الألم” وەرگیرابوو، پاڵەوانەکە هەر لەیەکەم ئەڵقە تاکۆتاییەکەی بە دوای وەڵامی پرسیارەکان دەگەڕێت، فیلمەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان پێت دەڵێت کە ئەو کولتوری توندوتیژییەی لەناو خێزان پەیرەکراوە هەر ئەو توندوتیژییەیە بۆتە ئەم خێوە و داعش و پیاو کوژی لێ درووست بووە، ئەو باوکەی کە لە منداڵەکانی دەدات و بە چەپۆک گەورەیان دەکات چاوەڕێی چییان لێدەکات کاتێک گەورە دەبن؟ بێگومان دەبنە منداڵی ناگوێڕایەڵ!

بەڵام لە کۆتاییەکەی ئەو باوکیانە، باوکێک کە  تاوانی  ئەوەبوو بەشێوەیەکی هەڵە منداڵەکانی خۆی خۆشویست و بەشێوەیەکی هەڵەش ئەو خۆشەویستییەی دەربڕی، ئەو منداڵانە دەتوانن لە باوک یاخی بن و هەموو قسەکانی ئەو رەت بکەنەوە، بەڵام دەبێت بەجۆرێک یاخی بن کە ڕێز و حورمەتی باوکیان لەکەدار نەکەن و نەیفرۆشن.

بۆیە هەر ئەو منداڵانە کاتێک باوکیان دەمرێت و رەزیل و نەخۆش دەبێت هەموویان پەشێمان دەبنەوە، ئێمەش هەرچی بەیەکتری دەکەین لە کۆتاییەکەی ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاست و درووست نەیکەین جگە لە پەشێمانی هیچی ترمان پێ نابڕێت.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *