ئاسایشى خۆراک، پارێزەرى ئاسایشى نەتەوەیى ..بەشى یەکەم

0

بیلال سەعید، رۆژنامەنووسى ئابوورى

لەسەر ئاستى جیهان بۆ هەڵسەنگاندنى ئاسایشى ئابوورى، قەبارەى پابەندبوونى وڵاتان بە ئاسایشى خۆراک لە بەر چاو دەگیرێت، بۆیە دەکرێت بڵێین سەدەى 21، سەدەى پابەندبوونە بە ئاسایشى خۆراک، وڵاتان ڕاستە هەریەک لە بارودۆخێکى تایبەتى ئابوورین و ئاستى پێشکەوتنیان جیاوازە، بەڵام لەخاڵێکى دیاریکراو کەدابینکردنى خۆراکە هاوبەشن وکار بۆ دابینکردنى خۆراکى کوالێتى بەرز بەنرخێکى گونجاو دەکەن، بۆیە بەبەردەوامى ئاسایشى نەتەوەیى وڵاتان پەیوەست دەکرێت بە ئاسایشى خۆراک و دەکرێت بلێین ئاسایشى خۆراک، پارێزەرى ئاسایشى نەتەوەییە.
وە دەتوانین بڵێن ئاسایشی خۆراک بریتیە لە: دابینکردنی خۆراکی پێویست لەرووی چەندێتی و چۆنێتی بۆ سەرجەم دانیشتوان و لەسەرجەم بارودۆخەکان تەنانەت لەکاتی جەنگ و گەمارۆی ئابووری و ناسەقامگیری ڕامیارى ، ئەویش بە پشت بەستن بە دەرامەتە ناوخۆیەکان بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆ.
بەڵام ئایا لەکوردستان ئاسایشى خۆراک دابینکراوە؟ ئەگەر کراوە چۆنە؟ ئەگەر نەکراوە بۆچى نەکراوە و دەکرێت چۆن دەستپێبکرێت؟
سەبارەت بە هەبوونى ئاسایشى خۆراک لە کوردستان لیدوان و هەڵویستى جیاواز دەبیستین لە حکومەت و پسپۆرانى ئابوورى، بەڵام بە خوێندنەوەیەک بۆ ژمارەکان دەکرێت بڵین بەشێک لە ئاسایشى خۆراک لە کوردستان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک گرفت لەبەردەم دابینکردنى ئاسایشى خۆراک هەیە.
هەرچەند بەپێى وڵاتان ئاستى دابینکارى ئاسایشى خۆراک جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکى گشتى ئەو ناوچانەى تا ئێستا لەرووى ئاسایشى خۆراک نەیانتوانیوە سەرکەوتووبوون لەچەند خاڵێک هاوبەشن:
زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، لەزۆرێک لە وڵاتانى جیهان تاوەکو ئێستا کارى یەکخستنى هاتنە دونیاى مناڵ نەکراوە، بۆیە زۆرجار نەتوانراوە پلانى دابینکارى خۆراک وەک خۆى جێبەجێ بکرێت.
بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک: لەزۆرێک لەناوچەکانى جیهان بەهۆى سیستەمى بەرێوەبردنى سیاسى وزۆرجار ڕوودانى تەنگەژەى ئابوورى و سیاسى و ئەمنى و ژینگەیى، نرخى خۆراک و بەرهەمى رۆژانەى هاوڵاتیان گۆرانى بەسەرداهاتووەو و دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک.
کەش و هەوا و ژینگە: تێکچوونى کەش و هەوا و گۆرانى پلەکانى گەرما لەسەر زەوى، یەکێکى دیکە لەگرفتە بەردەوامەکانى زۆرێک لەوڵاتانە، کە ناتوانن پلانى دابینکارى ئاسایشى خۆراک وەک خۆى جێبەجى بکەن، کە لەئەنجامى تێکچوونى کەش و هەوا زۆرجار ئاستى بەرهەم لاواز دەبێت و ڕووبەڕووى کەمبوونەوە ى دەکات.
سەبارەت بەوەى ئایا ئاسایشى خۆراک لەکوردستان دابینکراوە یاخود نا؟ هەوڵدەدەین بەچەند شیکردنەوەیەکى جیاواز ئاستى بەرهەمە گرنگەکان لە ناوخۆى کوردستان شییبکەینەوە وەکو بەرهەمى (گەنم، جۆ، برنج، تەماتە، سەوزە، پەتاتە و چەند بەرهەمێکى دیکە)…ئەوکات ئێوە دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەى ئاسایشى خۆراک لەکوردستان بکەن.
بەڵام ئایا گرفتەکانى بەردەم دابینکارى ئاسایشى خۆراک لەکوردستان چییە:
کەمتەرخەمى حکومەت بەرامبەر کەرتى کشتوکاڵ بەئەندازەیەک لەساڵانى ڕابردوو تەنیا 1.2% کۆى گشتى بودجەى بۆ کەرتى کشتوکاڵ تەرخانکردووە، بۆ باشترکردنى ئاسایشى خۆراک پیویستە گۆرانکارى لەتێروانێنى حکومەت بۆ کەرتى کشتوکاڵ بێتە کایەوە.
زیادبوونى ژمارەى دانیشتوان بەبى پلان وەک چۆن لەسەر ئاستى جیهان مەترسى بەردەم ئاسایشى خۆراکە بەهەمان شێوە بۆ کوردستانیش بەهۆى نەبوونى پلانى زیادبوونى دانیشتوان دەکرێت بەیەکێک لەمەترسییەکان سەیر بکرێت.
بەکارنەهێنانى تەکنەلوژیا لەکەرتى کشتوکاڵ ونەبوونى پلانى پەرەپیدانى لەلایەن حکومەت و کەمتەرخەمى کەرتى تایبەت یەکێکى دیکەیە لەگرفتەکانى بەردەم کەرتى کشتوکاڵ و زیادبوونى خۆراکە.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!