Find anything you need on Yalla

یوسف یان دایکی؟

0

گوڵ هەنار سەعدی

ماوەی چەند رۆژێکە هیچ کەس نەما وێنەی ئەم کوڕە بەستەزمانە دانەنێت و دایکی کوڕەش نەفرەت باران نەکات، شتێکی باشە کە ئێمە دژی هەڵە بوەستینەوە و بەرامبەر هەر کارێکی نامرۆڤانە دەنگمان هەڵبڕین، بەڵام ئەگەر ئەم کردارە بەشێوەیەکی هۆشمەندانە نەکرێت جگە لە هاش و هوش شتێکی تر نابێت.

نازانم بۆچی زۆربەمان تەنها یەک لایەنی شتەکان دەبینین؟ خۆ هەموو شتێک لە ژیان دوو ڕووی هەیە، سەرەوە و ژێرەوە، ناوەوە و دەرەوە ، ڕووکەش و قوڵایی بەڵام ئێمە سوورین تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکان بکەین، بەکوردییەکەی ئێمە گەلێکی حازر خۆرین و بەڕادەیەک نامانەوێت لەو کاتانەی لە مۆبایلەکانمان سەیری ئینستاگرام و فەیسبووک دەکەین و لەژێر لێفەین یان لەتەنیشت سۆپاین یەک تۆز بییر لە قوڵایی هیچ بابەتێک بکەینەوە، کەچی زۆر ئاسان ئەم و ئەو دەخەینە بەر تف و نەعلەت و تۆمەت و خیانەت بەم و بەو دەفرۆشینەوە، جا چ لەمە ئاسانتر هەیە؟

بێگومان من باسی ” یوسف” دەکەم  ئەو منداڵە نۆساڵانەی کە لە شاری هەولێر بەدەستی دایکی ئەشکەنجە دراوە، بێگومان هیچ کەس نەما نەڵێت جا ئەمە دایکە؟ ڕاستی من نازانم ئەمە دایکە یان نا، بەڵام دەزانم ئەم ژنە کێشەیەکی دەروونی گەورەی هەیە، بۆچی نامانەوێت چیرۆکی ئەم دایکە بزانین؟ ئەگەر من و تۆ چیرۆکی ئەم دایکەمان زانی و هەستمان کرد کە ژنێکە خۆی پێویستی بەیارمەتی هەیە و بەر لەهەموو شتێک خۆی قوربانییە، ئایا ئەم هاوسۆزی ومیهرەبانییەمان هیچ لە هاسۆزیمان بۆ یوسف کەم دەکاتەوە؟  بەڵام نا، ئێمە بۆ ئەوەی هەست بکەین دایک و باوک و کەسانی باشین پێویستە نەفرەت بکەین و بلێین ” بەڕاستی ئینسانیەت نەماوە، ئەمە کەی دایکە، دایکی وا هەر بۆ ئیعدام باشە، کەی دین ماوە….. هتد  

ئەم قسانە زۆر ئاسان و حازر بەدەستن هاورێ.

من بەر لەوەی لە ماڵپەڕەکان تەواوی هەواڵەکە بخوێنمەوە و بزانم ئەم دایکە بۆچی وایکردووە، نازانم بۆچی وێنەی “عەلی عەبدوڵا ساڵح” ی سەرۆکی یەمەنم کەوتەوە یاد، تۆ بڵێیت چ شتێک وادەکات کە قەزافی و عەبدوڵا ساڵح بەم شێوە نامرۆڤانەیە بکوژرێن؟ وەڵامەکەی لەژێر دەستی خۆمانە، توندوتیژی تەنها توندوتیژی لیدەکەوێتەوە، ئەگەر ئەم سەرکردانە مافی هاوڵاتییەکانی خۆیان بپاراستایە، وژیانێکی ئارام و بێ کێشەیان بۆ دابین بکردبانایە ، بێگومان بەم شێوە  دڕندانەیە نەدەکوژران، من پێم وابوو کە کێشەی ئەم ژنەش هەروایە، ئەگەر دایکێک دەستی بچێتە منداڵێکی بچووک و برسیی بکات و زیندانی بکات بێگومان دەبێت خۆی قوربانی بووبێت، دڵنیابن دەرونی ئەم مرۆڤە شێواوە و کەسێکی تەواو نییە، لەوانەیە بەدەستی باوکی یان برای یان مێردی یان هەر کەسێكی تر مامـەڵەیەکی زۆر ناتەندرووستی لەگەڵ کرابێت و ئەویش هەر ئەوە دەبەخشێت کەوەری گرتووە، بۆیە واباشترە لە هۆکارەکە وردبینەوە نەک لەدەرئەنجام و ئێوەش مەبنە بەشێک لەم شەپۆلی توندوتیژییە چونکە حوکم کردن و تاوانبارکردن و بەنەفرەت کردنی ئێوەش بەجۆرێک لەجۆرەکان بازنەی توندوتیژی فراوانتر دەکات، لەبری ئەمە سەیری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتان بکەن و، بزانن داخوا خۆشتان لەناو بازنەکە نین و ئاگاتان لێ نییە!

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!