Find anything you need on Yalla

کەرەم سنجاری وێنەگری فەلەکی وێنەی ئەستێرەکان دەگرێت پێش دیارنەمانیان

0

محەمەد عەبدوڵا – کەرکوک/ یەڵڵا

“ئەو ئەستێرانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، رەنگە بەیانی نەیانبینینەوە، ئەو روناکییانەی ئێستا دەیانبینین رەنگە هی هەزاران ساڵی تیشکی پێش ئێستابن و دەگات بە ئێمە” ئەمانە گوتەی کەرەم عەبدولرەزاقی تەمەن (٢٧ساڵە) کاتێک کامێراکەی لە تەلیسکۆبەکە دەبەست و ئاراستەی خۆری دەکرد بۆ گرتنی وێنە چەماوەکانی تیشکی خۆر”.

کەرەم باسی یەکەم کاری فۆتۆگرافی خۆی دەکات لە بواری فەلەکناسیدا کە بە رێکەوت لە ساڵی ٢٠١٣دا چووە نێو ئەو بوارەوە، کاتێک لە گەشتێکی وێنەگرتندابوو لەگەڵ یەکێتی وێنەگرانی عێراقیدا و وێنەی (رێگای شیری)گرت لە ئاسماندا و پاش بڵاوبوونەوەی وێنەکەی کاردانەوەی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا ، ئەمەش وایلێکرد شەیدای گەڕان و وێنەگرتنی ئەستێرەکان ببێت. هەروەها کەریم دوای گەڕان لەسەر ئەو بابەتە بۆی دەرکەوت کە وێنەگرانی عێراق زۆر گرنگی نادەن بەو بوارە، هەربۆیە دەستی بە گەڕان و لێکۆڵینەوە کرد لە بوارەکانی ئەستێرە و فەلەکناسیدا.

“لە سەرەتادا وامدەزانی کاری وێنەگرتنی فەلەک ئاسانە و دەتوانم لێنزی ١٠٠-٤٠٠مم  بەکاربهێنم بۆ وێنەگرتنی ئەستێرەکان، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە ناتوانیت بەم جۆرە کامێرایانە وێنەی لەم شێوەیە بگرێت و دەبێت فلتەری تایبەت بەکاربهێندرێت”.

کەرەم پێی وایە کە وێنەگرتنی ئەستێرەکا تێچونی زیترە لە وێنەگرتنی فۆتۆگرافی ئاسایی، چونکە ئەو ئامێرانەی بۆ ئەو بوارە بەکاردەهێندرێت لە عێراقدا نییە و دەبێت لە دەرەوەی وڵات بیهێنیت، هەروەها بازرگان و بزنسمانەکانیش هیچ گرنگییە نادەن بە هێنانی ئەم ئامێرانە بۆ ناوەوەی وڵات و لە کاتی هێنیشیاندا هیزە ئەمنییەکانی نێو فڕۆکەخانە ئاستەنگ دەخەنە سەر رێگایان.

“سێ جۆر تەلیسکۆب لە وێنەگرتنی  ئەستێرەکاندا بەکاردەهێندرێت، جۆری یەکەم (تیشکدانەوە) ئەمە ئەو جۆرەیەی کە من بەکاری دەهێنم، جۆری دووەمیش پێی دەگوترێت (کاسەر) کە هاوێنەکەی وەک هاوێنەی کامێرای فۆتۆگرافی ئاسایی وایە و کێشی زۆر قورسە و نرخیشی زۆر گرانە، جۆری سێهەمیش (هەجینە) کە لە هاوێنە و ئاوێنەدا لە هەردوو جۆرەکەی پێشوو دەچێت و بە وردبینی لە وێنەگرتن و بچوکی قەبارەکەی ناسراوە”.

بە پێی گوتەی کەرەم دوو جۆر کاری وێنەگرتن هەیە، وێنەی هەسارەکانی وەک مەریخ و زوحەل و موشتەری بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگیرێن و هەندێک جار بە یەک وێنە هەموو وردەکارییەکان روون دەبنەوە، بەڵام ئەستێرەکانی وەک (سەدەم) پێویستی بە گەڕان هەیە بە جۆرێک دەبێت تەلیسکۆبەکە بجوڵێنیت بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا بۆ گرتنی تیشک و روناکییەکان کە دەیداتەوە و پێویست دەکات لەو دۆخەشدا چەندین وێنە بگریت و لێکی بدەیت و لەسەر بەرنامەی تایبەت لە کۆمپیوتەر وێنەیەکی رون دەربهێنیت کە تەواوی وردەکارییەکانی تێدابێت.

کەرەم پێی وایە کە زۆر بە بەخت بووە کاتێک توانی وێنەی ئەستێرەی (لوفجۆی)ی بگرێت کە لە بەرواری ٣٠ کانونی دووەمی ساڵی رابردوودا بەتەنیشت زەویدا تێپەڕی، چونکە ئەم دیاردەیە ١٤٠٠ ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە.

لە ئێستاشدا کەرەم لەگەڵ هاوڕێکانیدا کار دەکات بۆ دامەزراندنی یانەیەکی تایبەت بە وێنەگرە فەلەکییەکان کە یەکەم یانە دەبێت لەسەر ئاستی عێراقدا، لە ئێستاشدا توانیویەتی هەندێک هاوکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ولە هەندێک وڵاتی دیکە وەربگرێت، و شوێنێکی تایبە بە چاودێری فەلەکی لە پارکی سامی عەبدول رەحمان دابینکرا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی جەنگی داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە پرۆژەکە دواخرا.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!