Find anything you need on Yalla

ئەمجارەیان کێت کوشت؟

0

گوڵ هەنار سەعدی

تۆ پێت وایە کە تۆ کەست نەکوشتووە، وانیە؟ بەڵام من پێم وایە کە بەلای کەم من و تۆ کەسێکمان کوشتووە،  کاتی خۆی کە لە سەرەتایی بووم مامۆستایەکی کوردیمان هەبوو  زۆر جارئەم ڕستەیەی دووبارە دەکردەوە ” هەموومان لەیەک کەشتیداین” لەخوا بەزیاد بێ نە من ونەهیچ یەکێ لە قوتابییەکان لە مانای تەواوی ئەم ڕستەیە نەدەگەیشتین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کەتا ئێستاش زۆرینەمان بەتەواوی لەم ڕستەیە تێنەگەیشتووین.

لە پێنجی ئەم مانگە هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە کە کوڕێکی تەمەن ٣٥ ساڵان بەناوی ” هاوڕێ عومەر سوڵتان”  لەژوورەکەی خۆی خۆی کوشتووە، بەداخەوە ڕووداوەکانی خۆکوشتن ئێستا لە کوردستان زۆر ئاسایی بووە و دۆخی سیاسی و دارایی  هۆکاری سەرەکی بێ ئومێدبوونە لە ژیان، بۆیە لەوانەیە پێت وابێت کە خۆکوشتن لەم دۆخەدا شتێکی زۆر سەیرنەبێت و دەشکرێت بە مێشکت داهاتبێ کە لەوانەیە ئەوەی خۆی بکوژێت ئاشقێکی سەرشێت بووبێت یان گرفتێکی کۆمەڵایەتی هەبووبێ و دەیان هۆکاری تر کە وابکەن خۆکوشتنی گەنجێک ئاسایی بێت، بەڵام ئەی ئەگەر ئەم گەنجە پزیشکی ددان بێت ئەوکاتە چی؟

من دەزانم  ڕۆحی هەموومان گرنگە جا چ دکتۆربێ یان بۆیەچی، هەر هەموومان شایستەی ژیانین و خۆشەویستانێکمان هەن کە بەڕۆیشتنمان برینداردەبن و ئازار دەچێژن، بەڵام ڕاستتان دەوێت کاتێک من زانیم کە ئەو گەنجەی خۆی کوشتووە دکتۆرێکی سەڵتی ٣٥ ساڵانە هەندێک بەدوای هەواڵەکە گەڕام، یەکێ لەهاورێکانی “هاوڕێ” گوتوویەتی کە ئەو کەسێکی هێمن بووە، دەکرێت ئەم ڕستەیە شتێکی گرنگی تێدانەبێ بەڵام من زۆرم بیرکردەوە لەم وەسفە، بێگومان ئێمە هیچ شتی لەسەر ژیانی ئەم گەنجە نازانین و ئەمەش هەقی ئەوەمان پێنادات کە هەر لەشوێنی خۆمانەوە شییكردنەوەی بۆ بكەین، بەڵام کاتێک کە کەسێک خاوەن ئاستێکی بەرزی زانستی و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی باش بێت و لە ڕووکەشدا هیچ گرفتێکی وای نەبێت کەچی دەستی بچێتە گیانی خۆی، ئەوا خۆکوشتنی ئەو ئاماژەیەکی زۆر ترسناکی هەیە.

من پێم وایە تەنها ئەوانەی کە بییرلە خۆکوشتن دەکەنەوە و ئەوانەش کە هەوڵی کارێکی وایان داوە دەتوانن باس لەم حاڵەتە بکەن، چونکە ئەم حاڵەتە بەهۆی “خەمۆکی” یەکی زۆر قوڵەوە ڕوودەدات و وەکو ئاشکراشە زۆر کەم کەس دەتوانن لە کەسانی “خەمۆک”نزیک ببنەوە و لێیان تێبگەن.

لە فیلمێکی ئەڵمانی کە ناوی ” ژووری خۆکوشتن “ە کوڕێکی  ١٨ ساڵان کە پاڵەوانی فیلمەکەیە زۆر جار ئەم ڕستەیە دووبارە دەکاتەوە ” ئێمە لە جیهانێکی داخرواین کەچی برینەکانمان کراوەن” کە خۆی پێچەوانەکەی ڕاستە چونکە دەبێت جیهان بەڕووی ئێمە کراوەبێت و برینەکانمان چاک ببنەوە و دابخرێن.

من دڵنیام هەر کەسێک کە خۆی دەکوژێت جا هەر هۆکارێک و پاڵنەرێک لە پشتییەوە هەبێت ئەوا سەرەکیترین هۆکار هەستکردنی بووە بە بێهودەیی و تەنیاییەکی قوڵ،  ئەمە سەڕەرای ئەوەی کە هیچ شتێکی دەوروبەری یارمەتیدەری نییە بۆ هاتنە دەرەوە لە تەنیایی، چونکە ئێمە هەموومان خەریکی سناپکردن و لایك کردنین، بەڵام خۆزگە ئەو شتەی کە لایکی بۆ دەکرێت شتێکی باش بێت بەڵکو زۆرینەی پۆستەکان گاڵتەکردنە بەیەکتر، ئێوە ئاگاتان لێ نییە کە ئێمە چۆن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان خەریکین یەکتری دەکەینە گاڵتەجاڕ بە بەهانەی ئەوەی ” لێی گەڕێ موستەهەقە”. ئەم هەموو ڕابواردن و گاڵتەپێکردنە لەپای چی؟ لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە تا ئەم ساتەش کورد خەریکی دەستکاریکردن و شێواندنی فۆتۆی کچانە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان!

دەزانی ئەگەر تۆ وابەردەوام بیت وخۆت پێ مەریەمی پاکیزەبێت و خەریکی تانەدان  لەم و لەوبیت و هەستی ئەوانی تر بریندار بکەیت چ دڕەندەیەکت لێدرووست دەبێت؟ دەبیتە ئەو کەسەی کە ئەگەر خوانەخواستە هاوڕی نزیکەکەت یان کەسێکی نزیکی خانەوادەکەت تووشی خەمۆکی بێت و نزیکی ئەوەبێت کە خۆی بکوژێت، ئەوا تۆ هەر هەستیشی پێ ناکەیت! تەنانەت لەوانەیە زۆر بە دڵنیاییەوە بڵێیت کە ” هاوڕێکەت کەسێکی هێمن بووە و هیچ گرفتێکی نەبووە نازانیت بۆ خۆی کوشتووە”  دڵنیابە ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت ئەگەر تروسکاییەک هیوا هەبووبێت دەستی ناچێتە گیانی خۆی، ئەگەر هاورێیەکی هەبێت کە بەدڵ گوێی لێبگرێت و هەوڵبدات کە تێی بگات ماڵئاوایی ناکات لەهەموو شتێک، دەتوانیت تۆ ئەو هاوڕییە بیت، چونکە بێ ئەوەی پێی بزانیت تۆش لەتەنیشت هاورێکەتی  و لەناو هەمان کەشتی دایت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!