Find anything you need on Yalla

داخستنی سنوور، زیانی 6 ملیار دۆلار بە ئێران دەگەیەنێت

0

بیلال سەعید، رۆژنامەنووسى ئابوورى

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە هەناردەکارە سەرەکییەکانى کاڵای بازرگانی بۆ هەرێمی کوردستان، ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەرێگەى 4 دەروازەى نێودەوڵەتى و سێ دەروازەى نافەرمییەوە نزیکەى 6 ملیار دۆلارە.
لەدواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان، هەوڵەکانى عێراق بۆ دەستبەسەڕاگرتنى دەروازە سنورییەکان دەستى پێکردووە، بەروارى 2.10.2017 ئێران بەبیانوى مانۆرى سەربازِى دەروازە نێودەوڵەتییەکانى پەرویزخان و باشماخى داخستووە، بەڵام بەرپرسانى ئێران و هەرێمى کوردستان دڵنیاییان داوەتە هاوڵاتیان کەداخستنى دەروازەکە بەشێوەیەکى کاتییە.

بە ووتەى پسپۆرانى ئابوورى زیادبوونى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى تورکیا و هەرێمى کوردستان، مەترسى داخستنى دەروازە سنورییەکانى کوردستانى کاڵکردەوەتەوە، لەبەرئەوەى ئێران لە کۆى 8 دەروازەى نێودەوڵەتى لەگەڵ عێراق، 4 دەروازەى نێودەوڵەتى دەکەوێتە سنورى هەرێمى کوردستان جگە لەوەى 4 دەروازەى نافەرمیش لەسنورى کوردستان بوونى هەیە.
دەروازە نێودەوڵەتییەکانى کەدەکەوێتە چوارچێوەى سنورى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، هەریەک لەدەروازەى نێودەوڵەتى مونزریەیە لە سنورى خانەقین، حاجی ئۆمەران لە هەولێر، باشماخ لە پێنجوین، پەروێزخان لە سنورى ئیدارەى گەرمیان.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم، بە یەڵڵاى راگەیاند “لەماوەی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا بەڕێژەیەکی زۆر زیادیکردوە تەنها لەماوەی سێ مانگی رابردوو بە ڕێژەی %20 زیادی کردوە”.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 15 وڵات چڕبووەتەوە، ئەو 15 وڵاتەش بریتین لە تورکیا: بە رێژەی 37.280%، چین: بە رێژەی 15.372%، ئێران بە رێژەی 12.503% و کۆریای باشوور بە رێژەی 6.844%.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2016دا شەش ملیار دۆلاربوە و لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 3 ملیار دۆلارە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ 7 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە بەهای زیاتر لە 136 ملیار و 539 ملیۆن و 963 هەزار دۆلار کاڵای جۆراوجۆری لە 15 وڵات هاوردە کردووە، قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش لە ساڵی 2004 تاوەکوو 2013 بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە، بەجۆرێک لە 4 ملیار و 28 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 17 ملیار و 210 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی رابردوو بە بەهای 13 ملیار و 192 ملیۆن و 473 هەزار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.
کاروان ڕەحیم، پسپۆرى ئابوورى پییوایە، هەرچەند فشارەکانى ئێران لەسەر هەرێمى کوردستان زیاد بکات، ناکاتە ئەوەى کە دەست بۆ داخستنى دەروازە سنورییەکان ببات لەبەرئەوەى قەبارەى ئاڵۆگۆرى ئێران لەگەڵ هەرێمى کوردستان نزیکەى 8%ى کۆى ئاڵۆگۆرى بازرگانى ئێران لەگەڵ وڵاتانى جیهان پێکدەهێنێت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!