Find anything you need on Yalla

داهاتى نەوتى کەرکوک؛ خاڵى ناکۆکى نێوان لایەنەکان

0

بیلال سەعید، رۆژنامەنووسى ئابوورى

قۆناغى یەکەمى دەرهێنانی نەوت لە عێراق دەگەرێتەوە بۆ 90 ساڵ پێش ئێستا واتە لە 14.10.1927 یەکەم دڵۆپى نەوتى دەرهێنراوى عێراق لەکێڵگە نەوتییەکان کەرکوک دەستى پێکرد..
ئەم سەرچاوە سروشتییەى کەرکوک لە لایەن تەواوى رژیمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق وەک خاڵى جیاکەرەوەى کەرکوک لە پارێزگاکانى دێکە سەیرکراوە، جگە لەوەى زێڕى ڕەشى کەرکوک بەسەرچاوەى دابینکارى داهاتى گشتى وڵات سەیرکراوە..
پارێزگای کەرکووک لە کاتی ئێستادا خاوەن هەشت کێڵگەی نەوتییە، کە نزیکەی 13 ملیارد بەرمیلی یەدەگی تێدایە؛ کە ئەمە دەکاتە 15%ی یەدەگی نەوتی هەموو عێراق، هەروەها ئەگەر ئەم یەدەگە لەچوارچێوەى یەدەگى نەوتى کوردستان ئەژمارى بکەین، دەکاتە 22% یەدەگى نەوتى کوردستان.

ساڵى 2017 ساڵێکى ئاڵۆزى پرسی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک

لە ساڵى 2017 پرسى نەوتى کەرکوک لە ساڵانى ڕابردووى زیاتر باسکراوە، لەبەرئەوەى لەیەککاتدا خاڵى ناکۆکیی حکوومەتی هەرێم و حکومەتى عێراق و ئیدارەی کەرکوک و حکوومەتی عێراق بووە.
لە کۆى هەشت کێڵگەى نەوتى لە سنورى پارێزگاى کەرکوک، لە ئێستادا دوو کێڵگەى سەرەکى نەوت کە هەریەک لە باى حەسەن و ئاڤانایە، لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى دەکرێت، جەمبوور خەبازە لە لایەن کۆمپانیاى نەوتى باکوورى حکومەتى عێراقەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام نەوتى تەواوى کێڵگەکە لەرێگەى بۆرى نەوتى کوردستان- تورکیا ڕەوانەى بازارى جیهانى دەکرێت…
حکومەتى عێراق لە ساڵى 2017 بەناچارى و لەئەنجامى لەکارکەوتنى بۆرى نەوتى کەرکوک- جەیهان، ڕازیبوونى خۆى بە ڕەوانەکردنى نەوتى هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانى (جەمبوور و خەبازە) بەرێگاى بۆرى نەوتى کوردستان- تورکیا بە هاوبەشى دەڕبرى بە جۆرێک پەنجا بەپەنجا داهاتەکەى لەنێوان هەرێم و بەغدا بەشبکرێت…

پشکى عێراق و هەرێم لە نەوتى کەرکوک

بەسەیرکردنێکى بەرێوەبردن و دابەشکردنى داهات سەیرى نەوتى کەرکوک بکرێت، ئاستى بەرژەوەندییەکانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە نەوتى کەرکوک بوونى هەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەیرى قەبارەى بەرهەمى نەوتى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک بەجیا بکرێت، دەکرێت بڵێن نزیکەى لە 10% هەناردەى نەوتى عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام 50% نەوتى هەناردەکراوى هەرێمى کوردستان لە دوو کێڵگەى نەوتى کەرکوکە.
ئاستى بەرهەمهێنانى هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانى( باى حەسەن، ئاڤانا، جەمبوور، خەبازە) زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە، واتە ئەگەر بەهاى یەک بەرمیل نەوتى فرۆشراوى کەرکوک بە 50 دۆلار ئەژمار بکرێت، داهاتى رۆژانەى نەوتى فرۆشراوى کەرکوک دەکاتە 22ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.

بۆیە قەبارەى بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەکەرکوک بە ئەندازەیەکە ئەگەر لایەنە ناکۆکان بەتایبەت نەتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆوە ململانێکانی نێوانیان لەسەر بەرێوەبردنى نەوتی کەرکوک و فرۆشتنى واژۆ بکەن، ئەوا چاوەڕوان دەکرێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکە پەنا ببرێتە بەر بەکارهێنانی هێزی سەربازی، کە لەیەک کاتدا کۆى بارى ئەمنى و سیاسى و ئابوورى شارەکە ڕووبەرووى مەترسى دەبێتەوە..

رۆژنامەنووسى ئابوورى

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!