با پیاوێکمان لەگەڵ بێت!

0

گوڵ هەنار سەعدی

تۆ هەر لەسەرەتاوە بڕیاڕدەدەیت کێیت، هەر لەسەرتاوە خۆتیت کە دەڵێیت ” من پاشکۆم، من ژنم، من بێ توانام” زۆر دڵنیام کە ئێمە خۆمان ڕێرەوی ژیانمان هەڵدەبژێرین، هەرچەندە خەڵک و کۆمەڵگە و خێزان و بارودۆخیش جاروبار ڕێڕەوەکەمان پێ بگۆڕن بەڵام کەسی ڕاستەقینە رێگەی خۆی هەردەدۆزێتەوە.

لەبیرمە کە تەنها هەشت نۆ ساڵانێک بووم کاتێک دایکم سکی هەبوو، عەسرێکیان لەدەرگامان دراو و منیش چونکە منداڵی بچووکی ماڵەوە بووم وەکو هەر منداڵێکی تر دەبوو خێراو بەڕاکردن دەرگاکە بکەمەوە، وادیاربوو ژنێکی خزممان بوو، هەرچەندە ئەو  ژنە تەمەنی تەنها ٣٠ ساڵان یان کەمتریش بوو واتە ژنێکی زۆر بەتەمەن و قەدیمی نەبوو بەڵام هەر کە پێی خستە حەوشەكەمانەوە  گووتی ” ئەوە دایکت ئاوسە”؟

لەیادمە کە زۆر تووڕەبووم، و خۆشم نازانم کە چۆن ئەم قسانە لەدەمی منداڵێکی وەکو من دەرچوو، ناشزانم کە چۆن مێشکم هێلێکی سووری هێنا بەژێر ڕستەی ئەم ژنە،  بەتووڕەیەکی منداڵانەوە گوتم ”  خۆ دایکم ئاژەڵ نییە، ئەم قسەیە بۆ ئاژەڵ بەکاردێت،  دایکی من ئاوس نییە ئەو سکی هەیە سک”  خێرا ژنەکە شکاتی کرد لای دایکم بە بەهانەی ئەوەی کچەکەی توڕە و دەم هەراشە، بەڵام من هەر سووربووم کە ئەو قسەیە بۆ ئاژەڵ دەست دەدات و  بۆ مرۆڤ بەکارناێیت، من ئەم قسانەم  نە لە مەکتەب خوێندبوو و نەلەهیچ شوێنێکیش بیستبووم بەڵکو هەستێکی سادەی منداڵێک بوو کە دەیزانی مرۆڤ چ ژن بێت یان پیاو دەبێ ڕێزی بگیرێت.

هەر بە هەستی سادەی منداڵێکیش تێگەیشتم کە ژنەکان خۆیانن لەگەورەیی خۆیان کەم دەکەنەوە، هەر خۆشیانن کە وادەکەن پیاو مامەڵەی نەشیاویان بەرامبەر بکات، و ئیستاش ودوای ئەم هەموو ساڵەش هەر هەمان بڕوام هەیە.

چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا کە هەندێکیان مامۆستای زانکۆ بوون سەردانی شوێنێکمان کرد و لەرێگە پاسەکەمان شکاو ناچاربووین تا چەندین کاتژمێر چاوەڕوان بین، لەهەمووی سەیرتر قسەی یەکێ لەو خانمانە بوو کە مامۆستای زانکۆبوو، ئەو دەم نادەمێک پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە تەکسییەک بگرین وبچینە گەراج بەڵام بەو مەرجەی کە  پیاوێک لەگەڵمان بێت، ئەو تۆنەی ئەو خانمە زانکۆییە قسەی پێدەکرد هەمان تۆنی ئەو ژنەی وەبیرهێنامەوە کە دەستەواژەی ئاوسبوونی بۆ ژن و ئاژەڵی مێینە بەکاردەهێنا.

من هەوڵمدا تێی بگەیەنم کە سەرجەم ئەو تەکسییانەی لەم رێگەیە ئیش دەکەن تەکسی گەراجن کە پێیان دەگوترێ تەکسی خەت و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە و هیچ عەیبە و هەڵەیەکی تێدانییە گەر بەکاریان بهێنین، بەڵام ئەو ژنە مامۆستاکانی تریش سووربوون کە نابێ “ژن” بەتەنیا بچیتە گەراج، بۆ؟ نازانم!

ئەو کات هەستم کرد من هێشتا لەناو هەمان مەشهەدی ئەو ڕۆژەم کە ژنێک قسەیەکی نەشیاوی بەرامبەر دایکم بەکارهێنا، وەکو ئەوەی زەمەن وەستابێت و هیچ شتێک نەگۆرابێ، هەر بۆیەش دیسان دەم هەراش دەرکەوتم چونکە پێم وابوو ئەو رستەیەی ئەوان نیشانەی کەم متمانەیی و نەشایستە بوونیانە بۆ ئەو پێگەیەی وەریان گرتووە.

ئەم خانمانە ئەوەیان لەیادکردبوو کە ئەوان تەنها ژن نیین بەڵکو مامۆستای زانکۆن و متمانەکردنیان بە تواناکانیان وەکو مرۆڤ وئافرەت یەکێکە لە مەرجەکانی وانە گوتنەوەیان لەم شوێنە، کاتێک مامۆستایەکی زانکۆ ناتوانیت متمانە بەڕەگەزی خۆی بکات وپێی وابێ کە دەبێت “پیاو” لەهەموو هەنگاوەکانی ئەو بوونی هەبێ چونکە عەیبە ،و ئەو پێی ناکرێت  بەتەنیا خۆی لە بچووکترین لەمپەر بپەڕێنیتەوە کەوایە چۆن چارەسەری کێشە گەورەکان دەکات؟ ئەمە لەکاتێکدا یەکێ لەئەرکەکانی زانکۆ درووستکردنی گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگا.

من پێم وایە کە ئەوە بڕوانامە نییە کە دەتوانێت گۆڕانکاری درووست بکات، بەڵکو بەکارهێنانی چەند خانەیەکی کەمی مێشک و بڕێکی کەمیش متمانە بوونە بەڕەگەزی خۆت وەکو ژن، ئینسان پێویستی بە بڕوانامەکەیەکی زل نییە تا هەست بکات کە ژن مرۆڤە و دەبێت مامەڵەی مرۆڤانەی لەگەڵ بکرێت، چونکە منداڵێکی ٨ ساڵانیش درک بەوە دەکات کە “ژن” سکی دەبێت نەوەک “ئاوس”.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!