محەمەد کەلاری

ئەو گیانی پشت بەخۆبەستنەی کە دایکی لە ناخیدا چاندوویەتی، وایکرد “بوشرا” گوێ بە قسە و قسەلۆکی خەڵکی ورەرووخێن نەگرێت و، پرۆژە تایبەتییە بازرگانییەکانی خۆی بخاتە سەر ئەرزی واقیع، دوایینیان “ماڵی دایە خان”ە، بۆ دروستکردنی خواردەمەنی، ئەو لە یەک کاتدا هەم مامۆستایە لە قوتابخانە و هەم وەستایە لە شوێنی کارەکەی.

“یەڵڵا” بۆ لای دایە خان، با بزانین چی لە هەگبەی ئەم خانمە کۆششکارەدایە.

 

“دایە خان” ئەو ماڵەیە لە هەولێر کە رۆژانە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٩ی شەو دەرگای بە ڕووی هاموشۆکەراندا کراوەیە، بۆ فرۆشتنی کولیچە و خواردنی ئامادەکراوو نان و چێشت، ئەو ماڵە خاتوونێک سەرپەرشتی دەکات بە ناوی “بوشرا شۆڕش”، کە خۆی خاوەن بیرۆکە و خاوەنی شوێنەکەیشە.

بوشرا بە “یەڵڵا”ی ڕاگەیاند، کە ماوەی چوار ساڵە ئەم شوێنەی کردۆتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی و گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە عەرەبەکان بۆ زێدی خۆیان کاریگەری لەسەر کارەکەی کردووە، پێشتر بیست ئافرەت کاریان دەکرد، ئێستا شەشیان ماونەتەوە، دوو کرێکاری بەنگلادیشیش بەردەستن.

لەبارەی جۆرو ژمارەی بەرهەمە ئامادەکراوەکانی ئەم ماڵە لێمان پرسی، وتی “چ خۆمان یان بە راسپاردە زۆر شت دروست دەکەین، لەوانە کولیچە (بەگوێز، بەخورما، شەکرلەمە، حوسنی خان، برمەی گوێز، برمەی فستق و گوێزی هندی)، هەروەها خواردنی ئامادەکراو وەک (بورەکی گۆشت، بورەکی مریشک، بورەکی پەنیر، عروق، کوبەی ساوەر، کفتەی شۆرباو کولێرە بەگۆشت)، هەموو چێشتێکیش لێ دەنێین لەگەڵ نانی تیری، لە بۆنەکانیشدا ئامادەین خواردن ئامادە بکەین”.

 

ئاماژەی بەوەشدا “کڕیار لە شارەکانی دیکەشەوە دێن یان رۆژێک پیشتر داخوازیمان پی دەگات و بۆیان ئامادە دەکرێت، تەنانەت خواردنمان بۆ دەرەوەی وڵاتیش ناردووە”.

بوشرا لەبارەی بیرۆکەی ئەم پرۆژەیەی وتی “لە بنەمادا بیرۆکەی بازرگانیم هەبوو، بەڵام لە خولێکی (هەلی کار)دا بەشدار بووم، پرۆژەیەکم پێشکەش کردو پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، پرۆژەکە دروستکردن نانی تیری بوو، لەلایەن هەڵسووڕێنەرانی خولەکە هان درام، بێ ئەوەی هاوکاری بکرێم دەستم بەو کارە کرد، ویستم قەرزی بچووک وەربگرم بەڵام لەبەر رۆتین وازم لێ هێنا”.

کەمیی سەرمایە و نەبوونی کۆگاو زوو بەجێهێشتنی کارمەندان، لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکەی بوشرایە، وەک خۆی دەڵێت ” لەبەر دۆخی داراییمان و نەبوونی جێگا ناتوانین کەلوپەل بەکۆ بکڕین، بۆیە گران لەسەرمان دەکەوێت”،  ئەو چاوی لەوەیە حکومەت یان کەرتی تایبەت هاوکاری بکات بۆئەوەی پەرە بە پرۆژەکەی بدات.

سەرەتای کاری سەربەخۆی “بوشرا” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، کاتێک لێفە و بەتانی و بالیف و دۆشەکی لە جوملەفرۆشانی ناو بازاڕ دەکڕێ و لە ماڵەوە دەیانیفرۆشتەوە، بەهۆیەوە لە ماوەی دوو ساڵدا توانی قەرزی ئەستۆی خێزانەکەی نەهێڵێت، بەڵام لەبەر قسە و قسەلۆکی خەڵکی دەستبەرداری بوو.

بوشرا هەر لە منداڵییەوە فێری پشت بەخۆبەستن کراوە، لە دایکییەوە فێری دەستڕەنگینی بووە، “دایکم دروومانی دەکردو سەبەتەی دروست دەکرد نەقشی دەکرد، منیش لە ماڵەوە پۆشاکم بە صوف و شیش دروست دەکرد، خوشک و براکانمی فێر کرد هەموو شتێک بەڕێوە ببەین، پێی دەگوتین مرۆڤ پێویستە دەست ڕەنگین بێت بۆئەوەی پێویستی بە دەستی نامەرد نەبێت”.

Loading Facebook Comments ...

اترك تعليقًا

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *