بۆچی خۆت بەكەسێکى تر بەراورد دەکەیت؟

0

گوڵ هەنار سەعدی

ئەگەر پێت بڵێم من و تۆ و زۆربەمان لە زیندان دەژین ئایا پێت وایە کە درۆ دەکەم؟ تکایە دوور مەڕۆ چونکە من باس لە قەیران و باری سیاسی و شەڕ و جەنگ و کۆمەڵگە ناکەم، بەڵکو باس لە زیندانێکی بێ دەرگا وشیش دەکەم ،زیندانێک کە لەمێشكی زۆربەمان دایە و هەناسەی لێ بڕیوین.

با من لە سادەترین شتەوە دەست پێبکەم، ئەوکاتەی کە دەچیتە بەردەم ئاوێنە و خۆت بەدڵ نییە جا لەبەر هەر هۆکارێک بێت! پێت وایە هۆی ئەمە چییە ؟ خۆ ئەگەر تۆی خوێنەریش کوڕبیت ئەوا ئەم مەسەلەی ئاوێنەیە بۆتۆ ناگونجێت، بەڵام ڕەنگە تۆ لە ئۆتۆمبێل یان مووچەکەت یان ستایلی ژیانت ڕازی نەبیت، لێرەدا ئەم ڕازی نەبوونە گرفتی ئێمە نییە بەڵکو هۆکاری ڕازی نەبوونەکەت گرفتەکەیە.

ئەگەر بچینەوە سەر مەسەلەی ئاوێنەکە ئەوا بۆت دەردەکەوێت ئەو کاتەی کچێک دەچێتە بەردەم ئاوێنە و خۆی بەدڵ نییە لەو كاتە جوانی خۆی بە جوانییەکی تر بەراورد دەکات، لەوانەیە جوانییەکەی خۆی بە جوانی یەکێک لە خوشکەکانی یان هاورێ کچەکانی یاخود یەکێ لە هونەرمەندەکان بەراورد بکات، بەهەمان شێوەش بۆ پیاوان سەبارەت بە مووچە و ئۆتۆمبێلەکەی ڕاستە.
لەوانەیە تا ئێستا تۆ هەستت بەمە نەکردبێت، بەڵام ئەم بەراوردکردنە تەنانەت لە باشترین حاڵەتیش کێشمەکێش درووست دەکات، ودەتخاتە ناو بازنەیەکی گەورە کە لە کۆتاییەکەی دەبێتە زیندانێەک بۆت ووات لێدەکات بەردەوام هەموو خەسڵەتەکانی خۆت بخەیتە ژێر باری بەراوردکردن بە خەسڵەتەکانی کەسێکی تر .

بێنە بەرچاوت ئەگەر تۆ کەسێک بیت و لە ماڵێکی دوور،وبەتەنیا لە یەکێ لە گوندە دوورە دەستەکان بژیت ئایا خۆت بە جوانترین ژنی دونیا وئازاترین پیاوی سەر زەوی دانانێیت؟ لەڕاستیدا ئەگەر واش نەبێت ئەوا خۆت بەراورد ناکەیت بەهیچ کەسێک،باشە ژیان بەم شێوەیە زۆرسادە وبێ کێشەتر نییە؟ كەوایە ئیتربۆچی بەم شێوەیە ناژیت؟ لەوانەیە کەسێک بڵێت ” بەڵام بەم شێویە کەس سەرناکەوێت چونکە پێشبڕكی نامێنێت” ئەمە ڕاستە و زۆریش باشە، چونکە کاتێک تۆ دەست لە پێشبڕکێ هەڵدەگریت ئەوا تۆ ئەو شتە دەکەیت کە خۆت حەزت لێیە وهۆکارێکی ڕاستەقینە لە پشتی پاڵنەرەکەت بوونی هەیە نەک هۆکارێکی تر.

کێ هەیە بەمنداڵی ئەم ڕستەیەی نەبیستبێت ” چاو لە خوشکەکت بکە بزانە چەند ئاقڵە” یان ” سەیری براکەت بکە چەند زیرەکە” ئەمە یەکەم ڕستەیە کە دەمانخاتە بەردەم حاڵەتی بەراوردکاری، چونکە دایکان و باوکان پێیان وایە بەم شێویە پاڵنەر درووست دەکەن بۆ منداڵەکانیان تاوەکو هەوڵبدەن باشتر بن، بەڵام ئەوان نازانن چ زیندانێکی گەورە بۆ منداڵەکانیان درووست دەکەن، من بۆیە دەڵیم زیندانی چونکە هەر لەو چرکەیەی تۆ خۆت بەراورد دەکەیت بە کەسێکی تر ئەوا زنجیرەی بەراورد کردنەکە تەواو نابێت چونکە کە ئەو کەسە نەما تۆ کەسێکی تر دەدۆزیتەوە کە تۆ پێت وایە لە تۆ زیرەکترە یان سەرنج ڕاکێشترە تا خۆتی پێ بەروارد بکەیت، وبەمەش زنجیرەکە تا هەتایە بەردەوام دەبێت وتۆ نە دەبیتە خۆت ، نە لەو کەسەش باشتر دەبیت چونکە هیچ کەسێک لەوی تر ناچێت .

بۆیە ئەگەر تۆش قوربانی ئەم ڕستانەیت ئەوا لە ئێستادا کە گەورە بوویت و توانات هەیە ئەم بابەتە بخوێنیتەوە، مانای وایە ئیتر دەتوانیت ئەم گرێیە بکەیتەوە و لەم زیندانە خۆت ڕزگاربکەیت بۆیە وردە ردە وەرە دەرەوە چونکە تۆ کەسێکی سەربەخۆیت و تەواوکەری هیچ کەسێک نیت، وپێویستیش ناکات لە هیچ کەسێ بچیت جگە لە خۆت.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە دەتوانیت سوود لە وتارێکی کریشنا مۆڕتی وەربگریت لە یوتیوب بەناوی Mediocre.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!