هێڤار عیماد گەنجێکی خانەقینیە و لە ساڵی ٢٠٠١ لە شاری بەغداد لەدایک بووە،  ئەو لە گەڕەکێکی هەژارنشین لە خانەقین گەورە بووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت هەرگیز وا بیری نەکردووەتەوە کە لەوێ بژی، چونکە خانەقین ئەو شوێنە نەبووە کە بتوانێت خەونەکانی تێدا بهێنێتە دی و بيکاتە ڕاستی هەربۆیە دێتە سلێمانی وسەرکەوتنەکانی پاش هاتنە ئەم شارە دەست پێدەکات، و دەتوانێت ببێت بە کەسێکی دیار لەم شارەدا.

لە چاوپێکەوتنیدا بۆ یەڵڵا هێڤار باس لە هۆکاروشێوازی بەرەو پێشچوونی دەکات و دەڵێت ” بە هەموو شێوەیەک کارم کردووە بۆ هاوکاری کردنی گەنجان لەوەی کە چۆن بتوانن کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت، سەرەتا لە پرۆژەیەکەوە دەستم پێکرد پاش ئەوەی لە پرۆگرامی IYLEP وەرگیرام و سەردانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکام کرد ئامادەم کردبوو،  من بەشداریم كرد لەم پرۆگرامە تا بتوانم کارەکانم بەرەو پێشەوە بەرم،  چونکە ئەمویست گۆڕانکارییەک بکەم ووالە گەنجانی وڵاتەکەم بکەم کە گەشبین بن لە بری ئەوەی بێ هیوا بن .

هێڤار دەڵێت “لەو پرۆگرامەی ئەمریكا  زۆر سودمەند بووم و پلانم دانا بۆ پڕۆژەیەکی تایبەت بە خۆم كە چۆن بتوانم وا لە کەسانی تریش بکەم بەشداری لە پڕۆژەکەم بكەن، ئامانجی سەرەکی من ئەوەیە گەنجان فێر بکەم کە چۆن دەتوانن کاریگەریان لە سەرکۆمەڵگادا هەبێت، هەرچەندە زۆرێک لە خەڵک دەڵێن نە تۆ و نە کەسیش ناتوانن گۆڕانکاری بکەن لەم کۆمەڵگایەدا، بەڵام ئەو دەقەی من هەمیشە ئەیڵێمەوە ئەمەیە “ئەگەر من نەیکەم، تۆ نەیکەیت ئەی کێ بیکات ؟”

ئەم گەنجە خانەقینییە گرووپێکی خۆبەخشی لەژێر ناوی Youth Change Makers (گەنجە گۆڕانخوازەکان) دامەزراندووە بۆ ئەو گەنجانەی حەزدەکەن گەشە بە خۆیان و کارەکانیان بدەن و حەزیان بە گۆڕانکارییە تابتوانن ڕێگای سەرکەوتن بدۆزنەوە.

ژمارەی ئەندامانی ئەم گرووپە ١٠٠ ئەندامە، وبەردەوام لە گەورەبووندایە و تا ئێستا چەندین وۆرک شۆپ، سمینار، دایالۆگ، کۆڕووکۆبوونەوە و چەند پرۆژە و چالاکیەکیشیان لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە، هێڤار دەڵێت ” زۆر بە جددی کارم لە سەر دامەزراندنی ئەم گرووپە کردووە و سەرەتا لە شاری سلێمانییەوە دەستم پێکرد، دواتر ئەم تۆڕەم زیاتر بڵاو کردەوە لە هەولێر و دهۆکیش،  پاش ماوەیەکی دیکەش لە کەرکوک و گەرمیان و کۆیەش دەست پێ دەکات بەبێ یارمەتی هیچ لایەنێک”.

 

هێڤار بۆ گەنجان دەڵێت ” هەرچیەک ئەتوانی بیکە تا ئەو خەونەی هەتە بیهێنیتە دی، با جێ  دەستت دیار بێت ،هەروەها هەوڵبدە ناوی خۆت لەسەر هەموو دیوارەکانی کۆمەڵگاکەت بنووسە، چونکە تۆگرنگی بۆ كۆمەڵگە ،بوونت بی مانا نیە هیچ مەرجیش نیە چاوەرێ بیت کەسێک یان لایەنێک یارمەتیت بدات ، تۆ دەست پێ بکە،بۆ ئەوەی بتوانی یارمەتی کەسانی تر بدەی ،ببە بەوەی کە هیوایەك دروست بکەیت  بۆ کۆمەڵگاکەت و چاوەرێی دەست خۆشیش لە کەس مەکە تەنها پلانی ئەوە دابنێ ئەوەی ئەتەوێ ئەنجامی بدە بەبێ ترس ” .

 

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا بۆ یەڵڵا هێڤار دەڵیت ” با خۆمان هۆلیوود و ئۆسکار و نۆبڵی خۆمان دروست بکەین و خۆمان دەست پێ بکەین و چاومان لە دەستی کەس  نەبێت، بۆ ئەمەش  دوو ڕێگە  هەیە گەر ئەنجامی بدەین،یەكەم  نەڕوخاندنی کەسی بەرامبەرە ئەگەر هەرشتێک بکات کە حەزی لێیە، چونکە کۆپێ ترمان ناوێ،  با  جیاوازی بخوڵقێنین ،دووەم وازهێنان لە وشەی “عەیبە” چونکە ئەو کەسەی سەرکەوتوو نیە ئەوەیە کە هەوڵی بۆ هیچ نەداوە.

“عەیبە مانای ئەوە نیە کە نابێ بکرێت بەڵکو مانای ئەوەیە کە نەکراوە! بۆیە تۆ ئەوە بکە کە نەکراوە”

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *